Draw Media

كاردانەوەی لایەنەكان دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن

كاردانەوەی لایەنەكان دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن

2018-10-21 12:42:42


(درەو میدیا):
دوای چەند كاتژمێرێك لە ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كە ڕۆژی 30ی ئەیلولی ئەمساڵ بەڕێوەچوو، لایەنە بەشداربووەكانی پرۆسەكە لەنێوان پێشوازی‌و ڕەتكردنەوەی ئەنجامەكاندا، دابەشبوون.

پارتی بەدڵیەتی‌و یەكێتی رازییە
(خەسرەو گۆران) بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان كە حزبەكەی بە بەدەستهێنانی (45) كورسی  پلەی یەكەمی بەدەستهێناوە، دەڵێت"پارتی ئەنجامی هەڵبژاردنی بەدڵە".
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی، بەماڵپەڕی فەرمی پارتەكەی ڕاگەیاندووە:" ئێمە زۆر دڵخۆشین بە ڕاگەیاندنی ئەنجامەكان‌و بەدەستهێنانی 45 كورسی لەكۆی 100 كورسی، سەركەوتنێكی گەورەیە بۆ پارتی لەساڵی 1992وە تائێستا".
(سەعدی ئەحمەد پیرە) وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەبارەی ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانەوە وتی"سەرباری تێبینیەكان، بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان قبوڵ دەكەین" .
سەعدی پیرە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە ئەمڕۆ ڕێكیخست، رایگەیاند:" سەرباری تێبینیەكان، یەكێتی لەبەر بەرپرسیارێتی‌و بەرژوەندی هاوڵاتیان بەئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ڕازییە".

نەوەی نوێ‌و یەكگرتوو ئەنجامەكان ڕەتدەكەنەوە
ئەنجومەنی سیاسی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان لەبەیاننامەیەكدا نیگەرانە لە ئەنجامەكان‌و دەڵێت:" ئەم ئەنجامانە پەسەندناكەین‌و تانەیان لێدەدەین‌و هەموو ڕێكارێكی یاسا بۆ ڕەتكردنەوەی دەگرینەبەر".
یەكگرتووی ئیسلامی لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ بزوتنەوی ئیسلامی‌و ڕەوتی چاكسازی بە لیستی (بەرەو ئیسڵاح) بەشداری هەڵبژاردنی كردو بەپێی ئەنجامە ڕاگەیەندراوەكان (5) كورسی بەدەستهێناوە. 
جوڵانەوەی نەوی نوێ-ش، لەڕاگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ بڵاویكردەوە، وێڕایی "ڕەتكردنەوەی ئەنجامەكان"، داوا لە لایەنەكانی دەرەوەی پارتی‌و یەكێتی دەكات، گوتاری سیاسیان یەكبخەن بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەم دۆخە.
"جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ لەڕاگەیەندراوەكەیدا سێ‌ ڕێگاچارە دەخاتەڕوو كە ئەوانیش بریتین لە:
•    كشانەوە لە پرۆسەی سیاسی
•    دروستكردنی بەرەیەكی بەهێزی ئۆپۆزسیۆن لەناو پەرلەمانی كوردستان
•    ڕەتكردنەوەی شەریكایەتی لەگەل یەكێتی‌و پارتی
نەوەی نوێ داواش لەهەرسێ‌ لایەنی (بزوتنەوەی گۆڕان‌و یەكگرتوی ئیسلامی‌و كۆمەڵی ئیسلامی) دەكات،  بەزوترین كات هەنگاوبنێن بۆ دروستكردنی ئەو بەرەیە.

بزوتنەوەی گۆڕان هەڵوێستی خۆی ڕانەگەیاندووە
بزوتنەوەی گۆڕان كە یەكێكە لەهێزە سەرەكییەكانی بەشدار لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تائێستا هیچ هەڵوێستێكی فەرەمی ڕانەگەیاندووە، ئەوە لەكاتێكدایە جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەكە لەدواین كۆبونەوەیدا كە دوێنێ‌ شەممە بەڕێوەچوو، لەڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت:" لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان هەڵوێستی فەرمی سەبارەت بە قبوڵكردنی دەرەنجامی هەڵبژاردن‌و بەشداریكردن یان نەكردن لە حكومەتی داهاتووی هەرێم ڕادەگەیەنێت‌و هەموو بژاردەیەك لەبەردەم بزوتنەوەی گۆڕاندا كراوەیە.

هاوپەیمانی: كورسییەكەمان براوە
هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەرەوەریش لە بەیاننامەیەكدا ڕایدەگەیەنێت، لەچەند ڕۆژی ڕابردوو بەپێی ڕێژەی 85%ی دەنگی جیاكراوە، هاوپەیمانی كورسییەكی بەدەستهێنابوو، بەڵام لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی كورسییەكی هاوپەیمانی دراوە بەلایەنێكی سیاسی بەبێ‌ ئەوەی ناوبهێنێت، بەپێی ڕێژە ڕاگەیەندراوەكانی پێشووش، كورسییەكەی هاوپەیمانی بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان رۆشتووە.
درەنگانێكی شەوی ڕابردوو كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن‌و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی ڕاگەیاندو بەپێی ئەنجامەكان:
•    پارتی دیموكراتی كوردستان: (686 هەزارو 70) دەنگی بەدەستهێناوە‌و ژمارەی كورسییەكانی گەیشتوەتە (45) كورسی.
•    یەكێتی نیشتمانی كوردستان: (319 هەزارو 912) دەنگی بەدەستهێناوە‌و ژمارەی كورسییەكانی (21) كورسییە.
•    بزوتنەوەی گۆڕان: (186 هەزارو 903) دەنگی بەدەستهێناوە‌و (12) كورسی بردوەتەوە.
•    جوڵانەوەی نەوەی نوێ: (127 هەزارو 115) دەنگی بەدەستهێناوە‌و (8) كورسی بردوەتەوە.
•    كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان: (109 هەزارو 494) دەنگی بەدەستهێناوە‌و (7) كورسی بردوەتەوە.
•    هاوپەیمانی بەرەو ئیسڵاح: (79 هەزارو 434) دەنگی بەدەستهێناوە‌و (5) كورسی بردوتەوە.
•    هاوپەیمانی سەردەم (یەكگرتوو- بزوتنەوە- رەوتی گەشە): (15 هەزارو 581) دەنگی بەدەستهێناوە‌و كورسییەكی بردوەتەوە.
•    لیستی ئازادی (شیوعی): (8 هەزارو 63) دەنگی بەدەستهێناوە‌و كورسییەكی بردوەتەوە.
•    لەگەڵ ئەنجامی هەڵبژاردن بۆ (11) كورسی كۆتای كەمینەكان. 

پێش ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، نوێنەرانی بزوتنەوەی گۆران‌و كۆمەڵی ئیسلامی‌و یەكگرتوی ئیسلامی لە كۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردن كە ژمارەیان (4) ئەندامە لەبەیاننامەیەكدا ڕایانگەیاند" لە كۆبونەوەیەكی نایاسایدا ئەنجامی هەڵبژاردن بەبێ هیچ گفتوگۆیەك خراوەتە دەنگدان، بەبێ ئەوەی گوێ لە داواكانیان بگیرێت‌و بەزۆرینەی دەنگ ئەنجامەكان تێپەڕێندراوە".
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand