یەكگرتوو كورسی خۆی دەدات بە بزوتنەوە ئیسلامی ؟
2018-10-20 13:02:47
(درەو میدیا):
بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان كە لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان یەك كورسی هەیە، چاوی لەوەیە لە پەرلەمانی نوێدا پارێزگاری لە تاكە كورسییەكەی بكات.
بزوتنەوەی ئیسلامی لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ (یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانو رەوتی چاكسازیو گەشە) بە لیستێكی هاوبەش بەناوی لیستی "بەرەو ئیسلاح" بەشداری هەڵبژاردنی كرد.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو بزوتنەوەی ئیسلامی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، ئەگەر ژمارەی كورسییەكانی لیسی بەرەو ئیسلاح لە پێنج كورسییەوە ببێت بە شەش كورسی، پێشبنی دەكەن بە دەنگی كۆتای ژنان (لەیلا عەلی عەبدولعەزیز) كچی رابەری پێشووی بزوتنەوەكەیان سەركەوێت بۆ پەرلەمانی كوردستان.
ئەو سەرچاوەیە كە خۆی داویكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە، وتی: ئەگەر ژمارەی كورسییەكانی لیستی بەرەو ئیسلاح وەكو خۆی بمێنتەوەو نەبێت بە شەش كورسی، چاوەڕێ دەكەن (عەبدوڵا وەرتێ) لە بزوتنەوەی ئیسلامی سەركەوێت بۆ پەرلەمان.
ئەگەر بزوتنەوەی ئیسلامی هیچ كاندیدێكی سەرنەكەوێت بۆ پەرلەمان، ئایا یەكگرتووی ئیسلامی كاندیدێكی خۆی دەكێشێتەوە بۆ ئەوەی كاندیدی بزوتنەوە شوێنی بگرێتەوە، ئەمە پرسیارێكە كە لەناو لایەنە ئیسلامییەكان دروستبووە، بەتایبەتیش لەلای ئەندامانی كۆمەڵی ئیسلامی، كە پێشتر تۆمەتبار دەكران بەوەی ناهاتونەتە ناو لیستی بەرەی ئیسلامییەكانەوە بۆ هەڵبژاردن.
(درەو میدیا) بۆ وەرگرتنی وەڵامی ئەم پرسیارە پەیوەندی بە سەلام كەریم ئەندامی سەركردایەتی بزوتنەوەی ئیسلامییەوە كردو ئەو رایگەیاند، ئەوەی ئەوان لەچوارچێوەی یەك لیستدا كۆبونەتەوە، بەجێهێنانی ئەركی ئاینی بووە لەپێناو یەكڕیزی موسوڵمانان، واتە ئەوان لەسەر بنەمای باگراوەندی سیاسی كۆنەبونەتەوە، بەڵكو لەسەر بنەمای باگراوەندی ئاینی كۆبونەتەوە.
لەبارەی ئەوەی ئایا یەكگرتوو ئامادەیە دەست لە كورسییەكی خۆی هەڵگرێت بۆ بزوتنەوە، سەلام كەریم وتی: ئێمە بەهیچ جۆرێك لەسەر ئەوە رێكنەكەوتوینو هەركەسێك سەركەوێت بۆ پەرلەمان لە هەر لایەكمان بێت مافی خۆیەتی.
لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا شولن قەڵادزێی تاكە نوێنەری بزوتنەوەی ئیسلامی بوو لە پەرلەمانی كوردستان و كەسایەتیەكی رێز لێگیراوبوو لەناو هەموو فراكسیۆنەكاندا، شوان قەڵادزێی لە روداوێكی هاتوچۆدا گیانی لەدەستداو پاش ماوەیەك بزوتنەوەی ئیسلامی ئاری عەبدوللەتیفی لە شوێنی دانا.
بزوتنەوەی ئیسلامی لەیەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا لە 19/5/1992 لە ژێر ناوی ( لیستی ئیسلامی) بەشداری هەڵبژاردنی كردوو ( 49108 ) دەنگی بەدەست هێنا بەرێژەی ( 5.05%) بەڵام نەیتوانی بەربەستی یاسایی ( 7%) تێپەرێنێت بۆیە هیچ كورسیەكی بەدەست نەهێنا، لە كاتێكدا دەنگەكانی بەشی چوار كورسی پەرلەمان بوو.