ئەمریكا دوو بنكەی سەربازیی نوێ لە مەنبج دادەمەزرێنێت
2018-04-03 16:36:53
بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی ئەنادۆڵی توركی، ئەمریكا لە بەری رۆژئاوای رووباری فورات لە شارۆچكەی مەنبج دوو بنكەی سەربازیی نوێ دروست دەكات.
ئاژانسەكە زانیاری زیاتری خشتۆتە روو كە ئەمریكا لە باشووری رۆژهەڵاتی گوندی دادات باكووری شارۆچكەی مەنبج، بنكەیەكی سەربازیی دادەمەزرێنێت و خاڵی چاودێری لە ناوچەكە فراوانتر دەكات، سوپای ئەمریكا بۆ ئەم مەبەستە ژمارەیەكی زۆر لە پێداویستی و ئامێری بیناسازی رەوانەی ناوچەكە كردووە،بنكە سەربازییەكە تەنها هەشت كلیۆمەتر لە هێڵی نێوان شارۆچكەی جەرابلوس و ناوچەی قەڵغانی فورات و شارۆچكەی مەنبج دوورە.
سەبارەت بە بنكەی دووەم ئاژانسەكە رایگەیاندووە كە بنكە سەربازییەكەی دیكەی ئەمریكا تەنها چوار كلیۆمەتر لە بەرەی شەڕ دوورو دەكەوێتە باشووری گوندی دادات. سەربازانی ئەمریكا لە كێڵگەیەكی كشتوكاڵی بە ناوی نوایمیە جێگیربوون و كاری دروستكردنی بنكەكە لە ئەستۆدەگر، لەگەڵ تەواوبوونیدا دەبێتە نزیكترین بنكەی سەربازیی ئەمریكا لە ناوچەی سنوری قەڵغانی فورات.
دوای ئەوەی توركیا رایگەیاند ئۆپەراسیۆن بۆسەر مەنبج دەست پێدەكات،سوپای ئەمریكا دوو رۆژ لەمەوبەر هێزی پشتیوانی بۆ ناوچەكە رەوانەكردووە،بەو پێیەش ٣٠٠ سەربازیی ئەمریكی بە ئۆتۆمبێلی زرێپۆشەوە بۆ ناوچەكە هاتوون، لە ئێستادا ئەمریكا لە هێڵی سنووری ناوچەی قەڵغانی فوراتی ژێر كۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە ناوچەی توهار، هیلڤاجی و دادات سێ خاڵی چاودێری هەیە.
ئەم هەنگاوەی توركیا لە كاتێكدایە دۆناڵ ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاندبوو كە لە زوترین كاتدا هێزەكانیان لە باكوری سوریا دەكشێننەوەو چارەسەری قەیرانەكانی سوریای بە هێزەكانی دیكە سپاردبوو.