یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان: دەبینە ئۆپۆزسیۆن
2018-10-22 10:57:58
(درەو میدیا):
دوای كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بریاری دا" لەم خولەدا بەشداری كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم ناكات و وەك ئۆپۆزسیۆن درێژە دەدات بە خەباتی سیاسی و پەرلەمانی خۆی".
وەكو خۆی دەڵێ، یەكگرتوو دەیەوێت" ئەو هەنگاوە بكاتە وێستگەیەك و دەرفەتێك بۆ ئەنجامدانی پرۆسەیەكی بەخۆداچوونەوەی ریشەیی و دەستنیشانكردنی خاڵە لاوازەكان و هۆكارەكانی كەمبوونەوەی دەنگەكان و ئەنجامدانی چاكسازی و گۆڕانكاری ناوخۆیی بەمەبەستی خۆنوێكردنەوەو هەڵسانەوە و تێپەراندنی ئەم قۆناغە نەخوازراوە".
دەقی بەلاغی كۆتایی كۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان:
بسم الله الرحمن الرحیم
ئەمرۆ دووشەممە بەرواری 22/10/2018 ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كۆبۆوونەوەیەكی نائاسایی سازكرد بۆ تاوتوێكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان و چۆنیەتی هەڵوێست وەرگرتن لەو بارەیەوە ..
سەرەتا كۆبوونەوە هەڵوەستەی جدی كرد لەسەر ئەوپێشێلكاری و ساختەكاریانەی كە هەردوولایەنی دەسەڵات لە پرۆسەكەدا كردوویانە بە مەبەستی گۆڕینی رێژەی دەنگەكان لە بەرژەوەندی خۆیان ، كۆبوونەوە جارێكی تر تەئكیدی كردەوە لەسەر رەتكردنەوەی ئەنجامەكان و گرتنە بەری رێكاری یاسایی پێویست لەو پێناوەدا ..
لەتەوەریەكی تردا كۆبوونەوە بژاردەكانی بەردەم یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و چۆنیەتی هەڵوێست وەرگرتن لەو بارەیەوە خستە بەرباس و گفتوگۆكردن ..
لەوبارەیەوە ئەنجومەنی سەركردایەتی دوای تاوتیًكردنی ئەنجامی راپرسی كادیران و ئۆرگانەكانی حزب، بریاری دا بەوەی كە یەكگرتوو لەم خولەدا بەشداری كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم ناكات و وەك ئۆپۆزسیۆن درێژە دەدات بە خەباتی سیاسی و پەرلەمانی خۆی لە پێناو بەشداربوونی كارا لە پرۆسەی چاكسازی راستەقینە و دژایەتی كردنی گەندەڵی و دەستەبەركردنی دادپەرەوەری بۆ سەرجەم هاوڵاتیان و چین و توێژەكانی گەلەكەمان ..
لەكۆتاییدا ئەنجومەنی سەركردایەتی سوپاس و دەستخۆشی خۆی ئاراستەی سەرجەم ئەندام و لایەنگر و ئۆگانەكانی حیزب كردوو وهەوڵ و ماندووبوونیانی بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن بەرزنرخاند و بەڵێنی دا كە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتی حیزب كە بریارە لەم رۆژانە سازبكرێت ، بكاتە وێستگەیەك و دەرفەتێك بۆ ئەنجامدانی پرۆسەیەكی بەخۆداچوونەوەی ریشەیی و دەستنیشانكردنی خاڵە لاوازەكان و هۆكارەكانی كەم بوونەوەی دەنگەكان و ئەنجامدانی چاكسازی و گۆڕانكاری ناوخۆیی بە مەبەستی خۆ نوێكردنەوە و هەڵسانەوە و تێپەراندنی ئەم قۆناغە نەخوازراوە..
جارێكی تر سەرفرازی و سەربەرزی بۆ تێكڕای ئەندامان و لایەنگرانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە خوای گەورە داواكارین ..
ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو
22/10/2018