داهاتی هەرێم 366 ملیار دیناری لە كۆی موچەی موچەخۆران زیاترە
2018-10-18 18:39:18
راپۆرتی / محەمەد رەئوف
رۆژ لەدوای رۆژ لەگەڵ بەرزبونەوەی نرخی نەوتدا داهاتی هەرێمی كوردستان زیاد دەكات، بەجۆرێك ئێستا كۆی داهاتەكانی هەرێم زیاتر لە یەك ترلیۆن دینارە.
داهاتەكانی هەرێم خۆی لە ( داهاتی نەوت ، بەشە پارەی بەغداد، داهاتی ناوخۆ، پارەی ئەمریكا) كە كۆی گشتی ئەو داهاتانە بەشی تەواوی موچەی موچەخۆران و پرۆژە خزمەتگوزارییەكانیش دەكات.
یەكەم/ داهاتی نەوت
هەرێمی كوردستان لە مانگی ئەیلولی 2018 دا رۆژانە ( 399.032 ) بەرمیل نەوتی رەوانەكردووە كە كۆی گشتی ئەو مانگە ( 12.370.000) بەرمیل نەوتی رەوانەی بەندەری جیهانی توركیا كردووە، كە بەپێی راپۆرتی (گۆشەی ئابوری ژووری توێژینەوەی بزوتنەوەی گۆڕان)، لە مانگی ئەیلولدا نرخی بەرمیلێك نەوت 77 دۆلار بووەو هەرێمی كوردستان بە 8 دۆلار كەمتر لە جیهان فرۆشتویەتی بۆ یە نرخی بەرمیلێك نەوتی هەرێم بە 69 دۆلار فرۆشراوە، بەو پێیەش داهاتی مانگی ئەیلولی هەرێمی كوردستان ( 853.530,000 $) هەشت سەدو پەنجاو سێ ملیۆن و 530 هەزار دۆلار بووە، لەو بڕە پارەیە ( 135 ملیۆن دۆلار) قەرز دەداتەوە بە توركیا و 25 ملیۆن دۆلار كرێی گواستنەوەو 35 دۆلاریش بۆ كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانە، واتا مانگانە ( 195 ملیۆن دۆلار)ی دەڕوات كەواتا كۆی داهاتی نەوت بۆ مانگی ئەیلول ( 658,503,000$) شەش سەدو پەنجاو هەشت ملیۆن و 530 هەزار دۆلار ئەمە داهاتی نەوتە بۆ یەك مانگ دەكاتە ( 790,236,000,000 ) حەوت سەدو نەوت ملیارو 236 ملیۆن دینار.
دووەم/ داهاتی ناوخۆ
داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بە پێی وتەی وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان ( 120 ملیار دینار) ە كە زیاتر بۆ خەرجی وەزارەتەكانە
سێیەم/ پارەی عێراق
ئەو پارەیەی كە مانگانە لە عێراقەوە دێتە هەرێمی كوردستانەوە ( 317 ملیار دینارە)، چاوەڕەوان دەكرێت لەدوای پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقەوە زیادبكرێت.
چوارەم/ پارەی ئەمریكا
ئەو پارەیەی كە مانگانە ئەمریكا بۆ پێشمەرگەی تەرخان دەكات ( 25 ملیۆن دۆلار) ە واتا ( 30 ملیار دینار) .
بەو پێیەش كۆی گشتی داهاتەكانی هەرێم دەكاتە :
داهاتی نەوت ( 790,236,000,000 ) حەوت سەدو نەوت ملیارو 236 ملیۆن دینار + داهاتی ناوخۆ ( 120 ملیار دینار) ە + پارەی بەغداد ( 317 ملیار دینارە) + پارەی ئەمریكا ( 30 ملیار دینار)، كۆی گشتی دەكاتە = 1,257,236,000,000 ( یەك ترلیۆن و 257 ملیار و 236 ملیۆن دینار )
بە وتەی بەرپرسانی هەرێمی كوردستان مانگانە بۆ موچە پێویستیان بە ( 897 ملیار دینار) هەیە بەو پێیەش داهاتی مانگانە (1,257,236,000,000 دینار - 897,000,000,000 دینار = 366,000,000,000 دینار لەكۆی موچە دەمێنێتەوە
واتا داهاتی هەرێم بەشی موچەی تەواوەتی موچەخۆران دەكات و 366 ملیار دیناریشی زیادە كە بۆ خەرجی وەزارەتەكان و پرۆژە خزمەتگوزارییەكان دەبێت.
ئەمە لە كاتێكدایە كە تا ئێستاش حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرەوامە لەسەر پاشەكەوت موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.