Draw Media

دیموكراتەكان بەدوای پەیوەندییە داراییەكانی سعودییەو ترەمپدا دەگەڕێن

دیموكراتەكان بەدوای پەیوەندییە داراییەكانی سعودییەو ترەمپدا دەگەڕێن

2018-10-18 16:44:23


 ( درەو میدیا): 

لەدوای دیارنەمانی ڕۆژنامەنوسی سعودی جەمال خاشقچی، دیموكراتەكانی ئەمریكا فشارەكانیان لەسەر (دۆناڵد ترەمپ) سەرۆكی وڵاتەكەیان چڕكردوەتەوەو ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی پیران داوا لە ترەمپ دەكەن، پەیوەندییە داراییە گریمانەكراوەكانی لەگەڵ سعودیە ئاشكرابكات. 
دوێنێ‌ چوارشەممە (دۆناڵد ترەمپ) سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكان ڕایگەیاند، نایەوێت دەستبەرداری سعودییە، دۆستی نزیكی ئەمریكا بێت بەهۆی دیارنەمانی خاشقچی و، داوای بەدەستهێنانی تۆمارە دەنگییەكانیشی كرد، كە سەرچاوە توركییەكان كردویانە بە بەڵگەی كوشتنی ناوبراو لەلایەن سعودییەوە.

ترەمپ راشیگەیاند چاوەڕوانی ڕاپۆرتێكی تێرروتەسەل دەكات لەلایەن مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی، كە چەند ڕۆژێك لەمەوبەر سەردانی سعودیە و توركیای كرد بۆ ئەو مەبەستە. 
ئەندامانی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا داوایان لە دۆناڵد ترەمپ) كردووە پەیوەندییە داراییە گریمانەكراوەكانی لەگەڵ سعودییەكان ئاشكرابكات، نیگەرانی خۆشیان لە ئەگەری بەریەككەوتنی بەرژوەندییەكان دەربڕیوە.
ئەوە لەكاتێكدایە (11) سیناتۆری دیموكراتەكان لە نامەیەكی كراوەدا داوایان لە سەرۆك و كوڕەكانی (دۆناڵد جی ئار و ئەریك) كردووە، سەرجەم بەڵگەكانی پەیوەست بە وەبەرهێنان و وەرگرتن و حەواڵە داراییەكان لەگەڵ شانشینی عەرەبی سعودیی، بەوانەی ئەندامانی خانەوادەی شانشین و هاوڵاتیانی سعودیەشەوە بۆ ڕێكخراوی ترەمپ لە ماوەی 10ساڵی ڕابردوودا ئاشكرابكات.
ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە تویتێكدا ڕایگەیاند: هیچ بەرژەوەندییەكی دارایی لەگەڵ شانشینی عەرەبی سعودیدا نیە، تەئكیدیشی كردەوە ئەوهەواڵانەی باس لە بوونی بەرژوەندی ئەو دەكەن لەگەڵ سعودییە دورن لە ڕاستییەوە.
سیناتۆرەكانی ئەمریكا داوای وەڵامی ئەو گفتوگۆ گریمانەكراوانەش دەكەن كە پەیوەستە بە وەبەرهێنان یاخود گرێبەست لەگەڵ سعودیە یان وەبەرهێنەری سعودی دەكەن، لە رۆژی 16ی حوزەیرانی ساڵی 2015، ئەوكاتەی كە ترەمپ خۆكاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی ڕاگەیاندووە، سیناتۆرە ئەمریكییەكان پرسیار لە ئەگەری وەرگرتنی دیاری یان كاڵای بەنرخ دەكەن كە لەلایەن هاوڵاتیانی سعودیەوە پێشكەش بە سەرۆكی ئەمریكا كرابێت و، قسەش لەبارەی ئەگەری بەرژەوەندی هاوبەش لەنێوان ترەمپ و ڕێكخراوەكەی و شانشی عەرەبی سعودییە دەكەن. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand