مامۆستایان و تەندروستكاران بەمەرج بایكۆت دەشكێنن
2018-04-03 15:09:44
لەدوای هەوڵ و فشاری زۆری بەرپرسان بۆ شكاندنی بایكۆت و هەوڵی حیزبەكان بۆ خۆدورگرتن لە خۆپیشاندەران و نا روونی چارەنووسی خۆپیشاندانەكان، دواجار دەستەی مامۆستایانی ناڕازی مامۆستایانیان سەرپشك كرد بۆ شكاندنی بایكۆت یان بەردەوامی، بەڵام لە كۆبونەوەی ئەمرۆی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لەگەڵ بەریوەبەری قوتابخانەكاندا، داوا لە بەڕێوەبەرەكان كراوە سبەی چوارشەممە دەرگای قوتابخانەكان بكەنەوە، ئەوانیش رایانگەیاندووە، هەركات موچە بە سیستمی نوێ دابەشكرا، ئەوا بۆ رۆژی دواتر دەرگای قوتابخانەكان دەكەنەوە، بۆیە هەوڵی زۆر هەیە بۆ ئەوەی لەم هەفتەیەدا دەرگای قوتابخانەكان بكەنەوەو هاوكات دەسەڵاتیش بەبەڕێوەبەری خوێندنگەكان دراوە سەبارەت بەشێوازی دەوامكردن، ئەمە سەرەرای دواخستنی تاقیكردنەوەی پۆلە ناكۆتاكان لە 28ی نیسانەوە بۆ 15ی ئایاری 2018 .
هاوكات بۆردی سەندیكا و رێكخراوەكانی ناوەندی تەندروستی، هەڵپەساردنی گردبونەوەو خۆپیشاندانەكانی بۆ ماوەیەكی كاتی بە شەش مەرجەوە راگەیاند، ئەوانیش:.
1- پێدانی موچە 30 رۆژ جارێك لە كاتی خۆیدا
2- چاوخشاندنەوە بە سیستمی موچەو نەهێشتنی پاشەكەوت
3- دیاریكردنی چارەنوسی موچە فەوتاوەكان
4- پاراستن و سەلامەتی گیانی ئەندامانی بۆرد، كە بەچەندین شێواز هەڕەشەیان لەسەرە.
5- رێگەگرتن لە سزادان و لابردنی دەنگە ناڕەزاییەكان
6- رەخساندنی دەرفەتی دامەزراندن بۆ ئەو خۆبەخشانەی كە لەناو دەزگا تەندروستیەكان بێ وچان هاوشانی هەموان كاریان كردووە.
بۆیە چاوەڕوان دەكرێت خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكان بۆ ماوەیەكی كاتی كۆتایی پێبهێنرێت و چاوەڕوانی جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی حكومەتن.
دەستكەوتی خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییە بەوە لێكدەدرێتەوە كە:.
1- سیستمی كۆنی پاشەكەوتی هەڵوەشاندەوە
2- موچەی موچەخۆرانی بە زیاتر لە نیوە بەرزكردەوە
3- پاشەكەوتی لەخوار 400 هەزار دینارەوە نەهێشت
4- خۆپیشاندانەكانی خستە زۆنی زەردەوەو تەلیسمی هەیمەنەی دەسەڵاتی تێكشكاند
5- بەرپرسانی ناچاركرد كە گوێ لە خۆپیشاندەران بگرێت و وەڵامیان بداتەوە، كە پێشتر وەڵامی خۆپیشاندەرانی نادایەوە
6- حیزب و بەرپرسانی ناچاركرد بچنە ناو خۆپیشاندەران
پێشتر لە راپۆرتێكی شیكاریدا درەو میدیا سیناریۆكانی كۆتایی پێهێنانی خۆپیشاندانەكانی خستبووە روو.
بیرهێنانەوە.