سوریا لە ململانێی جەمسەرەكاندا
2018-04-04 13:50:19
ئامادەكردنی: فازل حەمەرەفعەت
ئەمڕۆ رۆژێكی گەرم بوو بۆ كۆبونەوەو بڕیاردان لەسەر بارودۆخی سوریا، بەبێ خودی سوریا، لە واشنتن ترەمپ بڕیاری مانەوەی هێزەكانی لە سوریا درێژكردەوەو لە ئەنقەرەش پۆتن و روحانی و ئەردۆغان بڕیار لەسەر داهاتووی سوریا دەدەن.
بۆ تاووتوێكردنی پرسی سوریا و ناوچەكە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا و ڤلادیمیر پۆتن سەرۆكی روسیا و حەسەن رۆحانی سەرۆكی ئێران لە ئەنقەرە كۆبونەوە. دوای كۆبونەوەكەش هەرسێ سەرۆك كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیان سازكرد.
حەسەن رۆحانی سەرۆكی ئێران رایگەیاند" رووداوەكانی عەفرین سودبەخش نابن ئەگەر تێیدا رێز لە سەروەری خاكی سوریا نەگیرێت، دەبێت كۆنترۆڵی ئەو ناوچەیە رادەستی سوپای سوریا بكرێت".
بەڵام رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند" هەتا ئاساییش نەگەڕێنینەوە بۆ هەموو ئەو شوێنانەی كە لەژێر دەستی یەپەگەو پەیەدەدان ناوەستین لەسەرو هەموشیانەوە مەنبج"
ئەو سێ سەرۆكەی كە ئەمڕۆ لە ئەنكەرە كۆبونەوە هەرسێكیان رۆڵی سەرەكییان هەیە لە قەیران و شەڕی ناوخۆیی سوریادا، روسیا و ئێران پاڵپشتی لە رژێمەكەی بەشار ئەسەد دەكەن، توركیاش پشتیوانی ژمارەیەك لە گروپە چەكدارە بەناو ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریا دەكات، مۆسكۆ و تاران و ئەنكەرە لەماوەی رابردودا پاڵپشتی بەڕێوەچونی دانوستانی نێوان حكومەتی ئۆپۆزسیۆنی سوریایان كرد لە ئەستانەی پایتەختی كازاخستان، لەسەر بنەمای ئەو دانوستانانەش بڕیاریاندا لەسەر دروستكردنی چوار ناوچەی "ئارام" لە سوریا، بەڵام هەرسێ وڵات لەبارەی چارەنوسی بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریاوە ناكۆكن.
لە ساڵی 2011 وە بەهۆی شەڕی ناوخۆییەوە لە سوریا زیاتر لە 350 هەزار كەس كوژراون، بەبۆچونی چاودێران كۆبونەوەی هەرسێ سەرۆك لەم كاتەدا ئامانج لێی دیاریكردنی ناوچەی هەژمونە بەتایبەتی لە باكوری سوریا پاش ئەگەری كشانەوەی سوپای ئەمریكا.
چەند خولەكێك دوای تەواوبونی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی ئەردۆغان و پۆتن و رۆحانی، كۆشكی سپی ئەمریكا ناوەڕۆكی بِریارێكی نوێی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكای ئاشكراكرد كە تێیدا ترەمپ فەرمانیداوە بە درێژكردنەوەی ماوەی مانەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە ئەمریكا، كە پێشتر تەرمپ رایگەیاندبوو هێزەكانیان لە زوترین كاتدا لە سوریا دەكشێننەوە.
لە چوارچێوەی شەڕی دژ بە تیرۆردا ئەمریكا نزیكەی (2 هەزار) سەربازی خۆی لە سوریا بڵاوكردەوە، زۆرینەی ئەم سەربازانە بەهەماهەنگی لەگەڵ شەڕڤانانی كورد كاردەكەن.