جەنگی سارد و زەنگی جەنگی جیهانی سێیەم
2018-04-04 10:49:57
وەرگێڕان و ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ
ڤلادیمێر پۆتن سەرۆكی روسیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا لە هەنگاوێكدا بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابورییەكانی نێوانیان، سێی ئازاری 2018 بەردی بناغەی بونیادنانی یەكەمین وێستگەیی ئەتۆمییان لە توركیا دانا، كە گروپی كۆمپانیاكانی "روساتۆم" ی روسیی سەرپەرشتی دەكات و بەهای پرۆژەكە كە ساڵی 2023 دەست بە كاركردن دەكرێت تێیدا، (20 ملیار دۆلار)ە و دەكەوێتە سەدەمین ساڵیادی دامەزراندنی كۆماری توركیاوە، بەوتەی ئاژانسی ئەنادۆڵی رەسمی توركیا دەیان هەزار كەس كاردەكەن لەو پرۆژەیەدا.
جەنگێكی ساردی نوێ
هەندێك خەڵك باس لە دەستپێكردنەوەی شەڕێكی ساردی نوێ دەكەن، ئەوەش بەرەو ئەوەمان دەبات كە بەراوردكارییەك بكەین لە نێوان ئەو ململانێ و كێبركێ ئایدیۆلۆژی و سەربازییەی تاڵەی ئێستا روودەدات لەگەڵ ئەوەی لە نێوان یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو و خۆرئاوادا روویدا لە پەنجا هەتا هەشتاكانی سەردەی رابردوو.
مایكڵ هۆڤمان توێژەرێكی بەناوبانگی دامەزراوەی CNA و دامەزراوەی كینانی سەر بە ناوەندی ویڵسۆنە، ئەو دەڵێت" جەنگی سارد بریتیی بوو لە كێبڕكێی نێوان دوو جەمسەری سیاسی كە پێشبڕكێیان دەكرد لەسەر دامەزراندنی سیاسەتی نێودەوڵەتی، هەردوو رژێمەكەش چەند سودێكی ئابوری و سەربازییان هەبوو".
بەوتەی كۆڤمان" ئایدیۆلۆژیا شمولییەكەیان ئەو كێبركێیەی كردە شتێكی حەتمی و هەر دەبێت دەسەڵات دابەشبكرێت".
بەڵام ئێستا كێبركێیكە بەرەنجامی هاوتەریبی هێزەكان یان خودی ئایدیۆلۆژیەتی شمولی نییە، بەڵكو چەند بڕیارێكی بەئاگایانەیە كە سەركردەكان داویانە لەگەڵ ئەو ستراتیژییانەی پەیڕەویانكردووە، لەگەڵ زنجیرەیەك لە ناكۆكی دیاریكراو لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، كە ئەوەش " نە ئاڕاستەكراوە نە حەتمیشە".
كوڤمان بڕوای وایە مەترسییەكان بەلای ویلایەتە یەكگرتووەكانەوە زۆر گەورەن، بەڵام قەبارەی ململانێكە و سروشتیبوونی لە جەنگی سارد ناچن، هەروەك چۆن روسیاش لە توانایدا نییە هاوسەنگی هێزەكان بگۆڕێت یان گۆڕانكارییەك بكات كە تایبەت بێت بە پەیكەری سیستمی نێودەوڵەتی ئێستا، بە كورتی هۆكارەكانی ململانێكە و سروشتەكانی جیاوازن و بەگەڕانەوە بۆ دواوە، دەبینین كە ئەوكات ئاشتییەكی چەكدارانە لە ئەوروپا لەمیانی جەنگی سارد هەبوو، لە كاتێكدا سەرتاسەری جیهانی جەنگی راستەقینەی بەخۆیەوە بینی، دەستپێك لە ئەنگۆلاوە پاشان كوبا و بە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیشدا تێپەڕی، بەگشتی هێڵەكانی جەنگەكە ئەمڕۆ زۆر نزیكە لە سنوری روسیا- جۆرجیا و ئۆكرانیا.
هەروەها هاوسەنگییەكی جیاوازی هێز هەیە لە نێوان روسیا و خۆرئاوادا " هێزێكی نەرم"ی زۆر دیاریكراوی هەیە و پێویستیشی بە ئایدۆلۆژیەتێكی نێودەوڵەتی سەرنجڕاكێشە كە بشێت بۆئەوەی لە هەموو جیهاندا بانگەشەی بۆ بكرێت و ئەگەر شەڕی سارد لە رابردوودا ململانێیەك بووبێت لە پێناوی هەژمونی جیهانی نێوان دوو ئایدۆلۆژیای جیهانی، سەرمایەداری و شیوعییەتی، ئەوا ئێستا كێبركێكە لەسەر چییە ؟
بەرای هۆڤمان روسیا ئارەزوو دەكات وەك هێزێك لە سیستمی نێودەوڵەتیدا بمێنێتەوە و دەستبگرێت بەسەر پاشماوەكانی ئیمپراتۆریەتی روسیاوە، هەروەها سەركردە روسەكان زۆر كاردەكەن بۆ ئەوەی دووربكەنەوە لە پەراوێزخستنی ئەو هەژموونەی ماویانە لەسەر خاكی روسیا و هیچ رێگەیەكیشیان نییە بۆئەوە جگە لە مانەوە وەك دەوڵەتێكی دابڕاو سەپاندنی ویستی خۆیان بەسەر دراوسێكانیاندا بۆئەوەی سنورەكانیان بپارێزن.
بەڵام سەبارەت بە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ئەوە " ململانێیەكی سەرسوڕهێنەر" ەو یەكێك لە لایەنەكانی خۆبەگەورەزانین و فراوانكردنی هەژمون، واتە پێشكەشكردنی ئایدۆلۆژیەتی لیبراڵی بۆ بیركردنەوە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا.
بەهۆی نەبوونی هێزێكی ركابەرەوە، واشنتۆن زیاتر لە بیست ساڵ سودی بینی لە بەدیهێنانی ئەوەی دەیەوێت، بەڵام خەرجیی فراوانكردنی هەژمون و هێزەكەی زۆر بەرزبوو، واشدەردەكەوێت كە لەمدواییەدا بەرزتربووبێتەوە.
پەتای بێبەشبوون لە دوژمن
زۆر روون و ئاشكرایە روسیا و چین، نەچوونە ناو قوڵایی لیبراڵییەتی ئازادیخوازییەوە دوای كۆتاییهاتنی جەنگی سارد، هەروەها رێگەیەكیش نییە كە خۆرائاوا ویست و ئارەزووی خۆی بەسەر ئەم هێزانەدا بسەپێنێت، ئەوەش بەمانای ئەوە دێت كە جەمسەرەكان بەشێوەی پێشووتر یاخود شێوازێكی تر گەڕاونەتەوە.
بەڵام ژمارەیەكی زۆر لە چاودێران دەڵێن خۆرئاواش هەندێك بەرپرسیارێتی دۆخی ئێستای لەئەستۆدایە و یاریكردن لەسەر پەتی جەنگێكی ساردی نوێ، دەكرێت دۆخەكە زیاتر ئاڵۆزبكات.
لیل گۆڵدستین مامۆستاتی توێژینەوەكان لە كۆڵیژی جەنگیی دەریایی ئەمریكا دەڵێت" وا دەردەكەوێت لەدوای جەنگی ساردەوە، زۆرێك لە خۆرئاواییەكان خۆیان رادەستی نەخۆشی بێبەشبوون لە دوژمن كردووە، ژمارەیەكی زۆر لە پسپۆرانی ئاسایشی نەتەوەیش حەزیان لە هەڕەشەیەكی زۆر سادەیە".
دۆخی جۆرجیا و ئۆكرانیا وەك پێشەكییەك بۆ جەنگێكی ساردی نوێ دەردەكەوێت، سەرەڕای ئەوەش دۆخەكە زۆر ئاڵۆزە و هەركەسێك زانیاری لەسەر دۆخی ئەو ناوچەیە هەبێت، بە تەواوەتی درك بەوە دەكات كە هەردوو حاڵەتەكە ئەنجامی داڕمانی خێرای یەكێتی سوڤیەت و پرسەكانی تایبەت بە ناسنامە و سنورن.
روسیا چ هێزێكی هەیە ئێستا ؟
كۆڤمان روسیا بە " هێزێكی گەورەی لاواز" وەسفدەكات و باسلەوەدەكات، بەردەوام لە بەهای روسیا كەمدەكرێتەوە چونكە لەڕووی مێژووییەوە پەیوەست بە پێشكەوتنی تەكنۆلۆژیی و سیاسیی و ئابوریی زۆر جیاوازە لە خۆرئاوا، بەڵام مۆسكۆ بەهۆی قورسایی ئابورییەكەوە ئامادەگییەكی بەهێزی لە سیستمی نێودەوڵەتیدا هەیە، روسیا هێزێكی هەرێمی سەركێشی داڕوخاو نییە، بەڵكو بەتەواوەتی پێچەوانەی ئەوەیە.
لە وڵاتانی ناتۆ باس لەوە بەرزبوونەوەی خەرجیی بەرگری دەكرێت، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە دژایەتیكردنی نەیاری ركابەر.
جۆری ئەو هەڕەشە سەربازییەی كە روسیا بەسەر ناتۆیدا دەسەپێنێت
پرۆفیسۆر گۆڵدستین دەڵێت هێزەكانی روسیا لە بنەڕەتدا زۆر لە هێزەكانی ئەمریكا و هێزەكانی پەیمانی ناتۆ لاوازترن، لەگەڵ ئەوەشدا روسیا " بەداناییەوە" لەم 15 ساڵەی دواییدا وەبەرهێنانی كردووە و پارێزگاری لە چەند توانایەتی تایبەتمەند كرد كە چەند سودێكی پێشكەش دەكەن، بۆ نمونە، پەیمانی ناتۆ سیستمی تەكتیكی ئەتۆمی روسیا لەناونابات، كە لەوانەیە كێشە بۆ سەركردەكانی ناتۆ دروستبكات، جگە لەوەی كە روسیا توانای گەورەی هەیە لە بواری تۆپخانە و جەنگی ئەلیكترۆنیدا.
جەنگێك روسیا هەڵیدەبژێرێت
بەڵام تواناكانی روسیا لە بواری جەنگی ئەلیكترۆنیی و زانیارییدا زۆر ئاشكران و دەزگاكانی راگەیاندن و ناوەندەكانی بواری فیكر پڕن لە گفتوگۆ دەربارەی دیاردەیەكی نوێ كە بە " جەنگی تێكەڵاو" ناوی دەبەن كە تێكەڵەیەكە لە شەڕ و ئاشتی و ئەوەش تەكنیكێكە كە بەرای زۆر كەس روسیا زۆر باش دەیزانێت.
كۆڤمان دەڵێت روسیا هێزێكی گەورەی خاوەن هەڕەشەی یەك رەنگ نیە، بەڵكو لە راستیدا هێزێكی سەربازی بەهێزە لە چواردەوری خۆی و توانای ئەوەی هەیە جەنگی سیاسی و ئەلیكترۆنی بەرپابكات و بە ئاسانی لە بواری زانیارییدا ركابەری بكات.
گۆڵدستینیش دەڵێت ئارەزووكردن لە جەنگی تێكەڵاو " ئیشكالیەتە" و مەترسی راستەقینە كە دەكرێت ببێتە هۆی سەرهەڵدانی شەڕێكی گەرمی كۆنترۆڵنەكراو لە سوریا یان ئۆكراتیا كە زۆر مەترسیدارترە، هیچ نییە جگە لە خراپ مەزندەكردن.
فێڵی ناتۆ
پرۆفیسۆ گۆڵدستین ئاماژە بەوەدەكات، سەلمێنرا كە شەڕی ئۆكرانیا " جەنگێكی راستەقینە بوو لەگەڵ هێزە نەریتییەكان" و رێگەنەگرتن لە روسیا بۆ ئەوەی نیمچە دوورگەی كریمیا داگیربكات لەلایەن ئەمریكا و ناتۆوە پەیوەندی نییە بە " جەنگی تێكەڵاو"ەوە، بەڵكو پەیوەندی هەبوو بە هەموو ئەوەی پەیوەستە بە هاوسەنگی سەربازی فیعلی، لە راستیشدا نیمچە دوورگەی كریمیا و خۆرهەڵاتی ئۆكرانیا بەشكێك بوون لە بەرژەوەندییە بنەڕەتییەكانی روسیا / جگە لە چەندین كێشەی تر، هەروەها خۆرئاوا لە هەوڵەكانی بۆ كاریگەری خستە سەر رەفتاری روسیا رێگاچارەی دروست بەكارناهێنێت.
كۆڤمانیش دەڵێت: زۆرینەی ئەو ئامرازە بەكارهێنراوانە تائێستا پەیوەستن بە گەرەنتی هاوپەیمانەكان و چارەسەركردنی كێشەكان لە سیاسەتەكانی هاوپەیمانان، بەڵام تیۆرییەكی روون نییە دەربارەی چۆنێتی كاریگەری خستنە سەر رەفتاری روسیا و رێوشوێنە دیپلۆماتییەكان بۆ پاراستی یەكێتی سیاسیی، بەڵام بیروبۆچونەكان لە مۆسكۆ ناگۆڕن.
لە لایەكی ترەوە هەوڵدان بۆ قایلكردنی روسیا لە كشانەوە لە سیاسەتی نێودەوڵەتی یان خۆ رادەستكردن لە ئۆكرانیا بیركردنەوەیەی دروست نییە و ئەنجامێكی نابێت و لە كۆتاییدا پێویستە جارێكی تر بیربكرێتەوە لە سیاسەتی پەیڕەوكراو بەرامبەر بە مۆسكۆ، لێكەوتەكانی داڕمانی یەكێتی سۆڤیەت بە هەند وەربگیرێت كە ماوەی 30 ساڵە تاوەكو ئێستا بەردەوامە.