Draw Media

پەرلەمانی كوردستان گەنج دەبێتەوە

پەرلەمانی كوردستان گەنج دەبێتەوە

2018-10-22 13:08:33


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارەی سەرەتاكانی مانگی داهاتوو دەستبەكاربێت، روخساری گەنج زۆربەی كورسییەكانی داگیركردووە.
لە جیهاندا گەنج بەو كەسانە دەوترێت كە تەمەنیاندەكەوێتە نێوان (18 بۆ 40) ساڵی، لە هەرێمی كوردستان هەموو حزبە سیاسییەكان رێكخراو و بەرنامەی تایبەتیان بۆ توێژی گەنجان داناوە، تا لەو رێگەیەوە بتوانن دەنگ‌و سۆزی ئەو توێژە زیندووەی كۆمەڵگە بەلای خۆیاندا رابكێشن.
لایەنە سیاسییەكان ئەگەرچی لەواقیعدا نەیانتوانیوە وەكو پێویست خزمەت بە توێژی گەنجان بكەن، بە تایبەتی لەبواری دامەزراندن و رەخساندنی هەلی كار، بەڵام بەمدواییانە هەموویان زیاتر روویان بەرەو لای گەنجان وەرگێڕاوە، ئەمەش بەدیاریكراوی لە كاندیدەكانی ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستاندا رەنگیداوەتەوە.
بەتەمەنترین ‌و گەنجترین پەرلەمانتار
بەپێی ئەو ئەنجامانەی كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ‌و راپرسی هەرێمی كوردستان بڵاویكردنەوە، بە تەمەنترین ئەندامی ئەم خولەی پەرلەمان، پەرلەمانتارێكی پارتییە بەناوی (رێڤنگ هروری) كە لەدایكبووی ساڵی 1951ە‌و بەپێی یاساش بەهۆی تەمەنەكەیەوە سەرۆكایەتی یەكەم دانیشتنی پەرلەمان دەكات تا ئەوكاتەی پەرلەمان دەستەی سەرۆكایەتی هەڵدەبژێرێت.
لە بەرامبەردا گەنجترین پەرلەمانتاری خولی نوێ كاندیدێكی سەركەوتووی پارتی گەشەپێدانی توركمانییە كە ناوی (سارا دڵشاد ئەبوبەكر چاوشلی)ە‌و لەدایكبووی ساڵی 1992ە‌و بەهۆی كۆتای كەمینەكانەوە بە (194) دەنگ بووە بە ئەندامی پەرلەمان.

پارتی خۆی گەنج كردوەتەوە
پارتی دیموكراتی كوردستان كە پیرترین پارتی سیاسی هەرێمی كوردستانە ‌و براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان بوو، لەم خولەی پەرلەماندا سەرباری ئەوەی خاوەنی بەتەمەنترین كاندیدی سەركەوتووە، بەڵام تاڕادەیەكیش خۆی گەنج كردوەتەوە ‌و ناوەندی تەمەن لە لیستی پارتی لەنێوان (1951 بۆ 1991) دایە.
(پێشەوا هەورامی) گەنجترین ئەندامی لیستی پارتییە كە لەدایكبووی ساڵی 1991ە، لە لیستی پارتی كاندیدێكی دەرچووی تر هەیە كە تەمەنی (28) ساڵە‌و لەدایكبووی ساڵی 1990 كە ئەویش (ئەرشەد حسێن محەمەد)ە.

گەنجەكانی یەكێتی براوەبوون
یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش كە یەكێكی ترە لە پارتە پیرەكانی هەرێمی كوردستان لەڕووی مێژووی دروستبونییەوە، لەم هەڵبژاردنەدا براوەی دووەم بوو.
ناوەندی تەمەن لە لیستی یەكێتیدا لە نێوان (1956 بۆ 1990)دایە‌و سێ كاندیدی دەرچوو لەدایكبووی ساڵی 1990ن، ئەو كاندیدانەش بریتین لە هەریەكە لە (شنۆ عەشقی عەبدوڵا- هاوڕێ پەنا محەمەد- كاروان عەبدولڕەحمان عەبدوڵا).   
لە بەرامبەردا بەتەمەنترین كاندیدی دەرچووی لیستی یەكێتی بریتییە لە (جەمال حەوێز مستەفا) كە لەدایكبووی ساڵی 1956ە.

گۆڕان و گەنج
بزوتنەوەی گۆڕان كە ساڵی 2009 دروستبووە‌و گەنج پێكهاتەیەكی سەرەكییە تێیدا، لەم هەڵبژاردنەدا كەوتە دوای لیستەكانی ترو ناوەندی تەمەن لە لیستەكەیدا لەنێوان (1961 بۆ 1988)دایە‌و گەنجترین كاندیدی دەرچووە (شیرین ئەمین) هاوسەری رۆژنامەنوسی تیرۆركراو (كاوە گەرمیانی)یە كە لەدایكبووی ساڵی 1988ە.
لە بەرامبەردا بەتەمەنترین كاندیدی دەرچووی لیستی گۆڕان (گوڵستان سەعید محەمەد)ە كە لەدایكبووی ساڵی 1961ە‌و بە كۆتای ژنان ‌و بە (825) دەنگ سەركەوتووە بۆ پەرلەمانی كوردستان.

نەوەی نوێ
لیستی جوڵانەوەی نەوەی نوێ براوەی چوارەمی هەڵبژاردنە، ناوەندی تەمەن لەم لیستەدا لەنێوان (1974 بۆ 1991)ە.
(سیپان ئامێدی) لەدایكبووی ساڵی 1991 گەنجترین كاندیدی دەرچووی جوڵانەوەی نەوەی نوێیە، لەبەرامبەردا بەتەمەنترین كاندیدی دەرچووی نەوەی نوێ بریتییە لە (مەم بورهان قانع)ە كە لەدایكبووی ساڵی 1974ە.
كۆمەڵی ئیسلامی
لە لیستی كۆمەڵی ئیسلامیش ناوەندی تەمەن لەنێوان (1970 بۆ 1989)دایە، لەم لیستە (روپاك ئەحمەد رەحمان) گەنجترین پەرلەمانتارە ‌و لەدایكبووی ساڵی 1989یە.
لەبەرامبەردا (عەبدولستار مەجید) بەتەمەنترین كاندیدی دەرچووی لیستی كۆمەڵە كە لەدایكبووی ساڵی 1970یە.

یەكگرتوو پاشەكشێی كردووە
لیستی یەكگرتووی ئیسلامی بەپێچەوانەی لیستەكانی ترەوە ناوەندی تەمەن تێیدا بەرزە‌و لەنێوان (1966 بۆ 1978)دایە‌و گەنجترین ئەندامی ئەم لیستە بۆ ئەم خولە (هەڵز ئەحمەد محەمەد)ە كە لەدایكبووی ساڵی 1978ە.
لە بەرامبەردا بەتەمەنترین كاندیدی دەرچووی لیستەكەی یەكگرتوو بریتییە لە (ئیسماعیل عەلی تەها) كە لەدایكبووی ساڵی 1966ە. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand