زۆرینەی هێزە سیاسییەكان داوای وەزارەت لە عەبدولمەهدی دەكەن
2018-10-18 12:05:30
(درەو میدیا):
لەكاتێكدا عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو بەپێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت سەرقاڵی ئامادەكارییە بۆ ڕاگەیاندنی ناوی وەزیرەكانی كابینەكەی لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا، ناكۆكی قوڵ لەنێوان هەندێك لە هێزە سیاسییەكان دروستبووە سەبارەت بەو پێكهاتە وزارییە.
چاوەڕواندەكرێت، كابینەی نوێی حكومەت لە (22 بۆ 23) وەزارەت پێكبێت، كە رێژەی 70%ی بەتەوافوقی سیاسی لەنێوان هێزو لایەنەكان یەكلاكراوەتەو رێژەی 30%یشی، بۆ سەربەخۆ تەكنۆكراتەكانە.
سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار بە ڕۆژنامەی (شەرق ئەوسەت)ی، ڕاگەیاندووە، تائێستا عەرەبی سوننە كاندیدەكانیان بۆ پۆستە وزارییەكان پێشكەش نەكردووە، سەرەڕای كۆتایهاتنی ماوەی دیاركراو بۆیان، كە دوێنێ 17ی، مانگ بوو.
دابەشكاریی لەسەر بنەمای ئەنجومەنی حوكم
بەگوێرەی قسەی سەرچاوەكە، كە شەرقلئەوسەت ناوەكەی ئاشكرانەكردووە، ئاڕاستەیەك هەیە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لەسەر بنەمای "ئەنجومەنی حوكم"، كە پۆڵ بریمەر حاكمی مەدەنی ئەمریكا لە عێراق دوای روخانی رژێمەكەی سەددام لەساڵی 2003دا پێكیهێنا، ئەگەر لەسەر ئەو بنەما حكومەت پێكبهێنرێت، ئەوا:
• ( 13) وەزارەت بەر پێكهاتەی شیعە دەكەوێت
• سوننەكان (5) وەزارەت
• كورد (3) وەزارەت
• كەمینەكان (1) وەزارەت
سوننەكان پێشتر ئەمجۆرە دابەشكارییەیان ڕەتكردوەتەوەو بەنیازی وەرگرتنی (6) وەزارەتن، لە وەزارتە سیادییەكانیشدا وەزارەتی (نەوت)یان بەلاوە پەسەندترە لە وەزارەتی بەرگری.
عەبدولمەهدی ناوی 12 وەزیر پێشكەش دەكات
لەلایەكی ترەوە، سەرچاوە عێراقییەكان ئاماژە بەوەدەكەن، سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو بەنیازە لەكۆی (22) وەزارەتی كابینەكەی ناوی (12) وەزیر پێشكەشبكات، بەهۆی ئەو ململانێ توندەی لەسەر پێنج وەزارەتە سیادییەكە (نەوت- دارایی- دەرەوە- ناوخۆ- بەرگریی) لەنێوان هێزو لایەنە سیاسییەكاندا سەریهەڵداوە.
ئەندامێكی هاوپەیمانی میحوەری نیشتمانی سوننەكان دەڵێت" سەركردەكانی هاوپەیمانێتیەكەیان نەگەیشتونەتە ڕێككەوتنی كۆتایی سەبارەت بە كاندیدەكانیان بۆ وەرگرتنی وەزارەت لە كابینەكەی عەبدولمەهدی"، تەئكیدیشی كردووە، ئەم ناكۆكییەكانیان ڕەنگە بێتەهۆی دواخستنی ڕاگەیاندنی ئەو وەزارەتانەی كە بۆ سوننەكان دیاریكراون، بەپێی سیستمی پشكێنە.
شیعەو سوننەو كورد داوای پشكی خۆیان دەكەن
بەوتەی سەرچاوەكە كە قسەی بۆ ڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید) كردووە، تائێستا عەبدولمەهدی ئاماژەی بەوەنەداوە، ئەو وەزارەتانە دەداتەوە بە سوننەكان كە لە حكومەتەكانی پێشوودا پێیاندراوە، بەڵام سەركردە سونییەكان سورن لەسەر ئەوە، بەوپێیەی ئیستحقاقی هەڵبژاردنی خۆیانە، جگە لەوەی عورفێكە پرۆسەی سیاسی عێراقی لەسەر بنیاتنراوە لەدوای ساڵی 2003وە.
باسلەوەشدەكات، خواستی بەدەستهێنانی وەزارەت تەنها پەیوەست نیە بە هاوپەیمانی میحوەر، بەڵكو هاوپەیمانێتییەكانی تری وەك (فەتح)و (ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا)و (نەسر)و حزبە كوردییەكان داوای پۆست دەكەن لە حكومەتەكەی عەبدولمەهدی، باسی لە ئەگەری دابەشكردنی وەزارەتەكان كردووە لەسەر بنەمای پارێزگاكان.
ئەم مشتومڕو ململانێ سیاسییە لەكاتێكدایە، دوێنێ نوسینگەی ڕۆژنامەوانی عادل عەبدولمەهدی ئاشكرایكرد، سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو بەمنزیكانە كابینەی حكومەتو پرۆگرامی حكومی پێشكەشدەكات.
ڕونیشیكردوەتەوە، عەبدولمەهدی سەرقاڵی پەیوەندییە لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمانو سەركردەی كوتلەكانی پەرلەمان، بۆ دەستنیشانكردنی ڕۆژێكی گونجاو كە بەمزوانە ڕادەگەیەنرێت.