Draw Media

بەشێك لە لاشەكەی خاشقچی لە جانتادا براوە بۆ سعودیە

بەشێك لە لاشەكەی خاشقچی لە جانتادا براوە بۆ سعودیە

2018-10-22 12:51:59


(درەو میدیا):
دەسەڵاتدارانی توركیا پێیانوایە، بەشێك لە لاشەی جەمال خاشقچی نوسەر و ڕۆژنامەنوسی سعودی گواستراوەتەوە بۆ دەرەوەی خاكی توركیا و گەیەنراوەتە (ڕیاز)ی پایتەختی سعودیە، لەڕێی (ماهر عەبدولعەزیز مترب)ئەفسەری هەواڵگری سعودیە،كە یەكێكە لە ئەندامانی ئەو تیمە 15 كەسییەی تۆمەتبارە بە كوشتنی خاشقچی. 
پێگەی "میدل ئیست ئەی" بەریتانی لەزاری سەرچاوە ئاگادارەكانی توركیاوە بڵاویكردوەتەوە، (ماهر عەبدولعەزیز مترب) كە كەسێكی نزیكە لە شازادە (محەمەد بن سەلمان)، بەشێك لەلاشەی خاشقچی لە جانتایەكی گەورەدا و بە فڕۆكەیەكی تایبەت گواستوەتەوە بۆ سعودیە.
(مترب) دوای كوشتنی خاشقچی بە فڕۆكەیەكی تایبەت ئەستەنبوڵی بەجێهێشتوە، جانتاكانیشی لە فڕۆكەخانە پشكنینی بۆ نەكراوە، بەو پێیەی هەڵگری پاسپۆرتی دیبلۆماسی بووەو  لە هۆڵی كەسایەتیە گرنگەكانی(vip) فڕۆكەخانەی ئەتاتوركەوە ڕۆیشتووە.

ئەردۆغان قسەدەكات 
بەرپرسانی توركیا پێیانوایە، خاشقچی بەدەستی ئەنقەست لەناو كۆنسوڵگەریی سعودیە لە ئەستەنبوڵ بەدەستی ئەندامانی تیمێكی تایبەت كوژراوە و لاشەكەشی پارچەپارچەكراوە، ئاماژە بەبوونی تۆماری دەنگیش دەدەن كە وەك بەڵگەی كوشتنی لەناو كۆنسوڵگەرییەكە. 
ڕۆژی یەكشەممەی ڕابردوو، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند: ڕۆژی سێشەممە لێدوانی پێویست لەبارەی كوشتنی خاشقچی دەدات و وردەكاری ڕوداوەكە بەشێوەیەكی جیاواز ئاشكرادەكات.
ئەردۆغان ڕاشیگەیاند" ڕۆژی  سێشەممەی داهاتوو لە كۆبونەوەی حزبدا ڕونكردنەوەی خۆم لەبارەی ئەو پرسەوە دەدەم ".
درەنگانێكی شەوی ڕابردووش ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ بڵاویكردەوە: ئەردۆغان لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە پەیوەندییەكی تەلەفونیدا ڕێككەوتون لەسەر پێویستی ئاشكراكردنی وردەكاری كوشتنی خاشقچی.
سەرەتای ئەم هەفتەیە دۆناڵد ترەمپ كاتێك لەبارەی لێكۆڵینەوەكانی سعودیەوە پرسیاری لێكرا، وتی " ڕازینیم تا ئەوكاتەی وەڵامەكانم دەستدەكەوێت، هەنگاوی یەكەم باشبوو، بەڵام ئەمەوێت وەڵامەكانم دەستبكەوێت". 
لە چاوپێكەوتنێكیشدا لەگەڵ ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست ترەمپ ڕایگەیاند" ڕوون و ئاشكرایە كارەكە فێڵی تیادایە، درۆكراوە لە پرسەكەدا". 
بن سەلمان لەپشت كوشتنی خاشقچییەوەیە
ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ)ی، ئەمریكی دەڵێت، (محەمەد بن سەلمان)  جێنشینی شای سعودیە بە (جارید كۆشنەر) زاوای (دۆناڵد ترەمپ) و گەورە ڕاوێژكاریی، ڕاگەیاندووە، هەڵگەڕانەوەی خۆرئاوا بەرامبەری لەیاد ناكات، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو ڕەخنانەی وڵاتانی خۆرئاوا لە (ڕیاز) و گێڕانەوەكەی سەبارەت بەكوژرانی جەمال خاشقچی هەیانە.  
ڕۆژنامەكە لەزاری سەرچاوەكانەوە بڵاویكردوەتەوە، (بن سەلەمان) لە هەشتەم ڕۆژی دیارنەمانی (خاشقچی)دا، پەیوەندیكردووە بە (كۆشنەر) و پرسیاری نهێنی ئەو توڕەییەی كردووە كە لە واشنتۆن سەریهەڵداوە سەبارەت بەو كێشەیە.
لەبەرامبەردا، زاواكەی ترەمپ پەیامێكی بەهێزی داوە بە بن سەلمان كە ناوەرۆكەكەی پێویستی ئاشكراكردنی چۆنیەتی ڕووداوی كوشتنی خاشقچی لە كونسوڵگەریی سعودیە لە ئەستەنبوڵ.   
لە كاتێكدا هەڵوێستەكانی سەرۆكی ئەمریكا ڕۆژانە گۆڕانی بەسەردا دێت سەبارەت بەسعودیە لە پرسی كوشتنی خاشقچی، سیاسییەكانی ئەمریكا هەڵوێستی توند دەردەبڕن كە دواینیان قسەكانی (پۆپ كۆركەر) سیناتۆری كۆمارییەكان و سەرۆكی لیژنەی كاروباری دەرەوەی كۆنگرێسی ئەمریكایە كە دەڵێت "پێمیوایە شازادەی جێنشینی سعودیە لەپشت كوشتنی خاشقچییەوەیە و بڕوا بەو گێڕانەوە ناكات كە ئاماژە بە پێچەوانەی ئەوە دەكات". 
هەر لەوچوارچێوەیەدا سیناتۆری كۆماری (راند بۆل) دەڵێت، ناكرێت 15 كەس بۆ كوشتنی كەسایەتیەكی ئۆپۆزسیۆن ڕەوانەبكرێت بەبێ‌ ڕەزامەندی شازادەی جێنشین" و  چیرۆكەكەی سعودیەش بۆ ڕوداوەكە بە "ئیهانە" وەسفدەكات. 
لە پێشهاتێكی نوێی ئەو دۆسیەیەدا، ئاژانسی هەواڵی سعودیە بڵاویكردەوە، دوێنێ‌ شا (سەلمان) پادشای سعودیە و (محەمەد بن سەلمان) شازادەی جێنشین لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا سەرەخۆشیان لە (سەلاح خاشقچی) كوڕی جەمال خاشقچی كردووە بەبۆنەی كوژرانی باوكییەوە.  
عادل جوبێر وەزیری دەرەوەی سعودیەش لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی (فۆكس نیوزی) ئەمریكی ڕایگەیاند: كوژرانی خاشقچی لە كونسوڵگەریی سعودیە "هەڵەیەكی گەورەی مەترسیدار"  بوو، بەڵام "شازادە محەمەد بن سەلمان هیچ زانیارییەكی لەسەر ڕووداوەكە نەبووە".
جوبێر لەو چاوپێكەوتندا ئاماژەی بەوەشداوە، كەسەكان لەو پرۆسەیەدا دەسەڵاتی خۆیان تێپەڕاندووە، هەڵەیانكرد كاتێك خاشقچیان كوشت و هەوڵیشیاندا كارەكەیان بشارنەوە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand