Draw Media

پێچەوانەی ترەمپ ئەندامانی كۆنگرێس متمانەیان بە چیرۆكەكەی سعودیە نییە 

پێچەوانەی ترەمپ ئەندامانی كۆنگرێس متمانەیان بە چیرۆكەكەی سعودیە نییە 

2018-10-20 10:56:36


(درەو میدیا):
پێچەوانەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، ئەندامانی كۆنگرێسی ئەمریكا متمانە و باوەڕیان بە چیرۆكەكەی سعودیە لەمەڕ كوژرانی جەمال خاشقچییەوە نییە.
دۆناڵد ترەمپ لەبارەی چیرۆكەكەی سعودیەوە وتی:" مایەی باوەڕ و متمانە پێبوونە و یەكەم هەنگاوی گرنگە".
ترەمپ جەختیشیكردەوە سەركێشی ناكات بە پەیوەندییەكانی واشنتۆن لەگەڵ سعودیەدا، بەڵام جەختیشیكردەوە  لەسەر تەواوكردنی لێكۆڵینەوەكان، چونكە بەوتەی ئەو ئەوەی رویداوە مایەی قبوڵكردن نییە.
هەروەها ترەمپ سعودیەی بە هاوپەیمانێكی گرنگی واشنتۆن وەسفكرد و رایگەیاند بەباشی دەزانێت دووربكەوێتەوە لە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستێك كە بەهاكەی 110 ملیار دۆلارە و ئاشكراشیكرد لە نزیكەوە لەگەڵ كۆنگرێس چاودێری  پرسەكە دەكات.
بە پێچەوانەی ئەو هەڵوێستەی ترەمپەوە، چەند ئەندامێكی دیاری كۆنگرێسی ئەمریكا متمانەیان بە چیرۆكەكەی داواكاری گشتی سعودیە بۆ كوژرانی خاشقچی نییە و گومانیان لێی هەیە و چەند ئەندامێكی دیاری كۆماریی و دیموكراتەكان داوایان كرد سزا بەسەر ئەو كەسانەدا بسەپێندرێت كە لە كوشتنی خاشقچییەوە تێوەگلاون.
لینزی گراهام سیناتۆری كۆماریی لە توتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر دەڵێت:" ئەگەر بڵێم گومان لە چیرۆكە نوێكەی سعودیەوە هەیە، ئەوا وەك سادەكردنەوەی كارەكە وایە".

گراهام وتیشی:" سەرەتا پێیان وتین كە بەڕێز خاشقچی كونسوڵگەریی بەجێهێشتووە و هەموو تێوەگلانێكی سعودیەش رەتدەكرایەوە، ئێستا دەڵێن شەڕە قسەیەك روویداوە لە كونسوڵگەرییدا و كوژراوە، هەموو ئەمەش بەبێ‌ ئاگاداری شازادەی جێنشین بووە".
هاوكات پۆپ میندێز سیناتۆری دیاری دیموكراتی لە لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیران، وتی:" هەتا ئەگەر چیرۆكی مردنی خاشقچی بە شەڕی چنگ پەسەندبكرێت، ئەوا ئەوە هیچ پاساوێك نییە بۆ كوشتنی".

لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵی " سی ئێن ئێن" سیناتۆری دیموكراتیی ریچارد پلۆمێنتال وتی:" قورسە باوەڕ بە لێكدانەوەكەی سعودیە بكرێت". داواشی كرد لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە  چۆنیەتی مردنی خاشقچی بكرێت.
لایخۆشیەوە كریس ڤان هۆڵن سیناتۆری دیموكراتی بەیاننامەكەی سعودیەی بە پەردەپۆشكردنی پرۆسەكە وەسفكرد و وتی:" پێویستە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هاوبەش نەبێت لەو پرۆسەی پەردەپۆشكردنەدا."

بەریتانیا لە هەنگاوی داهاتوو دەكۆڵێتەوە
لە یەكەمین كاردانەوەیدا بەریتانیا رایگەیاند هەنگاوی داهاتوو تاوتوێدەكات، دوای داننانی سعودیە بە كوژرانی جەمال خاشقچیدا لەناو كونسوڵگەرییدا لە ئەستەنبوڵ.
جێریمی هەنت، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە بەیاننامەیەكدا وتی:" پرسەی خۆمان ئاراستەی خێزانی جەمال خاشقچی دەكەین دوای پشتڕاستكردنەوەی مردنی، ئێستاش راپۆرتەكەی سعودیە و هەنگاوەكانی دواتر تاوتوێدەكەین و كوشتنی خاشقچی رووداوێكی تۆقێنەر بوو، پێویستە بەرپرسەی ئەو رووداوە لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكرێت".

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand