Draw Media

نەخشەی سیاسی چوار ساڵی داهاتووی هەرێم چۆن دەبێت؟

نەخشەی سیاسی چوار ساڵی داهاتووی هەرێم چۆن دەبێت؟

2018-11-13 18:05:44


راپۆرتی: ئارام مەحمود – محەمەد رەئوف  
لە دوای ڕۆیشتنی حزبی شیوعی كوردستان بە ئاڕاستەی "ئۆپۆزسیۆن" بوون، ژمارەی ئەو هێزانەی تائێستا "ئۆپۆزسیۆن" بوونی خۆیان ڕاگەیاندووە لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان  گەیشتە (3) هێز.
•    (یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان) وەك یەكەم هێز لە ڕۆژی (22) تشرینی یەكەمی ڕابردودا، ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆی ڕاگەیاند.
•     بەدوایدا (جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌) كە بۆ یەكەمجارە بەشداری پەرلەمانی كوردستان دەكات‌و، پێشتر بڕیاریدابوو بایكۆت بكات و نەچێتە پەرلەمان، لەكۆتا ڕۆژی تشرینی یەكەمی ئەو مانگەدا، بڕیاریدا وەك "ئۆپۆزسیۆنێكی چالاك" بەشداری خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بكات. 
ئەوەی تا ئێستا لە نەخشەی سیاسی هەرێمی كوردستان بۆ چوار ساڵی داهاتوو ڕونبۆتەوە بەمشێوەیە:
ئەو هێزانەی بڕیاریانداوە ببنە ئۆپۆزسیۆن لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان:
•    جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ (8) كورسی.
•    یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (5) كورسی.
•    حزبی شیوعی كوردستان (1) كورسی.
ئەو هێزانەی تا ئێستا خۆیان یەكلانەكردۆتەوە:
•    بزوتنەوەی گۆڕان (12) كورسی.
•    كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان (7) كورسی.
•    حزبی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان (1) كورسی.
ئەو هێزانەی یەكلابونەتەوە بۆ پێكهێنانی حكومەت:
•    پارتی دیموكراتی كوردستان (45) كورسی.
•    یەكێتی نیشتمانی كوردستان (21) كورسی.

ئەو هێزانەی تا ئێستا خۆیان یەكلاكردۆتەوە  ببنە "ئۆپۆزسیۆن" ژمارەی كورسییەكانیان لەخولی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان (14) كورسییە، كە لە كۆی (111) كورسی پەرلەمان (12،6)ی كورسییەكان پێكدێنێت.

بەرژەوەندی‌و تێڕوانینی جیاواز بەربەستە
لەگەڵ ئەوەی ئەم نەخشەیە قابیلی "گۆڕانكاریی و مانەوەیە" وەكو خۆی بەهەردوو بارەكەیدا، كە یەكێكیان، بەهێزبون و فرانبونی بەرەی "ئۆپۆزسیۆن"ە، بە ڕۆیشتنە پاڵی (بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی)، كە هەموویان پێكەوە كورسییەكانیان دەگاتە (33) كورسی، یان چونە پاڵی یەكێك لەو دوو هێزە كە دیسان گۆڕانكاری لەتەرازوی هێزەكە دەكات لەبەرژوەندی "ئۆپۆزسیۆن"، هەرچەندە ڕوون نیە ئەگەر هەموو ئەم هێزانەش "ئۆپۆزسیۆن"بوون هەڵبژێرن "بەرەیەكی هاوبەش" لەناوەوە و دەرەوەی پەرلەمان پێكدێنن بۆ وەستانەوە بەڕووی (پارتی دموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان) یان نا؟ بەوپێیەی كۆمەڵێك "تێڕوانین‌و بەرژوەندی جیاوازن"‌و پێشتریش بەشێك لەم هێزانە پێكهێنانی فراكسیۆنێكی هاوبەشیان لە(بەغداد) ڕاگەیاند، كە تەنها یەك كۆبونەوەیان كرد ئەویش كاتی ڕاگەیەیاندنی پێكهێنانی فراكسیۆنەكە بوو، دوای ئەوە دەنگیان نەما.
ئەوی دیكەشیان، ڕۆیشتنی (گۆڕان‌و كۆمەڵ)ە پێكەوە، یان یەكێكیان بە ئاراستەی بەشداریكردن لەحكومەت، كە ئەمەیان یەكسانە بە بەهێزكردنی بەرەی دەسەڵات لەسەر حسابی لاواز بوونی "ئۆپۆزسیۆن".

بەشداریكردن زیانی پێگەیاندن
(بزوتنەوەی گۆڕان‌و یەكگرتووی ئیسلامی‌و كۆمەڵی ئیسلامی) كە لەخولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان لە 2009 دا "ئۆپۆزسیۆن"ێكی بەهێز‌و كاریگەربوون‌و پێكەوە (35) كورسییان هەبوو.
•    بزوتنەوەی گۆڕان (25) كورسی هەبوو.
•     یەكگرتووی ئیسلامی (6) كورسی هەبوو.
•     كۆمەڵی ئیسلامی (4) كورسی هەبوو.
بۆ خولی چوارملە 2013 دا ژمارەی كورسییەكانیان گەیاندە (40) كورسی
•    بزوتنەوەی گۆڕان (24) كورسی.
•     یەكگرتووی ئیسلامی (10) كورسی.
•     كۆمەڵی ئیسلامی (6) كورسی.

بەڵام ئەمجارە لە بری "ئۆپۆزسیۆن" بەشداری حكومەتی "بنەكە فراوان"یان لەگەڵ " (پارتی و یەكێتی) هەڵبژارد‌و، ئاكامەكەشی بە سەرهەڵدانی قەیرانێكی حوكمڕانی‌و سیاسی گەورە لە هەرێمی كوردستان دەستیپێكرد‌و، بەداخستنی پەرلەمانی كوردستان‌و دورخستنەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لەحكومەت‌و، كشانەوەی (یەكگرتوو و كۆمەڵ) لەدواین ڕۆژەكانی تەمەنی كابینەی (8) كۆتاییهات.

دەنگدارانیش سزایان دان
لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیشدا لە 30ی ئەیلولی 2018 ، دەنگ و كورسی ئەو هێزانە بەڕێژەیەكی بەرچاو دابەزی، بە جۆرێك ژمارەی كورسییەكانیان لە(40) كورسییەوە بوو بە (24) كورسی، كە (بزوتنەوەی گۆڕان و یەكگرتوی ئیسلامی) زەرەرمەندی یەكەمبوون‌و، نیوەی كورسیەكانیان لەدەستدا، وێڕایی ئەوەی  بەچوونە حكومەتی ئەو هێزانە "ئۆپۆزسیۆن"یش، ئەو (ڕەونەق و بەریق و متمانەیەی) جارانی نەما‌و، كەوتە بەر نەشتەری ڕەخنە.

سەردەمی زێڕین ئۆپۆزسیۆن بوو    
خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان، كە بە هەموو پێودانیگَیك خولی "ئۆپۆزسیۆن" و "سەردەمی زێڕین"ی حزبەكانی بوو (بزوتنەوەی گۆڕان، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان)، كە پێكەوە خاوەنی (35)كورسی پەرلەمان بوون، توانیان فشارێكی گەورە لەسەر هەردوو پارتی دەسەڵاتدار لەهەرێمی كوردستان ( یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان)دروستبكەن‌و، ناچاریان بكەن لەلایەك بایەخ بە جێبەجێكردنی پڕۆژە خزمەتگوزراییەكان‌و ئەنجامدانی ڕیفۆرم‌و چاكسازی ئەگەر بەشێوەیەكی شكڵیش بێت لەحكومەتدا بدەن‌و، لەلایەكی تریش بایەخ بۆ "دەنگ‌و ئیرادەی" خەڵك دابنێن‌و حساب بۆ داخوازی‌و گلەیی و گازندەكانیان بكەن.

ناچاری‌و ئیبتیزاز
لەگەڵ گرنگی ئامادەیی "ئۆپۆزسیۆن" بۆ بەزیندوێتی هێشتنەوەی پرۆسەی سیاسی و بوونی دەنگی جیاواز‌و، چالاككردنی ڕۆڵی ڕاستەقینەی پەرلەمان، چی  لەڕووی "چاودێریكردن"ی كارەكانی حكومەت‌و، هەم لەڕووی "لێپیچینەوە" لەلادان‌و كەموكوڕییەكان، پرسیاری ژمارە یەك ئەوەیە، چی شتێك (بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی) وەكو دوو هێزی كاریگەر لەگۆڕپانی سیاسی هەرێمی كوردستان ناچار دەكات، لە بری گەڕانەوە بۆ "ئۆپۆزسیۆن" بوون، بەرەو بەشداریكردن لە حكومەتێك هەنگاوبنێن كە:  
1-    پێشتر تاقییانكردۆتەو، بە ناچاری بێت یان خواستی خۆیان، نەیانتوانیوە بەردەوامبن‌و "بەدەستی بەتاڵ" هاتونەتە دەرەوە لێی. 
2-     ئەگەر بەشداری پێشتریان لە حكومەت،  جگە لە دورخستنەوە‌و پەراوێخستن، سزادانی دەنگدەران‌و ڕەخنە‌و عەیبداری بەدوای خۆیدا هێنابێت، دەبێت سیحری سەر لە نوێ‌ تاقیكردنەوەی لەچیدا بێت؟ بە تایبەت كە هیچ گەرەنتییەكی سیاسی دووبارە نەبوونەوەی نیە.
3-    لەڕابردودا ئەم هێزانە بەو پێگەو كاریگەرییەی هەیانبوو نەیانتوانی بەرنامەو تێڕوانیەكانیان بكەنە بەشێك لە كارنامەی حكومەت‌و لەكارەكانی ڕەنگبداتەوە، ئێستا بەپێگەیەكی لاوازتر‌و، لەحكومەتێكی مەرجداردا، چییان پێ دەكرێت؟.
4-    پارتی‌و یەكێتی وەك ڕێكاری یاسایی‌و سیاسی هیچ پێوستییەكیان بەم هێزانە نیە بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت، وەك بەرپرسێكی پارتی دەڵێت"چ ئیشمان پێیان هەیە"، كەواتە ئامادەییان لە حكومەت چی بایەخێكی هەیە؟.
5-    هێزێك بە مەرجی "بێدەنگ‌و سەنگی" بەشداری حكومەتی پێبكرێت‌و بەڵێنامەی پێبڕبكرێتەوە،وەك عارف تەیفۆر دەڵێت: ئەو هێزانەی دێنە حكومەتەوە دەبێت بەڵێن بدەن تاكۆتایی كابینە لەگەڵمان بن" ئەكرێت چاوەڕوانی دەستكەوتی گەورەی لێبكرێت؟.

رەنگە بەشێك لە هۆكاری بەشداریكردنیان بۆ چەند حاڵێك بگەڕێتەوە لەوانە:.
1-    چاوەروان دەكرێت چوار ساڵی داهاتوو دۆخی ئابوری و سیاسی هەرێم باشتر بێت و ئەمەش سیحری ئۆپۆزسیۆن بوون بەتاڵبكاتەوەو ئەمانیش بیانەوێت بەشداربن لە حكومەتێكی پارەدار و ئیستقرار.
2-    بەبەشدارینەكردنیان لە حكومەت ترسی پەراوێزخستن و بچوكبونەوەیان هەیە بەوەی هاوڵاتیان بەدوای ئیستقراری سیاسی و ئابوریدا دەگەڕێن كە رەنگە بە هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوتی موچەو ئەنجامدانی پرۆژەی خزمەتگوزاری, سیحری نارەزایی و دەنگهەڵبڕینی ئۆپۆزسیۆن بەتاڵبكەنەوە
3-    بەشداریكردنیان لە حكومەت و بەدەستهێنانی چەند پۆستێك و دامەزراندنی چەند كەسێك ئەتوانن دڵی چەند كەس و كادر و لایەنگرێكیان رازی بكەن.

 
ئامانج لە مەرجداركردنی حكومەت چییە؟
بەشێك لە ئاگایانی دۆخی هەرێم پێیانوایە، دانانی "مەرج" لەلایەن (پارتی)یەوە، بۆ لایەنەكان تا بەشدارییان پێبكات لە كابینەی داهاتوو، لە بنەمادا بۆ "ئیبتزاز" كردنیان‌و بەشدارینەكردنیانە لە حكومەت، یان "بێمنەت"كردنی ئەو هێزانەشە كە خواستیان هەیە بۆ بەشداری، بەوەش دوو ئامانج دەپێكێت:
•    هەندێك هێز ناچار بكات بەرەو "ئۆپۆزسیۆن" بڕۆن، چونكە پارتی ئامادەنیە ئەزمونی "حكومەتی بنكە فراوان" دووبارە بكاتەوە.
•    (پارتی) زامنی كۆمەڵێك هێزی "گوێڕاڵ" دەكات لەكابینەی داهاتوو، كە پێشتر بەمەرجەكانی ڕازیبون‌و، ناتوانن هیچ "كێشەو سەرئێشە"یەكی بۆ دروستبكەن، چونكە "كەس زۆری لێنەكردوون"‌و بە بەرچاوی خەڵكی كوردستانەوە بە"مەرج" بەشدارییان پێكراوە.  
      
 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand