Draw Media

وەزیرە سیادیەكەی كورد دەبێتە جێگری عادل عەبدولمەهدی 

وەزیرە سیادیەكەی كورد دەبێتە جێگری عادل عەبدولمەهدی 

2018-10-19 20:03:12


 ( درەو میدیا):  
" ململانێی نێوان یەكێتی و پارتی سەنگی كوردی بەتەواوی لە بەغداد لاواز كردووە، بە جۆرێك ئێستا لایەنە عێراقیەكانیش ئەو حیسابە بۆ كورد ناكەن، بەو پێیەی بڕیارە لە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی سێ وەزارەت بۆ كورد دیاری بكرێت، كە ئەوانیش ( وەزارەتی داد و كۆچ و كۆچبەران و دارایی)یە كە وەزارەتی داد بۆ یەكێتی دەبێت و خالید شوانی كاندیدی یەكێتیە بۆ ئەو پۆستەو دوو وەزارەتەكەی تریش بۆ پارتیە" ئەمە لێدوانی كاوە محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی گۆڕانە كە بۆ "درەو میدیا " دوا.

كاوە محەمەد، ئاماژەی بەوەشكرد" ئێمە لە فراكسیۆنی گۆڕان، هەوڵ ئەدەین ژمارەی وەزارەتەكانی كورد بكرێتە چوار وەزارەت لە پێناو خۆمان نا، بەڵكو لە پێناو ئەوەی ئەم دابەشكارییە نەبێتە بنەما بۆ سەنگی كورد لە حكومەتی عێراق، چونكە بەم شێوەیە كورد 13% دەبێت لە حكومەتی عێراق لە كاتێكدا لە پەرلەمانی عێراق كورد 18%، هەروەها 5 بۆ 6 بۆ سونە دیاریكراوەو شیعە 12 بۆ 13 وەزیر دیاریكراوە، ئەو لاوازیەی كورد دەگەڕێتەوە بۆ ململانێی نێوان یەكێتی و پارتی لە بەغداد"
سەبارەت بە كاتی پێشكەشكردنی كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی بە پەرلەمان، كاوە محەمەد ئاماژەی بەوەكرد كە پێش وادەی كۆتایی خۆی رۆژی دووشەممە یان چوارشەممەی داهاتوو كابینەكەی پێشكەشدەكات كە پێدەچێت 17 وەزارەت پێشكەشبكات، لە كۆی 22 وەزارەت كە پێدەچێت وەزارەتە ئەمنییەكان دوابخرێت بۆ كاتی تر"
سەبارەت بە جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراقیش كە لە كاابینەكانی پێشوو كورد جێگرێكی سەرۆك وەزیرانی هەبووە( جگە لە كابینەكەی عەبادی كە دوایی لایبرد ) و  پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر بە رەسمی داوای پۆستی جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراقی كردووە  كاوە محەمەد ئاماژەی بەوەكرد" ئەگەرێكی لاواز هەیە عادل عەبدولمەهدی جێگر دابنێت، هەوڵێكیش هەیە كە ئەو وەزارەتە سیادییەی كە دەدرێت بە كورد بكرێتە جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری دارایی كە بەر پارتی دەكەوێت و وەزارەتی دارایی دەبێت" 
لە كابینەكانی پێشوی حكومەتی عێراق( كابینەی ئەیاد عەلاوی ، ئیبراهیم جەعفەری ، نوری مالیكی ،  حیدەر عەبادی) كورد پێنج وەزارەت و جێگری سەرۆك وەزیرانی هەبووە. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand