بافڵ تاڵەبانی بە راگرتنی كاری كۆمپانیایەكی نەوت تۆمەتباردەكرێت
2018-11-12 11:23:45
(درەو میدیا):
لەسەر نەوتی كێڵگەی (كوردە میر)ی ناوچەی گەرمیان، كۆمپانیای (مۆندی پێترۆلیۆم) سكاڵا لەسەر كۆمپانیای (وێسترن زاگرۆس)ی كەنەدی تۆماردەكات.
كۆمپانیای (مۆندی پێترۆلیۆم) كە ڕاوێژكاری پێشووی كۆمپانیای (وێسترن زاگرۆس)ی كەندی بووە، رێژەی 3%ی پشكەكانی لە گرێبەستی هاوبەشی بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەی (كوردەمیر)ی گەرمیان هەبووە.
(مۆندی پێترۆلیۆم) كە كۆمپانیەكی هاوبەشە لە دوورگەی ڤێرجنی بەریتانیو لەلایەن (یاسر فكیكی) سەرپەرشتی دەكرێت، كۆمپانیای (وێسترن زاگرۆس)ی تۆمەتباركردووە بەوەی لە مانگی نیسانی 2006دا گرێبەستەكەی راگرتووە وەكو بژاردەی دڵنیایی گرێبەستی هاوبەشی بەرهەم ، كە وێسترن زاگرۆس رێژەی 40%ی هەبوو لەو كێڵگەیەدا.
ئێستا كۆمپانیای (مۆندی پێترۆلیۆم) داوای زیاتر لە (100 ملیۆن) دۆلاری ئەمریكی لە كۆمپانیای (وێسترن زاگرۆس) دەكات.
رۆژی 14ی كانوونی دووەمی دادگای باڵای (كووین بێنچ) لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا لەبارەی دۆسیەی كێشەی نێوان ئەو دوو كۆمپانیایە كۆبوەتەوە، لە دانیشتنی دادگادا دادوەر پرسیاری لە كۆمپانیای (وێسترن زاگرس) كردووە "ئایا كۆمپانیاكە پەیوەندی بە بافڵ تاڵەبانییەوە چییە؟".
یاسر فكیكی سەرپەرشتیاری كۆمپانیای (مۆندی پێترۆلیۆم) دەڵێ:" بافڵ تاڵەبانی پێی وتوم: ئەگەر گرێبەستەكەت رابگریت، كە ئەو لە جێی كۆمپانیا وێسترن زاگرۆس مامەڵەی كردووە، لە شوێنێكی ترو لە گرێبەستێكی تردا بەشداری بە كۆمپانیاكەی ئەوان دەكات، بەڵام دوای ئەوەی گرێبەستەكەیان پێ ڕاگرتووە، لە هیچ شوێنێكی تر گرێبەستیان نەداوەتێ".
مانگی ئۆكتۆبەر چاودێرێك كە بە وردی ئاگاداری كەیسەكەیە وتویەتی:" ئەم كەیسە زۆر گەورەیە، وێسترن زاگرۆس رێژەی 40%ی گرێبەستەكەی هەبووە، نەوتی یەدەگی كێڵگەی كوردەمیر بە 500 ملیۆن بەرمیل خەمڵێنراوە، خەمڵاندنێكی تریش هەیە كە چاوەڕێدەكرێت زیاتر لە ملیارێك بەرمیل یەدەگی نەوتی هەبێت، تاوەكو نەوتی زیاتر هەبێت بەشەكەی یاسر فكیكی زیاتر دەبێت".
سەرچاوە: Gulf States News
وەرگێڕانی : ئەنوەر كەریم