Draw Media

ئێران "پادشای لیرە"ی لەسێدارەدا

ئێران "پادشای لیرە"ی لەسێدارەدا

2018-11-14 14:10:17


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
بەیانی ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی ئێران حوكمی لەسێدارەدانیان بەسەر (وەحید مەزڵومین) ناسراو بە "پادشای لیرە"‌و (محەمەد ئیسماعیل)دا جێبەجێ كرد.
بەپێی بریاڕی دادگای تارانی پایتەخت، ئەو دوو كەسە بە "بڵاوكردنەوەی گەندەڵی لەسەر زەوی" تۆمەتباركراون، ئەوەش لەڕێگەی دروستكردنی تۆڕێكی گەندەڵی‌و  كێشە لە سیستمی ئابوری‌و دارایی‌و دراوی ئێران‌و مامەڵەكردنی نایاسایی‌و رێگەپێنەدراو و قاچاخچێتی مادە‌و پارە‌و زێڕ.
ناوەڕاستی مانگی تەموزی ئەمساڵ كاتێك بەرپرسی پۆلیسی تاران دەستگیركردنی كەسێكی بە (2 تەن) لیرەی زێڕەوە لە پایتەخت راگەیاند‌و ئەو كەسەی بە "پادشای لیرە" ناساند، (وەحیدی مەزڵومین) كەسێكی ناسراو نەبوو لەلای ئێرانییەكان.
پۆلیسی تاران ئەوكات وتی:" ئەو كەسە فەرمانیداوە بە هەموو هاوكارەكانی بەبێ لەبەرچاوگرتنی نرخی لیرە، لیرە لە بازاڕدا بكڕن، تاوەكو لە رۆژانی داهاتوودا خۆی نرخ لەسەر لیرە دابنێت".
دواتر باسلەوەكرا، ئاغای مەزلومین (2 تەن) لیرەی نەكڕیوە، بەڵكو "ئەو لەگەڵ كوڕەكەیدا بەبەهای زیاتر لە 2 تەن لیرە كڕین‌و فرۆشتیان كردووە".
لەم دۆسیەیەدا "پادشای لیرە" بەتەنیا نەبووە، مانگی ئەیلولی رابردوو دەسەڵاتی دادوەری ئێران رایگەیاند، 18 كەس لەسەر ئەم كەیسە تۆمەتبارن.

وەحید مەزڵومین‌و محەمەد ئیسماعیل چەند ساتێك پێش لەسێدارەدانیان


وەحید مەزڵومین كێیە ؟
سەرەتای تەموزی رابردوو بەهای لیرەی زێڕ لە ئێران (ملیۆنێك‌و 200 هەزار) تمەن بوو، لەگەڵ بەرزبونەوەی نرخی دراو، نرخی لیرەش بەرزبونەوەی بەخۆوەبینی.
هەر لەو مانگەدا هاوكات لەگەڵ راگەیاندنی هەواڵی دەستگیركردنی وەحید مەزڵومین، بەهای لیرە گەیشتە سەرو (3 ملیۆن) تمەن، بەرپرسانی دەسەڵاتی دادوەری لە ئێران باوەڕیانوایە ئاغای مەزڵومین‌و هاوبەشەكانی بە كۆكردنەوەی لیرە لەناو بازاڕدا، بونەتەهۆی بەرزكردنەوەی نرخ‌و كەمكردنەوەی ئاستی خستەڕووی زێڕ لە بازاڕدا.
ئاغای مەزڵومین تەمەنی (56) ساڵە، بەقسەی ئەو كەسانەی كە لە نزیكەوە دەیناسن، ماوەی زیاتر لە 30 ساڵ بووە لە بازاڕی دراو و زێڕدا كاریكردووە، ئاژانسی هەواڵی (میزان) كە ئاژانسێكی ئێرانییە، ئەوكاتەی مەزڵومین لە زیندان بوو، بەدواداچونێكی لەسەر كردبوو، ئەو بە رۆژنامەنوسەكەی ئاژانسی (میزان)ی وتبوو" من ناو و ناوبانگێكم هەیە كە لەناو چینی خۆم كەسێك نییە نەمناسێت".
ئاغای مەزلومین وتویەتی:" ئەگەر جارێكی تر چانسی گەڕانەوەم هەبێت بۆ بازاڕ كە نیمە، دووبارە هەمان كار دەكەمەوە".
دوكاندارەكانی بازاڕی (وەنەك) لە تاران، ئاغای مەزڵومین بە "ئاغا وەحید" ناودەهێنن.
رۆژنامەی (شرق) بەمدواییە راپۆرتێكی لەسەر ئەو بازاڕە بڵاوكردەوە كە نوسینگەكەی ئاغای مەزڵومینی تێدایە، بەپێی قسەی شایەتحاڵەكان، ئەو هەر لەو دوكانەدا دەستگیركراوە.
یەكێك لە دوكاندارەكان بە رۆژنامەكەی وتووە:" ئاغا بلیمەت بوو، نانی بلیمەتی خۆی دەخوارد، تازە دەركەوتوو نەبوو، 40 ساڵ بوو كاری دەكرد، چەند ساڵ پێشتر هاتن‌و ئەویان برد، ماوەیەك هەواڵی نەبوو، دواتر جارێكی تر گەڕایەوە سەر كار، ئیشاڵا ئەمجارەش بگەڕێتەوە، هەرگیز ئەو قسانە لەسەر ئاغا ناچەسپێت".
لەسەر ئەو بنەمایە، لە بازاڕی (سەبزە میدان) هەندێك كەس دەڵێن، دوای دەستگیركردنەكەی لە چەند ساڵی پێشتردا، ئاغای مەزڵومین دەستی لە كاركردن لە بازاڕی دراو هەڵگرتووە‌و هەموو كارەكانی خۆی بۆ بازاڕی زێڕ گواستوەتەوە.
مەبەستی ئەو كەسانە لە دەستگیركردنی ساڵانی پێشتر، پێدەچێت ساڵانی 2012- 2013 بێت، واتە ئەو كاتانەی كە بە تۆمەتی "دروستكردنی كێشە لە سیستمی ئابوری ئێران" لە بازاڕی دراودا بۆ ماوەی (7) مانگ دەستگیركرابوو.
بەپێی راگەیەندراوی دەسەڵاتی دادوەری ئێران، حەمید مەزڵومین‌و كوڕەكەی (محەمەدرەزا مەزڵومین) لەو سەردەمەدا دەستگیركراون‌و حوكمدراون، بەڵام بانكی ناوەندی بە دادگای وتووە كە "كاری ئەو كەسانە بە هەماهەنگی بووە".
ئەوكات بانكی ناوەندی وتویەتی:" ئێمە ئەو دۆلارانەمان خستووەتە بەردەستیان". لە كۆتایدا ئاغای مەزڵومین‌و كوڕەكەی ئازادكران‌و دادگاش رایگەیاند" ئەو كەسانە تاوانی لەوجۆرەیان نەكردووە".
ئاژانسی هەواڵی (ئیرنا)، ماوەیەك لەمەوپێش بەبڵاوكردنەوەی ڤیدیۆیەك رایگەیاند، مەحمود بەهمەنی سەرۆكی ئەوكاتی بانكی ناوەندی لەسەردەمی دەوڵەتی مەحمود ئەحمەدی نەژاددا شەفاعەتی كردووە بۆ ئازادكردنی "سوڵتانی لیرە".
تێكدانی بازاڕی دراو و لیرە تۆمەتێكی ترە كە ساڵی 1992 ئاڕاستەی ئاغای مەزڵومین كراوە، هەندێك لەوانەی كە لە بازاڕدا كاردەكەن دەڵێن ئاغای مەزڵومین زانیاری پێشوەختەی هەبووە لەناو بازنەی بڕیاردا لە ئێران، ئەمە وایكردووە لە كەسانی تر زیاتر دەستی بە رەشنوسی ئەو رێنماییانە بگات كە بڵاونەكراونەتەوە. 
بەوتەی مورتەزا تورك جێگری داواكاری گشتی تاران، وەحید مەزڵومین لەمانگی تشرینی یەكەمی 2012دا ویستویەتی بەشێوەیەكی "نایاسایی" لە مەرزی مەریوانی رۆژهەڵاتی كوردستانەوە لە ئێران هەڵبێت، واتە بێتە هەرێمی كوردستان، بەڵام لەلایەن وەزارەتی ئیتڵاعاتەوە دەستگیركراوە.

وەحید مەزڵومین لەگەڵ ژمارەیەك لە تۆمەتبارانی تری كەیسەكەی


حوكمی لەسێدارەدان
تۆمەتی ئاغای مەزڵومین " افساد فی الارض "ە لەڕێگەی تێكدانی سیستمی ئابورییەوە.
لەم مانگانەی كۆتایدا بەر لە داڕمانی نرخ، نرخی دراو و زێڕ لە ئێران بەرزبووەوە تا ئاستێك بەهای دۆلاری ئەمریكی گەیشتە سەرو (19 هەزار) تمەن‌و بەهای لیرەش گەیشتە زیاتر لە (5 ملیۆن) تەمەن، دواتر لەڕێگەی دەستوەردانی دەوڵەتەوە كەمێك نرخەكە دابەزێندرا.
لەگەڵ بەرزبونەوەی نرخدا، ئایەتوڵا عەلی خامنەیی رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی مۆڵەتیدا بە دەستگیركردنی تۆمەتبارانی تاوانە ئابورییەكان.
بەپێی قسەی دەسەڵاتدارانی دەسەڵاتی دادوەری ئێران، بەهای ئاڵوگۆڕی دارایی ئاغای مەزڵومین‌و هاوبەشەكانی گەیشتوەتە (14) ملیار تمەن.
ئاژانسی هەواڵی (میزان)ی سەربە دەسەڵاتی دادوەری ئێران رایگەیاند" لە تۆڕەكەی وەحید مەزڵومیندا 170 هەزار مامەڵەی دارایی لەڕێگەی 219 ئەژمارەوە ئەنجامدراوە".


ئاغای مەزڵومین بەوەی تۆمەتباركراوە لەڕێگەی "بوونی زانیاری لەناو ناوەندی بڕیاربەدەستی ئێران" نرخی دراو و لیرەی بەئارەزووی خۆی بەرەو سەر یاخود بەرەو خوار بردووە، بەمەش سیستمی ئابوری ئێرانی دوچاری كێشە كردووە.
ساڵی 1999 بانكی ناوەندی ئێران لیستی ناوی ژمارەیەك كەسی بڵاوكردەوە كە لە بازاڕی دراو و لیرەدا كێشەیان دروستكردووە، وەحید مەزڵومین ناوی لەو لیستەدا بوو، دواتر كوڕەكەی ئاغای مەزڵومین (محەمەدرەزا) بەفەرمانی دادگا دەستگیركرا.
دەسەڵاتی دادوەری دەیوت، كوڕەكەی ئاغای مەزڵومین ئەندامی "تۆڕێكی رێكخراوی قاچاخی دراو بووە‌و بە رێنمایی باوكی‌و كەسێك بە ناوی شاهین سیمرغ كاری قاچاخچێتی كردووە".
بەپێی قسەی دەسەڵاتی دادوەری ئێران" ئاغای مەزڵومین‌و هاوبەشەكانی "بەشێوەیەكی ئاگایانە‌و بەلەبەرچاوگرتنی درخی ئابوری وڵات ئەو گروپەیان دروستكردووە‌و ئەنقەست كاریان كردووە بۆ تێكدانی سیستمی ئابوری ئێران لەرێگەی قاچاخچێتی لیرە‌و دراوەوە".
سەرچاوە: بی بی سی فارسی

​​​​​​​

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand