داواكاری گشتی سعودییە: خاشقچی پارچە پارچە كراوە
2018-11-15 11:57:24
( درەو میدیا):
داواكاری گشتی سعودییە (5) كەس بەكوشتنو پارچەكردنی خاشقچی تۆمەتباردەكات، داواشدەكات لەسێدارە بدرێن.
داواكاری گشتی شانشینی عەرەبی سعودی، ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: تۆمەتی ئاڕاستەی (11)كەس كردووە لەكۆی ئەو (21) كەسەی لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ كراوە، لە دۆسیەی كوژرانی هاوڵاتی " جەمال خاشقچی"و "فەرماندەی تیمی گێڕانەوەی خاشقچی فەرمانی كوشتنی داوە".
داواكاری گشتی سعودییە دەشڵێت: دوای دروستبونی شەڕو، بێهوشكردنی لەڕێی دەرزیو گیان لە دەستدانی، لاشەكەیان پارچە پارچە كردووەو بردویانەتە دەرەوەی كۆنوسوڵخانەكە.
ئاشكراشیكردووە: بە فەرمانی جێگری پێشوی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری سعودییە تیمێك پێكهاتووە بۆ گێڕانەوەی (خاشقچی)و، ڕاوێژكارێكی پێشو بەشداریكردووە لە ئامادەكاری بۆ پرۆسەی گێڕانەوەی ناوبراو.
لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا داواكاری گشتی وتی: داوای لەسێدارەدانی (5) كەس لەو تۆمەتبارانەیان كردووە كە فەرمانیان داوە و بەشداری پرۆسەی كوشتنی (خاشقی) یان كردووە.
ڕۆژی (2) مانگی تشرینی یەكەمی ڕابردو، نوسەرو ڕۆژنامەنوسی سعودی (جەمال خاشقچی) دوای چونی بۆ كۆنسوڵخانەی وڵاتەكەی لە (ئەستەنبوڵ) بە مەبەستی ڕاپەڕاندنی مامەڵەی هاوسەرگیری، لەو ساتەوە دیارنەماو سەرەتا دەسەڵاتدارانی سعودییە نكوڵییان لە دیارنەمانی كرد.
دوای چڕكردنەوەی فشارەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لە ڕۆژی (20) ئەو مانگە سعودییە دانینا بە "مردنی" خاشقچی لەناو كونسوڵخانەی وڵاتەكەیو، هۆكارەكەی بۆ دروستبونی شەڕ گێرایەوە لەنێوان ناوبراو و تیمی كونسوڵخانەكە، ئەمڕۆش داواكاری گشتی سعودییە كۆمەڵێك زانیاری نوێی ئاشكراكردو، بەشێك لەتۆمەتبارەكانی دەستنیشانكرد، بەوپێیەی زۆرێك لەناوەندە نێودەوڵەتیەكان لەو بڕوایەدان كە (خاشقچی) بە فەرمانی ڕاستەوخۆی (محمەد بن سەلمان) شازادەی جێنشینی ئەو وڵاتە كوژراوە.
خاشقچی لەساڵی 2017داو لەترسی دەستگیركردنی، وڵاتەكەی بەجێهێشت و ڕویكردە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و لەچەند بۆنەیەكی جیاوازدا ڕەخنەی لەدەسەڵاتدارانی وڵاتەكەی گرتووە بە تایبەت لە پرسەكانی پەیوەیست بەئازادی ڕادەربڕین و دەستگیركردنی چالاكانی مەدەنی .