بزوتنەوەی گۆڕان: دوای راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵوێستی فەرمیمان دەبێت
2018-10-20 18:20:06
( درەو میدیا):
لە راگەیەنراوێكدا جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت" لە دوای راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان هەڵوێستی فەرمی خۆی سەبارەت بە قبوڵكردنی دەرەنجامی هەڵبژاردنو بەشداریكردن یان نەكردن لە حكومەتی داهاتوی هەرێم رادەگەیەنێتو هەمو بژاردەیەك لە بەردەم بزوتنەوەی گۆڕاندا كراوەیە"
بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەشیان خستۆتە روو كە " داوای لێبوردن لە دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان دەكەین بۆ هەر كەموكوڕیو كەمتەرخەمییەك كە لەلایەن ئێمەوە بوبێو كاریگەری لەسەر كەمبونەوەی دەنگی بزوتنەوەی گۆڕان دروست كردبێت"
دەقی راگەیەنراوەكە
راگەیەنراوێك لە جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە:
ئەمڕۆ، 20/10/2018، جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا. لە كۆبونەوەكەدا چەند تەوەرێكی گرنگ تاوتوێ كرانو بڕیاریان لەبارەوە درا.
كوردستانو عێراقو ناوچەكە بە بارودۆخێكی هەستیاردا تێدەپەڕێتو گەلەكەمان لە بەردەم ئاڵنگاری گەورەدایە. جڤاتی نیشتیمانی لە سۆنگەی پەرۆشی بۆ پاراستنی دەستكەوتەكانی خەڵكی كوردستانو چارەسەركردنی سەرجەم ئەو كێشەو قەیرانانەی روبەڕوی هاوڵاتیان بوەتەوە تاوتوێی بارودۆخی ئێستاو داهاتوی كرد.
هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستانو دەرهاویشتەكانی یەكێك بو لە تەوەرە سەرەكییەكانی كۆبونەوەكە. هەروەها هەڵسەنگاندنو پێداچونەوە بە كارەكانی بزوتنەوەی گۆڕان تەوەرێكی دیكەی كۆبونەوەكە بو.
هاوڵاتیانی كوردستان...
ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانو رێژەی كەمی بەشداریكردنی دەنگدەران، بەڵگەی حاشاهەڵنەگرن لە نیگەرانی خەڵكی كوردستان لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستانو حوكمڕانیانو ئەو بارودۆخە ناهەموارەی بەرۆكی هاوڵاتیانی گرتوە. هەروەها نیشانەی نائومێدی دەنگدەرانە بە پرۆسەی هەڵبژاردن. هەمو ئەو ساختەكاریو پێشێلكارییانەی لە لایەن پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە ئەنجامدران، كاریگەریو رەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر هەڵبژاردنو پرۆسەی سیاسیو ناووناوبانگی هەرێمەكەمان دروست كرد.
ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان سوپاسی هاوڵاتیانی كوردستانو دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان دەكەین كە بەشدارییان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا كرد. سوپاسو پێزانینی زۆرمان بۆ هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان، كە شێلگیرانە كاریان بۆ سەرخستنی لیستی (148)ی بزوتنەوەی گۆڕان كرد. لە هەمان كاتدا داوای لێبوردن لە دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان دەكەین بۆ هەر كەموكوڕیو كەمتەرخەمییەك كە لەلایەن ئێمەوە بوبێو كاریگەری لەسەر كەمبونەوەی دەنگی بزوتنەوەی گۆڕان دروست كردبێت.
جڤاتی نیشتیمانی لە دوای راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان هەڵوێستی فەرمی خۆی سەبارەت بە قبوڵكردنی دەرەنجامی هەڵبژاردنو بەشداریكردن یان نەكردن لە حكومەتی داهاتوی هەرێم رادەگەیەنێتو هەمو بژاردەیەك لە بەردەم بزوتنەوەی گۆڕاندا كراوەیە.
لە كۆتاییدا جڤاتی نیشتیمانی بڕیاریدا بە بەستنی كۆنفرانسی نیشتیمانی لە ماوەیەكی دیاریكراودا، بۆ پێداچونەوەو هەڵسەنگاندنی ئەدای دامەزراوەكانی بزوتنەوەی گۆڕانو دەستورو دانانی نەخشەی داهاتوی بزوتنەوەی گۆڕانو ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ناوخۆیی لە سەرجەم ئۆرگانەكانی بزوتنەوەی گۆڕاندا.
بزوتنەوەی گۆڕان
20/10/2018