Draw Media

كشانەوەی سوپای ئەمریكا لە سوریا داعش زیندوودەكاتەوە

كشانەوەی سوپای ئەمریكا لە سوریا داعش زیندوودەكاتەوە

2018-04-02 13:10:31


لیندسی گراهام سیناتۆری كۆماری لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا هۆشداریدەداتە دۆناڵد ترەمپ لە كشانەوەی سوپای ئەمریكا لە سوریا و دەڵێت ئەو هەنگاوە دەبێتە هۆی زیندووبونەوەی داعش و زیادتربوونی هەژموونی ئێران لە سوریا.
گراهام كە ئەندامی لیژنەی هێزە چەكدارەكانی ئەنجومەنی پیرانە لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵی " فۆكس نیوز" وتی" ئەو بڕیارە ئەگەر بدرێت خراپترین بڕیار دەبێت كە سەرۆك تاكلایەنە دەیدات".
گراهام وتیشی " رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامیمان لە لێواری شكستهێنان نزیك كردووەتەوە، ئەگەر دەتانەوێت لەو لێوارە دووری بخەنەوە سەربازانی ئەمریكا بكشێننەوە".
ئەمریكا نزیكەی دوو هەزار سەربازی لە رۆژئاوای كوردستان و باكوری سوریا هەیە، پێشبینیدەكرێت ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا سەرەتای هەفتەی داهاتوو بۆ تاوتوێكردنی هەڵمەتی دژ بە داعش لە سوریا كۆببێتەوە و بەرپرسێكی باڵای ئیدارەی ئەمریكا بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند راوێژكارەكاتی ترەمپ بڕوایان وایە سوپای ئەمریكا پێویستە بە ژمارەیەكی كەمتر لەوەی ئێستا لانیكەم بۆ دوو ساڵی تر لە سوریا بمێننەوە.
لەو بەرنامە تەلەفزیۆنییەدا لیندسی گراهام مەترسی راوێژكارانی كۆشكی سپی لە كشانەوەی خێرای سوپا ئەمریكا لە سوریا دووپاتكردەوە وتی " ئەوە كارەساتێكە ئامادەكاری بۆ دەكرێت."
وتیشی " هێشتا زیاتر لە 3000 چەكداری داعش لە سوریا دێن و دەچن، ئەگەر هێزەكانمان لەماوەیەكی نزیكمدا بكشێنینەوە، ئەو رێكخراوە دەگەڕێتەوە و شەڕی نێوان توركیا و كوردیش لە كۆنترۆڵ دەردەچێت و دیمەشق رادەستی ئێرانییەكان دەكرێت بە بێ‌ بوونی ئەمریكا".
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand