Draw Media

وردەكاری كوشتنی خاشقچی لە زاری بەرپرسێكی سعودییەوە

وردەكاری كوشتنی خاشقچی لە زاری بەرپرسێكی سعودییەوە

2018-10-21 11:47:32


( درەو میدیا):
لە كاتێكدا سعودیە ڕووبەڕووی گومانێكی نێودەوڵەتی فراوان بوەتەوە دوای ئاشكراكردنی لێكۆڵینەوەكانی لەبارەی مردنی ڕۆژنامەنوس جەمال خاشقچی، بەرپرسێكی باڵای سعودیە چیرۆكێكی نوێ‌ لەبارەی مردنی خاشقچی لە كونسوڵگەریی وڵاتەكەی لە ئەستەنبوڵ دەخاتەڕوو، كە جیاوازە لە گێڕانەوەكانی پێشوو.
ڕووداوەكانی ئەو چیرۆكەی بەرپرسە سعودیەكە بۆ ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ئاشكراكردووە، لەوە دەستپێدەكات كە سعودیە پلانی داناوە بۆ گەڕاندنەوەی خەڵكە ئۆپۆزسیۆنەكان و لەو چوارچێوەشدا بەرپرسە سعودیەكە كۆمەڵێك بەڵگەنامەی بۆ ئاژانسەكە  خستوەتەڕوو  كە هەواڵگری سعودیە بەنیازی ئەو كارەبوون و یەكێك لە بەڵگەنامەكانیش تایبەت بووە بە خاشقچی.
بەوتەی ئەو بەرپرسە باڵایەی حكومەتی سعودیە كە "ڕۆیتەرز" لەسەر داوای خۆی ناوی نەهێناوە، دەسەڵاتدارانی سعودیە هەوڵیانداوە خاشقچی قایل بكەن بگەڕێتەوە بۆ سعودیە، كە ماوەی ساڵێك بوو چوبووە واشنتۆن لەترسی تۆڵەسەندوە لە ڕاوبۆچوونەكانی، لە چوارچێوەی هەڵمەتیك بۆئەوەی دوژمنانی سعودیە سودیان لێوەرنەگرن و دژیان بەكاریان نەهێنن.
لەو پێناوەشدا (ئەحمەد عەسیریی) جێگری سەرۆكی دەزگای هەواڵگری سعودیە تیمێكی (15) كەسی لە هەواڵگری و ئاسایش پێكهێناوە و ڕەوانەی ئەستەنبوڵی كردوون بۆ چاوپێكەوتن لەگەڵ خاشقچی لە كونسوڵگەریی سعودیە و قەناعەتی پێبكەن بگەڕێتەوە بۆ سعودیە.
بەرپرسە باڵاكەی سعودیە ئاماژەی بەوەشداوە، فەرمانێكی هەمیشەیی هەیە بە دانوستان لەگەڵ خەڵكە ئۆپۆزسیۆنەكان بەشێوەیەكی ئاشتییانە و بەپێی  فەرمانەكەش دەسەڵاتی تەواویان هەیە كارەكان ئەنجامبدەن بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ سەركردایەتی و ئەوەشی وتووە، (عەسیری) تیمەكەی پێكهێناوە و (قەحتانیی) ڕاوێژكار لە دیوانی شاهانەی سعودیە بەشداری لە ئامادەكارییەكانی پرۆسەكەكردووە.

پلانەكە چۆن بووە؟

بەقسەی بەرپرسە سعودیەكە، پلانەكە وابووە تیمەكە بۆ ماوەیەك خاشقچی لە ناوچەیەكی پارێزراو لە دەرەوەی ئەستەنبوڵ دەستبەسەربكەن و دواتر ئازادی بكەن كە ئەگەر ڕەتیكردەوە بگەڕێتەوە بۆ سعودیە، بەڵام كارەكان لە سەرەتاوە بەرەو خراپی ڕۆیشتوەو تیمەكە ڕێوشوێنەكانیان پێشێلكردووە و بەخێرایی پەنایان بردووە بۆ توندوتیژی.
بەپێی گێڕانەوەی حكومەتی سعودیە، خاشقچی كە چوەتە ناو كونسوڵگەریی نێردراوە بۆ نوسینگەی كونسوڵی گشتی و یەكێك لە ئەندامانی تیمەكە بەناوی (ماهر مترب) قسەی كردووە لەبارەی گەڕانەوە بۆ سعودیە.
بەرپرسەكە سعودیە لەوباریەوە دەڵێت، كەسێك لە دەرەوە چاوەڕوانی دەكات و ئەگەر لەماوەی یەك كاتژمێردا دەرنەكەوێت, ئەوا پەیوەندی بە دەسەڵاتدارانی توركیاوە دەكات. 
پێشتریش (خەدیجە جەنگیز) دەستگیرانی خاشقچی بە "ڕۆیتەرز" ی ڕایگەیاند، خاشقچی پێش ئەوەی بچێتە كۆنسوڵگەریی هەردوو تەلەفونەكەی داوەتێ‌ و داوای لێكردووە چاوەڕێی بكات و ئەگەر نەگەڕایەوە پەیوەندی بكات بە یاریدەدەری سەرۆكی توركیاوە.
بەپێی گێڕانەوەی بەرپرسە سعودیەكە، خاشقچی بە (ماهر مترب)ی وتوە" ئەو كارە پێچەوانەی عورفە دیپلۆماسی و نێودەوڵەتییەكانە، چیم لێدەكەن نیەتی ئەوەتان هەیە بمڕفێنن؟" 
(مترب) لە وەڵامدا وتویەتی: "بەڵێ‌ بێهۆشت دەكەین و دەتڕفێنین" بەرپرسەكە ئەوكارەی بە هەوڵی ترساندن وەسفكردەوە كە لادان بووە ئەركەكەیان.
كاتێك خاشقچی دەنگی بەرزكردوەتەوە تیمەكە ترساون و بەپێی گێڕانەوەی حكومەت هەوڵیانداوە بێدەنگی بكەن. 
"بەهۆی سوربونی خاشقچی بۆ چونە دەرەوە لە كۆنسوڵگەریی و بەرزكردنەوەی دەنگی, شەڕ دروستبوو و تیمەكە ناچار بوون لە جوڵەی بخەن و بێدەنگی بكەن".
تەئكیدیشی كردووە" هەوڵیانداوە بێدەنگی بكەن بەڵام مردووە، هیچ نیەتێك نەبووە بۆ كوشتنی". 
تەرمەكەی  نادیارە
بەرپرسە سعودیەكە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی وتوە، بۆ داپۆشینی تاوانەكە  تیمەكە فەرشێكیان لە تەرمەكەی خاشقچیەوە ئاڵاندووە و ڕادەستی هاوكارێكی ناوخۆییان كردووە بۆئەوەی دوریبخاتەوە، ڕاشیگەیاندووە، سەلاح ئەلتبێقی  شارەزایی بەڵگەی تاوان و پزیشكی شەرعی هەوڵیداوە ئاسەواری ڕووداوەكە بسڕێتەوە.  
بەرپرسە سعودیەكە ئاماژەی بەوەشداوە، كە هاوكارە ناوخۆییەكە لە ئەستەنبوڵ دادەنیشێت , بێ ئەوەی ڕەگەزنامەكەی ئاشكرابكات و لێكۆڵەرەوەكانیش سەرقاڵی دۆزینەوەی شوێنی تەرمەكەن.
لە هەمانكاتدا، یەكێك لە ئەندامانی تیمەكە بەناوی (مستەفا ئەلمەدەنی) جلەكانی خاشقچی لەبەركردووە و عەینەكەكەی لەچاوكردووە و لە دەرگای پشتەوەی كونسوڵگەریی چوەتە دەرەوە بۆئەوەی وای پیشانبدات كە خاشقچی لە كونسوڵگەرییەكە چوەتەدەرەوە ، (ئەلمەدنی) بەرەو ناوچەی (سوڵتان ئەحمەد) ڕۆیشتوە بۆئەوەی جلوبەرگەكانی فڕێبدات.
دوای ئەوە تیمەكە ڕاپۆرتێكی ساختەكراویان نوسیوە و تیایدا باسیان لەوەكردووە كە ڕێگەیانداوە خاشقچی لە كونسوڵگەریی ئەستەنبوڵ بچێتە دەرەوە دوای ئەوەی  ئاگاداری كردونەتەوە كە دەسەڵاتدارانی توركیا دەستوەردان دەكەن و بەو هۆیەشەوە ئەو وڵاتەیان بەخێرایی بەجێهێشتوە دوای ئەوەی كارەكەیان ئاشكرابووە.  

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand