سەدەیەك بەسەر كۆتایهاتنی جەنگی جیهانی یەكەمدا تێپەڕی
2018-11-11 12:31:58
راپۆرتی: ئارام مەحمود
سەركردەكانی جیهان لە دوێنێوە پەیتا پەیتا ڕوو لە (پاریس) دەكەن بۆ بەشداریكردن لە ئاهەنگی تێپەڕبونی (100) ساڵ بەسەر كۆتایهاتنی جەنگی جیهانی یەكەم، (ئەنگێلا مێركل) ڕاوێژكاری ئەڵمانیا یەكەمین سەرۆك بوو دوای تێپەڕبونی (100) ساڵ بەسەر ئەو جەنگەدا، دەستی خستە ناو دەستی (ئیمانوێل ماكرۆن) سەرۆكی فەرەنساو تەوقەی لەگەڵ كرد، وەك ئاماژەیەكی سیمبوليی بۆ ئاشتی و دۆستایەتی لەنێوان هەردوو وڵات.
جەنگی جیهانی یەكەم لە (11) تشرینی دووەمی ساڵی (1918)دا كۆتایهات و ژمارەیەكی بێشومار قوربانی لێكەوتەوە، كە تەنها بەشێكی نەهامەتیيەكانی كۆتایپێهێناو وڵاتانی ئەوروپا نەیانتوانی ئەو كارەسەتە تێپەڕێنن، ئەوەش زەمینەی خۆشكرد بۆ دەركەوتنی دیكتاتۆرێكی وەك (ئەدۆلف هێتلەر)و سەرهەڵدانی كارەساتێكی جیهانی گەورەتر.
جەنگی جیهانی یەكەم كە بە یەكێك لە توندترین ململانێكانی مێژوو ئەژمار دەكرێت، لە ئەوروپا دەستیپێكرد كۆتاییەكەی جیهانی بوو، زیاتر لە (4)ساڵ درێژەی كێشاو ڕێگەی بۆ كۆمەڵێك گۆڕانكاری گەورە خۆشكردو هۆكاری سەرهەڵدانی چەندین شۆڕش بوو لە وڵاتە جیاوازەكان.
هۆكارەكانی جەنگ
هۆكاری ڕاستەوخۆی سەرهەڵدانی جەنگی جیهانی یەكەم، ڕوداوی كوشتنی (فرانز فێردیناند) جێنیشتنی پادشای (نەمسا) بوو لەلایەن خوێندكارێكی (سرب)ی بەناوی (گافریلۆ پرینسیب) لە (28) حوزەیرانی ساڵی (1914) لەكاتی سەردانی بۆ (سەرایڤۆ).
بەڵام لێكۆڵەڕەوەكان باس لە هۆكار گەلێكی تر دەكەن كە دیارترینیان:
• ئاڵۆزبونی پەیوەندییە نێودەوڵەتیيەكان لە سەرەتای سەدەی بیستەم بەهۆی قەیرانە یەك لەدوای یەكەكان، لەنمونەی قەیرانی (بەڵكان)و ململانێی (فەرەنساو ئەڵمانیا) لەسەر سنور.
• گەشەكردنی كەڵكەڵەی نەتەوایەتی لە ناوخۆی ئەوروپاو خواستی هەندێك لە كەمینەكان بۆ سەربەخۆیی.
• فراوانبونی كێبڕكێی ئابوری و بازرگانی لەنێوان وڵاتە داگیركەرەكان و دابەشەكردنی پێگەو دەسەڵاتیان لە جیهان و كۆنتڕۆڵی بازاڕو ساغكردنەوەی بەرهەمی پیشەسازی، وێڕای بەدەستهێنانی كەرەسەتەی سەرەتایی.
• دروستكردنی هاوپەیمانێتی سیاسی و سەربازی و پێشبڕكێی خۆپڕچەككردن لەنێوان دەوڵەتە دژ بە یەكەكاندا.
سەرهەڵدانی شەڕ
دوای تێپەڕبونی مانگێك بەسەر كوژرانی جێنشینی پادشای (نەمسا)، ئەو وڵاتە جەنگی لەدژی (سڕبیا) ڕاگەیاند، بەوەش میكانیزمی هاوپەیمانێتیيەكان كاردانەوەی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێنا، (ڕوسیا) پشتیوانی بۆ (سڕبیا)و جەنگی لەدژی (نەمسا) ڕاگەیاند، (ئەڵمانیا)ش جەنگی لەدژی (ڕوسیا) راگەیاند.
لەسەرەتادا دوو جەمسەر بەشدارییان لە شەڕەكەدا كرد:
• هاوپەیمانی سیقۆڵی بەسەرۆكایەتی (بەریتانیا)
• دەوڵەتانی ناوەند بەسەرۆكایەتی ئەڵمانیا
• لەگەڵ فراوانبونی بازنەی شەڕ چەندین وڵات پاڵیاندا بەیەكێك لەلایەنە شەڕكەرەكان
لەساڵی (1916) جەنگەكە توندتر بووەوە، جەنگی (فەردان) كە حەوت مانگی خایاند نزیكەی (770) هەزار كوژارو برینداربوونی لێكەوتەوە، جەنگی (سوم)یش كە چوار مانگ بەردەوام بوو، (ملیۆنێكو 200 هەزار) كوژراو و بریندارو ونبووی لێكەوتەوە، كە هەردوو جەنگەكە لەسەر خاكی (فەرەنسا) بەڕێوەچوو، بۆ یەكەمجار (تانك) لە گۆڕەپانی شەڕدا بینرا، ئەڵمانیا ناچاری پاشەكشێی كراو سوپا ڕاهێنراوەكەی تێكشكێنرا.
زیانەكانی شەڕ
• جەنگی جیهانی یەكەم بووە هۆی كوژرانی زیاتر لە (8) ملیۆن كەس و ونبوون و برینداربوونی ملیۆنانی تر.
• زیانێكی ئابوری گەورەی لێكەوتەوە كە هەژاری و بێكاری بەدوای خۆیدا هێنا.
• وڵاتانی بەشداربووی شەرەِكە دووچاری قەیرانێكی دارایی كوشندە بوون، بەهۆی تێچووی قورسی شەڕ.
• قەرزەكانی سەر وڵاتانی ئەوروپا زیاتر بوون و هەژمونی ئابورییان لەبەرژوەندی (ئەمریكا و ژاپۆن) پاشەكشێی كرد.
• نەخشەی ئەوروپا دوای جەنگ گۆڕا، ئیمپراتۆرییە كۆنەكان هەڵوەشانەوە، خانەوادە حوكمڕانەكان كەوتن.
• سنورەكانی كیشوەری ئەوروپاش گۆڕانی بەسەردا هات بەدەركەوتنی كۆمەڵێك دەوڵەتی نوێ.
بەهۆی نەبوونی سەرچاوەی متمانەپێكراو، پێدەچێ قسەكردن بەژمارە لەسەر جەنگی جیهانی یەكەم ئەستەم بێت، لێرەدا بە پشتبەستن بە هەندێك لەو ژمارانەی كە ئاژانسی (فرانس پرێس) پشتی پێبەستووە وەك ژمارەی متمانەپێكراوە لەلایەن زۆرێك لە مێژوونوسەكان، بەشێك لە وردەكاری زیانەكانی ئەو جەنگە بەژمارە دەخەینەڕوو:
• لەكۆی (70) وڵات، تەنها (20) وڵات بێلایەن بوون، كە زۆرینەیان وڵاتانی ئەمریكای لاتینی و باكوری ئەوروپا بوون، وڵاتانی نیوەی دانیشتوانی گۆی زەویش لەو كاتەدا لە شەڕدابوون.
• جەنگ بە (20)ملیۆن سەرباز دەستیپێكرد، كاتێكیش كۆتایهات (70) ملیۆن سەرباز لە جەنگدا بوون، ڕوسیا بە (18) ملیۆن سەربازو ئەڵمانیش بە (13) ملیۆن ژمارەی پێوانەییان تۆماركردبوو.
• لەو جەنگەدا (5 بۆ 10) ملیۆن كەس كوژراون، (6) ملیۆن كەس زیندانیكراون، (20) ملیۆن كەس لەژێر داگیركاریدا بوون، (10) ملیۆن كەس لەناو ئەوروپا ئاوارەبوون، (3) ملیۆن ئافرەت بێوەژن بوون و (6) ملیۆن منداڵیش بێداوایك وباوك بوون.