Draw Media

شەڕی گەرمی هێزەكان لە سلێمانی 

شەڕی گەرمی هێزەكان لە سلێمانی 

2018-04-02 20:07:58


راپۆرتی شیكاریی: درەو 
شەڕی هەڵمەتی هەڵبژاردن جیاواز لە پارێزگاكانی دیكەی هەرێم و تەنانەت عێراقیش لە پارێزگای سلێمانی گەرمتر دەبێت، بەجۆرێك  بەر لە دەستپێكردنی هەڵمەتی هەڵبژاردن كە بڕیارە 15ی نیسان لە هەرێم بەرێوەبچێت، لە ئێستاوە شەڕی ئیعلامی هێزەكان لە سلێمانی گەرمە و بەجۆرێك هێرشەكان گەیشتونەتە فایل هەڵدانەوە و تۆمەتدروستكردن و پەلاماردان، ئەمە لە كاتێكدا كە ئاستی بەدەمەوە چونی هاوڵاتیان بۆ تۆماری بایۆمەتری،  كە هەنگاوی سەرەكی بەشداری هاوڵاتیە لە پرۆسەی هەڵبژاردندا لاوازە و بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆنیش هاوڵاتیان زۆر بە ساردی بەدەمەوە چونیان هەیە  بۆ پرۆسەكە.
 عەلی قادر بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، بە درەو میدیای راگەیاند:  ئاستی تۆماری  بایۆمەتری لە پاریزگای سلێمانی 49%یە واتا كەمتر لە نیوەی هاوڵاتیان چون بۆ تۆماری بایۆمەتری كە ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنی 12ی ئایار  ( یەك ملیۆن و 343 هەزار و 521 ) كەسە بەو پێیەش( 658 هەزار و 325 ) كەس بایۆمەتریان كردووە، ئەمە ئاماژەیەكی روونە بەوەی كە لەم هەڵبژاردنەدا ئاستی بەشداری هاوڵاتیان لە سنوری پارێزگای سلێمانی بەشداریەكی گەرموگوڕ نابێت،جگە لەم ئامارە ئەوەی زیاتر پاڵپشتی ئەم بۆچونە دەكا تئاستی بەشداری هاوڵاتیان بوو لە پرۆسەی ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی رابردووداكە لە سنوری پارێزگای سلێمانی رێژەیەكی بەرچاوی هاوڵاتیان بایكۆتی پرۆسەكەیان كرد كە بەپێی ئاماری خودی كۆمسیۆن رێژەی بەشداری لە 50%ی تێنەپەڕاند.
 هێزەكان لە ململانێیەكی گەرمدا
ئێستا ململانێكە لە نێوان هێزەكاندا شێوازێكی نوێی گرتووە لە شەقامەوە گوازراوەتەوە بۆ لوتكەی دەسەڵات، ئەم ململانێ و یەكتر شكاندانانە كە رق و توڕەیی زۆر دروست دەكەن، زیاتر لە سەرەوە شۆڕ دەبنەوە بۆ خوارەوە نەك لە شەقامەوە بۆ سەرەوە كە پێشتر ململانێكە لە شەقامەوە بوو ناوی دەنرا جوڵەی خۆڕسك، ئەم ململانێ و شەڕانە لە نێوان حیزبەكاندا كە زیاتر بەرگێكی حیزبی گرتووە، تەواوی خەڵكی ماندووكردووە بەتایبەت لە كاتێكدا هاوڵاتیان بەدەست قەیرانی ئابوری و گیرفانی بەتاڵ و كێشەی ئابوری و كۆمەڵایەتیەكی زۆرەوە ماندوبوون، بەڕای زۆرێك لە چاودێران ئەم جۆرە لە ملشكاندنە شەڕی ناشرینكردنی بەرامبەرە لە پێناو میكیاژكردنی خۆت، نەك شەڕی ستراتیژی لە پێناو خەمەكانی خەڵكدا،  لە كاتێكدا خەمی گەورەی هاوڵاتیان دابینكردنی گوزەرانیەتی، ، ئەم ململانێیانە كاریگەری نێگەتیڤی گەورەی هەیە لەسەر ئێستا و ئاییندەی كۆمەڵگەی كوردی  و تێكدانی شیرازەی كۆمەڵگە و ئاشتی كۆمەڵایەتیی.
چاوەڕوان دەكرێت شەڕی گەرمی ئەم هەڵبژاردنە كە لە ئێستاوە ئاسۆكانی دەركەوتووە لە نێوان هێزە لێكنزیكەكانەوە بێت، ئەوانەی كە تازە هاتونەتە ناو پرۆسەكەوە، چونكە ئەوەی تازە دروست بووە هەست دەكات بەرامبەرەكەی ئیرەیی پێدەبات و لەناو فەنتازیای خەیاڵی خۆیدا هەڵمەت دەبات و ئەوەشی خۆی بە خاوەن دۆخەكە دەزانێت وابیردەكاتەوە ئەو هێزە نوێیانە لە پشكی ئەو دەبەن.
هەموو هێزەكان بەناوی خەڵكەوە قسەدەكەن بەناوی خەڵكەوە بەرنامە دادەرێژن، بەڵام هەموویان خاوەنی گوتارێكی روون نین، گوتاری هەموویان لێك نزیكە، هەموویان لە خەیاڵدانیاندا دوژمنێكی وەهمیان بۆخۆیان دروست كردووە و پەلاماری دەدەن، بۆیە بەئەستەم دەتوانرێت دونیابینی و تێروانینیان بۆ ئایندە و ئەنجامدانی ریفۆرم لە كایەكانی ژیانی كۆمەڵگە لێكجیابكرێتەوە، هەندێكیش هۆكاری پەلاماردانی یەكتر و ئەو شەڕە ئیعلامییە بۆ ئەمە دەگەڕێننەوە. 
ئەوەی بە روونی لە دۆخەكە دەخوێنرێتەوە ململانێی هەڵبژاردنی داهاتوو لە پارێزگای سلێمانی بەتۆخی لە نێوان ئەم هێزانە دەبێت:
یەكەم/ ململانێی توندی هەڵبژاردن لە نێوان گۆڕان و جوڵانەوە نەوەی نوێ دەبێت، بەو پێیەی  زۆرێك لە بۆچونەكان وای بۆدەچن نەوەی نوێ لە هەناوی  بیركردنەوە و گوتار و هەڵوێستەكانی گۆڕانەوە لە دایکبووە، چونكە ئەگەر لە روی فیزیكیشەوە لە ناو گۆڕانەوە نەهاتبێتە دەرەوە، ئەوا هەڵگری هەمان خیتابی گۆڕانە بەرامبەر بە هێزەكانی دیكە، هەڵگری هەمان گوتاری بەشێك لە پۆپۆلیستەكانی گۆڕانە كە لەسەرەتای دروستبونیەوە بەرامبەر بە یەكێتی و پارتی گرتیە بەر، ئێستا نەوەی نوێ بەهەمان رێچكەی گۆڕاندا دەڕوات بە كۆمەڵێك كارەكتەری گۆڕانەوە و هەمان گوتاری سەرەتاكانی گۆڕانەوە هەنگاو هەڵدەگرێت، بۆیە بەرلە هەر هێزێك پەلاماری گۆڕان دەدات، چونكە پێی وایە بەشێكی زۆری دەنگەكانی لە گۆڕەپانی گۆڕاندایە، نەك لە گۆڕەپانی یەكێتی و پارتی، چونكە پێشتر گۆڕان بەشێكی زۆری دەنگە ناڕازییەكانی ناو ئەو هێزانەی هێنایە دەرەوە، بۆیە ئێستا نەوەی نوێ دەیەوێت بەشێك لە دەنگە ناڕەزاییەكانی ناو كۆمەڵگە بەرێت كە بەشێكی زۆری لە هەڵبژاردنەكانی رابردوو لای گۆڕان بووە.
بزوتنەوەی گۆڕانیش ترسی هەیە لە نەوەی نوێ و پێی وایە ئەگەر دەنگەكانیشی نەبات بەشێك لە دەنگدەرە نارازی و دەنگە خۆڵەمێشیەكەی لێسارد دەكاتەوە و ترسی لەوە هەیە كە نەوەی نوێ جڵەوی نارەزایەتییەكانی شەقامی لەدەست وەربگرێت كە ماوەی نزیكەی 10 ساڵە گۆڕان رێبەرایەتی دەكات.
لێرەوە هەردوو هێزەكە یەكتری بە مەترسی بۆسەر یەكدی دەبینن، بۆیە چاوەروان دەكرێت  لە نێوان ئەم دوو هێزەدا ململانێی گەرم و شەڕی ئیعلامی توند  دروست بێت و سودمەندی سەرەكیش لەم پرسەدا پارتی دەبێت، چونكە بەشێك لە هەڵمەت و گوتاری ئیعلامیەكەیان لە پارتی و یەكێتیەوە دەگۆڕن بۆ یەكتری.
دووەم/ دیوێكی دیكەی ململانێ گەرمەكان لە پارێزگای سلێمانی لە نێوان یەكێتی و هاوپەیمانێتیدا دەبێت، بەهەمان شێوەی ململانێی نێوان گۆڕان و نەوی نوێ، ململانێیەكی توندو پڕ لە هەڵدانەوەی دۆسیەكانی یەكدی لەنێوان هاوپەیمانی و یەكێتی نیشتیمانی كوردستاندا دەبێت.
یەكێتی پێی وایە هاوپەیمانی لەهەناوی ئەوەوە لەدایکبووە و لە خەرمانی ئەو جەواڵی خۆی پڕدەكات و زۆرینەی ئەو دەنگانەی ناو یەكێتی دەبات كە گۆڕان نەیتوانی بۆخۆی بەرێت ئێستا نیگەرانن لەمامەڵەی سەركردایەتی حیزبەكەیان، ئەو هێرشە پێشوەختەی كە لە چەند رۆژی رابردوودا لەلایەن چەند بەرپرسێكی باڵای یەكێتیەوە كرانە سەر هاوپەیمانی و خۆدی بەرهەم ساڵح، ئاماژەیەكی روونە بۆ ئەو مەترسییەی كە سەركردایەتی یەكێتی لە بەرهەم ساڵحی هەیە و بەهەڕەشەیەكی جدی دەزانێت بۆسەر جەماوەرەكەی و بردنی دەنگەكانی.
لە بەرامبەردا ئەگەرچی  هاوپەیمانی راستەوخۆ نەچوەتە ناو ململانێوە لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بەڵام هەموو ئەو رەخنە و پەیامانەی كە دەیانخاتە روو و لە پایەكانی حوكمڕانی هەرێمی دەدات، یەكێتی پایەیەكی سەرەکیەتی و شەریكە بەشی هەموو شكستەكانە و ئۆتۆماتیكی ئەو رەخنانەی كە هاوپەیمانی دەیگرێت تیرەكەی بەر یەكێتی دەكەوێت.
كێشكردنی هەموو ململانێ و شەرەكان بۆدەڤەری سلێمانی و كورتكردنەوەی تەنها لە ناوچەیەكدا، زیانگەیاندن نیە تەنها بە خەڵكی ناوچەكە، بەلكو زیانگەیاندنە بە خودی هێزەكان خۆیان لە سنوری ئەم پارێزگایەدا،كە لە ئەنجامدا دەبنە كۆمەڵێك هێزی پارچەپارچە و خاوەن دەنگ و پێگەی پەرشوبڵاو كە بۆ ئایندە ناتوانن رەسمی سیاسەتێكی وا بكەن كە بەهەموویان بتوانن قورساییەكی وا دروستبکەن كە بەرامبەر پارتی دیموكراتی كوردستان بوەستنەوە، كە گۆڕەپانەكەیان لە هەولێر و دهۆك بەتەختی بۆ بەجێهێشتووە و دەنگ و كورسییەكانی  پارتیش لە سلێمانی جیێگیرە.
لەمەشەوە دەردەكەوێت كە پارتی براوەی یەكەمی هەموو ئەو ململانێ و یەكتر شكاندانەیە كە هێزەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی دەستیان پێكردووە، دواجاریش ئەم هێزانە هێندە یەكتری دەشكێنن ناتوانن بەوهەموو ناكۆكیەوە لەدوای هەڵبژاردن یەكبگرن و هێزێكی تۆكمە دروستبكەن و بچنە بەرامبەر پارتی، بۆیە وەك رابردوو  یەك یەك و دوو دوو دەچنەوە بەرامبەر پارتی، بەمەش دۆخەكە لە بازنەیەكی داخراودا دەسوڕێتەوە و دەچینەوە خاڵی سەرەتا. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand