Draw Media

پارتی لیستێك مەرجی بۆ لایەنەكان هەیە 

پارتی لیستێك مەرجی بۆ لایەنەكان هەیە 

2018-11-12 13:50:04


ڕاپۆرتی: ئارام مەحمود
یەكێك لە دەركەوتەو ئاماژە دیارەكانی گۆڕانی هاوكێشەی هێز لە هەرێمی كوردستان، دانانی "مەرج"و "پڕكردنەوەی بەڵێنامە"یە لەلایەن (پارتی دیموكراتی كوردستان)ەوە، وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بە لایەنەكانی تر، تا بەشداربن یان "بەشدارییان پێبكرێت" وەكو بەرپرسێكی (پارتی) دەڵێت لەكابینەی (9)ی نوێی حكومەتی هەرێم.
ئەمە بەهەموو پێوەرەكان پێشهاتێكی بێپیشینەو تازەیە لە پرۆسەی سیاسی‌و ژیانی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان، كە بەمانای دەستپێكی قۆناغی لاسەنگی‌و كۆتایهاتنی سەردەمی هاوسەنگی هێز دێت.

پارتی جاران‌و پارتی ئێستا!
لە سەروبەندی پێكهێنانی كابینەی (8) دا، كە بە "حكومەتی بنكەفراوان" ناسرا، (پارتی) نەك هەر بەوشێوەیەی ئێستا "بێمنەت" نەبوو، بەڵكو هەوڵی زۆریدا بۆ بەشداریكردنی لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن، بەتایبەت (بزوتنەوەی گۆڕان‌و یەكگرتووی ئیسلامی‌و كۆمەڵی ئیسلامی) كە بە هێزەكانی (ئۆپۆزسیۆن) ناسرابوون، تەنانەت سازشی زۆریشی بۆ كردن تا قایلیان بكات بە بەشداری.

"بە ڕۆژ لەحكومەت.. بەشەو ئۆپۆزسیۆن"
پێدەچێت (پارتی) زۆر بەوردی ئامادەكاری بۆ قۆناغی ئایندە كردبێت، لەئێستاوە بێ پێچ‌و پەنا ئەوە بەگوێی هەموو لایەنەكاندا دەدات "حكومەتێكی بێ كشەو پەرلەمانێكی بی سەرئێشەی" دەوێت‌و "ئەزمونی ڕابردوو دووبارە ناكاتەوە"، زۆریشی لە كەس نیە بۆ بەشداری، بگرە بەپێچەوانەوە هەر لایەنێك بەنیازی بەشداربێت دەبێت سەرەتا بەڵێنی "بێدەنگی"بدات‌و پەرلەمانتارەكانیشی "گوێڕایەڵ" بن و،  پەرلەمان نەكە مینبەری " ئۆپۆزسیۆنبوون".
گەیاندنی زیاد لەجارێكی ئەم پەیامە لەڕێی (عارف تەیفور) بەرپرسی ئەنجومەنی سەركردایەتی سلێمانی‌و هەڵەبجەی پارتی دیموكراتی كوردستان بێ "مەغزا"نیە. 
ئەو بەرپرسەی پارتی لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ (دەنگی ئەمریكا) بەڕاشكاوی دەڵێت"پارتی مەرجی هەیە بۆ بەشداریپێكردنی لایەنەكان لە حكومەت، كە یەكێك لە خاڵەكانی ئەوەیە ئەمجارە لە حكومەت نەبن‌و ببنە ئۆپۆزسیۆن لە دەرەوە، تەنانەت ئەگەر ڕەخنەیان هەبوو یان پەرلەمانتارەكانیان ڕەخنەیان هەبوو دەتوانن لەڕێگای نوێنەرەكانیان لە حكومەت بیگەیەنن بە حكومەت، نەك پەرلەمان بكەنە مینبەری ئۆپۆزسیۆنبوون".
(عارف تەیفور) تەئكیدەدەكات"دەبێت بەجدی ئەو بەڵێنە لە لایەنەكان وەربگیرێت، وە پابەند‌و مولەتەزیمیش بن پێوەی، ئەگەر لایەنێكیش ئامادە نەبوو ئەو بەڵێنە بدات، ئەوا ئامادەنین بەشداری حكومەتیان پێبكەین، ئەو وەختە چ ئیشمان پێیان هەیە".
(عەلی حوسێن) بەرپرسی پەیوەندییە كوردستانی‌و عێراقییەكانی پارتی، بەماڵپەڕی فەرمی حزبكەی وتووە" هەر حزبێك بیەوێت بێتە حكومەتەوە، دەبێت بەفیعلی لە پرۆسەی حكومەتداریدابێت‌و، ناكرێت پێیەكی لە حكومەت و پێیەكی لە ئۆپۆزسیۆن بێت.

بەرنامەو بەڵێنەكانیان چی بەسەردێت؟
لەگەڵ ئەوەی بەشێك لە چاودێران بەمافی (پارتی) دەزانن، هەوڵی پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێز‌و خاوەن دیدێكی هاوبەش بدات وەك هێزی یەكەم كە بەرپرسیارێتی پێكهێنانی حكومەت‌و حوكمڕانی بۆ چوارساڵی ئایندە دەكەوێتە ئەستۆ، بەڵام پێیانوایە، هەوڵدان بۆ بێدەنگردنی پەرلەمان‌و كردنی بە بەشێك لە سەفقەو ڕێككەوتنی لەتكردنی كێكی حكومەت، كاریگەری نەرێنی لەسەر پێشخستنی پرۆسەی دیموكراسی‌و وەزیفەی ڕاستەقینەی پەرلەمان دەبێت، كە خۆی لە خۆیدا ڕەخنەی زۆری لێدەگیرێت بەوەی وەك پێویست ڕۆڵی خۆی نەگێڕاوەو، هێزەكانیش هەر یەكەو بەجۆرێك لەهەیبەت‌و شكۆی ئەو دامەزراوە گرنگەیان كەمكردوەتەوە، كە باڵاترین دامەزراوەی یاسادانانی هەرێمە. 
پرسیارێكی تر ئەوەیە، ئاخۆ لایەنەكان بە (یەكێتی نیشتمانی كوردستان)یشەوە ئامادەن بۆ وەرگرتنی لیستێك لە "مەرج" وەك پسوڵەی بەشداریی لە حكومەت؟ لەكاتێكدا لە ڕابردوودا (پارتی) هەوڵی زۆریداوە بۆ بەشدارییان‌و ئەنجامەكەی بۆ (یەكێتی) بۆڵەبۆڵ‌و هەستكردنی بەردەوام بە مەغدوری، بۆ (بزوتنەوەی گۆڕان) دورخستنەوەو، بۆ هێزەكانی تریش پەراوێزخستن، ئاخۆ ئەمجارە كە (پارتی) "بێمنەتە" لە بەشدارییان، ئەبێ‌ حاڵیان چۆن بێت لەكابینەی داهاتووی حكومەت ؟ كە كردنەوەی دەرگای چونە ژورەوەی بە "مەرج"و "پڕكردنەوەی   بەڵێننامە" دەستپێدەكات.  

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand