لە 48 كاتژمێری داهاتوودا كابینەی حكومەت ڕادەگەیەنرێت
2018-10-22 11:34:24
(درەو میدیا):
عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو لەگەڵ زۆربەی هێزە سیاسییەكان لەسەر ناوی نیوەی زیاتری وەزیرەكانی كابینەكەی گەیشتوەتە ڕێككەوتن و چاوەڕاندەكرێت پێش كۆتایی ئەم هەفتەیە لە دانیشتنێكی ڕەسمی پەرلەمانی عێراقدا پێشكەشی بكات" ئەمە قسەی بەرپرسێكی باڵای عێراقە كە بۆ ڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدیدی) قەتەری ئاشكراكردووە.
ڕاشیگەیاندووە"ناوەكان كەسایەتی نوێیان تیادایە و بە ئەكادیمی و پسپۆر لەو وەزارتانە ئەژماردەكرێن كە بەڕێوەیان دەبەن."
ئەو سەرچاوەیە جەختیشیكردوەتەوە "پشتیوانی ئەمریكا بۆ حكومەتەكەی عەبدولمەهدی مەرجدار دەبێت بەو بڕیارانەی لە ماوەی سێ مانگی یەكەمی حكومەتەكەیدا جێبەجێیاندەكات، بەدیاریكردنی پەیوەست بە دۆسییەی ئەمنیی و مامەڵەكردن لەگەڵ گروپە چەكدارەكانی لایەنگری ئێران و پاپەندبوون بە سزا ئەمریكییەكان لەسەر ئێران و هەروەها دۆسیەی سوریا و ئاستی پەیوەندی بە بەشار ئەسەد سەرۆكی ڕژێمی سوریا".
عەبدولمەهدی گوێینەداوە بە فشارەكان
هاوكات بەرپرسێكی ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە" پێدەچێت كۆتایی ئەم هەفتەیە وادەی پێشكەشكردنی كابینەی حكومەت بێت بە پەرلەمان، بە دەنگدانی پەرلەمانیش بە كابینەی حكومەت یان نیوەی كابینەكە كارەكانی حكومەتی نوێ دەستپێدەكەن و كۆتایی حكومەتەكەی عەبادییە".
ئەو بەرپرسە عێراقیە پێشیوایە، لەگەڵ ناردنی ناوی وەزیرەكان بۆ سەركردە سیاسییەكان لەلایەن عەبدولمەهدییەوە كە پێدەچێت ئەمڕۆ ڕەوانەی بكات، ناوەكان دزەبكات و لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن بڵاوبێتەوە، جەختیشیكردوەتەوە" ئێرانێیەكان خۆشحاڵن بەوپێیەی ئەو حكومەتە تازەیەی بۆ چوارساڵی داهاتوو لە عێراق كارەكان ڕادەپەڕێنێت هیچ بەریەككەوتنێكی لەگەڵ تاران نابێت و ئەو هێزە سیاسییانەشی تاران پشتیوان دەكات لانی كەم 14 وەزارەتیان لە كۆی 22 وەزارەت بەدەستهێناوە، كە ئەوانیش هێزە شیعی و سوننە و كوردەكانی نزیك لە ئێرانن.
وەزارەتە خزمەتگوزراییەكان یەكلاكراوەتەوە
بە وتەی یەكێك لە نزیكەكانی عەبدولمەهدی كە قسەی بۆ ڕۆژنامە قەتەرییەكە كردووە، سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو، پرۆگرامی حكومەتەكەی تەواوكردووە و هیچ نەماوە جگە لە ڕێككەوتن لەسەر ناوەكان نەبێت، ئاشكراشیكردووە" هیچكام لە وەزارەتە سیادییەكان یەكلانەكراوەتەوە، ئەوەی ڕێككەوتنی لەسەر كراوە تەنها وەزارەتە خزمەتگوزراییەكانە، بۆیە سیناریۆی پێشكەشكردنی حكومەت بەشێوەیەكی ناتەواو بۆ پەرلەمان نزیكترینە".
ڕونیشیكردوەتەوە" سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو ڕووبەڕووی فشاری گەورە بوەتەوە، بەتایبەت لەلایەن هێزە سوننیەكانەوە لە پێناوی قبوڵكردنی پەرلەمانتار و وەزیرەكانی پێشوو بە وەزیر لە كابینەی حكومەتەكەی.
سەرچاوەكە جەختیشیكردوەتەوە"عەبدولمەهدی سەرجەم فشارەكانی ڕەتكردوەتەوە و بڕیاریداوە بەردەوامبێت لە پێكهێنانی ئەو حكومەتەی كە خۆی قەناعەتی پێیەتی".
بەپێی ئەو زانیارییانەی میدیا عێراقییەكان لەبارەی ڕێككەوتنی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو لەگەڵ زۆرینەی كوتلە سیاسییەكان ئەنجامیداوە، حكومەتی داهاتوو لە 22 وەزارەت پێكدێت و داواشكراوە وەزارەتەكانی (كاروباری ژنان و گەشتوگوزار و شوێنەوار یان ژینگە)بگەڕێندرێنەوە.
پێكهاتەی شیعە 12 وەزارەتی بەركەتووە بەمشێوەیە:
• وەزارەتەكانی هاوپەیمانی سائیرون ( دەرەوە و نەوت وكارەبا).
• وەزارەتەكانی هاوپەیمانی فەتح (ناوخۆ و گواستنەوە و خوێندنی باڵا و وەرزش و لاوان).
• وەزارەتەكانی دەوڵەتی یاسا( پەروەردە و تەندروستی).
• ئەوانەی كشاونەتەوە لە ئیئتیلافی نەسر ( ئاوەدانكردنەوە).
پێكهاتەی سوننەكانیش 6 وەزارەتیان بەركەوتووە بەمشێوەیە:
• وەزارەتەكانی سوننە( بەرگریی و كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و كشتوكاڵ و پیشەسازی و پلاندانان).
پێكهاتەی كورد 3 وەزارەتی بەركەوتووە بەمشێوەیە:
• وەزارەتەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان(دارایی و كۆچ و كۆچبەران ).
• وەزارەتەكەی یەكێتی ( داد).
• وەزارەتی (ڕۆشنبیری) لە نێوان پێكهاتەی توركمان و كریستیانەكان یەكلادەكرێتەوە.