Draw Media

هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی گۆڕان چۆن و بە چی میكانیزمێك دەكرێت؟

هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی گۆڕان چۆن و بە چی میكانیزمێك دەكرێت؟

2018-10-17 18:11:52


راپۆرتی: درەو میدیا
ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان هەنگاوەكانی چڕكردوەتەوە بۆ هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی و گۆڕانكاری لە تەواوی ئۆرگانەكاندیدا، بەتایبەتیش دوای كەمبونەوەی دەنگ و كورسییەكانی لە هەردوو هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق و 30ی ئەیلولی پەرلەمانی كوردستان، هەندێك هەڵبژاردن و گۆڕانكارییە ناوخۆییەكان بە تاكە رێگەی چارەسەركردنی كێشەكانی گۆڕان و دەربازبونی لە قەیرانە ناوخۆییەكانی لێكدەدەنەوە كە خوێنی نوێ و دەم و چاوێ نوێ دێنە پێشەوەو تاكە رێگەی چارەسەركردنی كێشەكانێتی، لەبەرامبەردا  هەندێك پێیان وایە كە گۆڕانكاریە ناوخۆییەكانی گۆڕان لە جەوهەردا بۆ تەسفیەكردن و دەرپەڕاندنی بەشێك لە دەنگە ناڕازیەكانە.

هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی گۆڕان

دەبوو 12/12/2016 هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەنجامبدرایە، پێش ئەو وادەیە نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری كۆچكردووی بزوتنەوەكە كە ئەوكات بەهۆی ناجێگیری دۆخی تەندروستییەوە لە بەریتانیا بوو، نامەیەكی بۆ بەرپرسانی بزوتنەوەكە نارد و لە یەكێك لە خاڵانەكانی داوای كردبوو هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان بۆ ماوەیەك دوابخرێت، بەهۆی نەگونجاوی بارودۆخەكەوە.
هەندێك خوێندنەوەی ئەوە بۆ ئەو داوایەی نەوشیروان مستەفا دەكەن "لەو كاتەدا خۆی لە هاوكێشەی بڕیاردان دووربووە و ترسی هەبووە لە دەستوەردان و قوڵكردنەوەی ململانێیە ناوخۆییەكان، وێڕایی نالەباری دۆخی سیاسی و ئابوری و هەڕەشەی تیرۆر لەسەر هەرێمی كوردستان". 
ئەوە لە كاتێكدایە، لە پەیڕەوی ناوخۆی گۆڕاندا هیچ بڕگەیەك ئاماژەی بەدواخستنی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی نەكردووە، هەروەك ئەوەشی تیادا نەنوسراوە "كێ‌" یان كام "ئۆرگانە"ی، گۆڕان مافی دواخستنی هەڵبژاردنی هەیە.
ڕەنگە تاكە بڕگەیەك كە جۆرێك لە شەرعەیەتی دابێت بەدواخستنی (كۆنفرانسی نیشتمانی) بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەبێت، كە چوار ساڵێك جارێك و پێش هەڵبژاردنی گشتی(پەرلەمان) لە هەرێمی كوردستان ئەنجامدەدرێت، بەوەش بەهۆی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كۆنگرەی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان دواخراوە، بەڵام دیسان ئەمە ناكاتە پاساو بۆ دواخستنی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان، كە بەهەڵبژاردنی دەستەی بازنە و ڕایەڵەكان دەستپێدەكات و دواتر ئەوانیش لەسەر ئاستی قەزاكان دەستەی قەزاكان هەڵدەبژێرن، ئەوانەی لە هەڵبژاردنەكەدا بۆ باژێڕوانی قەزاكان سەردەكەون ئۆتۆماتیكی دەبنە ئەندامی جڤاتی نیشتمانی و نوێنەرایەتی شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن لەو دامەزراوەیە، كە بەدامەزراوەی سەركردایەتیكردنی گۆڕان و ناوەندی بڕیاری سیاسی ئەو بزوتنەوەیە دادەنرێت، ڕێكخەری ژوورەكانیش كە ژمارەیان(12)یە، لەڕێی ڕێكخەری گشتییەوە دیاریدەكرێن  و ناوەكانیان  ڕادەستی جڤاتی نیشتمانی دەكات بۆ پەسەندكردن.
بەپێی دەستوری بزوتنەوەی گۆڕان هەڵبژاردنی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی هەر دوو ساڵ جارێك ئەنجام دەدەرێت، بە وپێیەش ئەم جڤاتەی ئێستا كە لە 12/12/2014 هەڵبژێردراوە دەبوو لە 12/12/2016 خولەكەی تەواوبكات و سەرلەنوێ‌ هەڵبژاردنی بۆ بكرێتەوە،  بەڵام ماوەی دوو ساڵە هەڵبژاردنی بۆ نەكراوە و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی حزبەكە بێت دوو ساڵە شەرعیەتی ڕێكخراوەیی بەسەرچووە، لەگەڵ ئەوەشدا لە 25/7/2017 ڕێكخەری گشتی و خانەی ڕاپەڕاندنی هەڵبژاردووە،  كە ماوەی تەمەنی ئەوانیش(2)ساڵە.
خاڵێكی تر كە جێگەی باسە لەم ڕاپۆرتەی "درەومیدیا" دا، لە هەندێك شار و ناوچەی وەك (كەركوك و بادینان و كەلار) لەسەرەتای دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە تائێستا هەڵبژاردنی ناوخۆیی  تیادا بەڕێوەنەچووە.
 لەگەڵ  ئەوەی كۆنفرانسی نیشتمانیش (كۆنگرە) پاساویشی هەبووبێت بۆ داخستن، هۆكارێك بۆ ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی گۆڕان نەخراوەتەڕوو، چونكە كاری سەرەكی كۆنفرانسی نیشتمانی دانانی بەرنامەی سیاسییە بۆ چوارساڵی داهاتوو, هەڵسەنگاندنی كاری ڕێكخراوەییە لە چوارساڵی ڕابردوودا، هاوكات توانای ئەوەشی هەیە دەستكاری پەیڕەوی ناوخۆیی بزوتنەوەكە بكات، واتە بەپێچەوانەی حزبەكانی تر، بزوتنەوەی گۆڕان لە كۆنفرانسی (نیشتمان)یدا، هیچ جۆرە هەڵبژاردنێك ئەنجامنادات.

خواستی گۆڕانكاریی
لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و دابەزینی كورسییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ نیوە، داواكاری گۆڕانكاری و تازەبوونەوە بووە داواكارییەكی پێویست و لەوچوارچێوەیەدا ژمارەیەك لە هەڵسوڕاوانی ئەوحزبە فشارەكانیان بەو ئاڕاستەدا چڕكردەو ەو داوای پێداچونەوەی گشتگیریان كرد لەڕێی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ناوخۆیی بۆ سەرجەم ئۆرگانەكانەكانی بزوتنەوەی گۆڕان، پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش جارێكی تر ئەم دوایە بەچڕی سەرهەڵدایەوە و بەچەند ڕۆژێك پێش هەڵبژاردن كە ڕۆژی 30 ئەیلولی ڕابردوو بەڕێوەچوو، ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند، دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەنجامدەدەن و گۆڕانكاری لە تەواوی ئۆرگانەكانی بزوتنەوەكەدا دەكەن.
تائێستا بزوتنەوەی گۆڕان بەڕەسمی هیچ ڕاگەیەندراو، یاخود نوسراوێكی لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانەوە بڵاونەكردوەتەوە، كەناڵی ( KNN) كە زمانحاڵی ڕەسمی ئەو حزبەیە، بەبێ‌ ناوهێنانی هیچ سەرچاوەیەكی ڕەسمی، شەوی دووشەممەی ڕابردوو لە ڕاپۆرتێكدا كە لە شێوەیەی زانیاری بەدەستهاتوو بڵاویكردەوە، ڕایگەیاند" لەماوەی كەمتر لە دوو مانگدا بزوتنەوەی گۆڕان ڕێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ناوخۆیی، هەر لەو ماوەیەدا هەنگاوە كردارییەكان بۆ خۆڕێكخستنەوەی بزوتنەوەی گۆڕان دەستپێدەكات كە بریتین لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ناوخۆیی و بەستنی كۆنفرانس و كۆنگرە". 
ڕاشیگەیاندوو"بەشێكی دیكەی هەنگاوە كردارییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان ڕاستەوخۆ لەدوای بەستنی كۆنگرە، بریتی دەبێت لە بڕیاردان لەسەر ئەنجامدانی گۆڕانكاری لە ئۆرگانەكانی بزوتنەوەكە، كە هەر لە ڕێكخەری گشتیەوە تاكو ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن و ئەندامانی هەردوو جڤاتی نیشتمانی و گشتی و بەرپرسی ژوورەكان و باژێڕوانەكان دەگرێتەوە. 
لە ڕاپۆرتەكەی كەناڵی "KNN"دا، هاتووە، ئامانجی ئەو گۆڕانكارییانە" چونەوە سەر شاڕێی ئامانجە سەرەكییەكانی بزوتنەوەی گۆڕانە". 

هەڵبژاردن چی دەگۆڕێت

بەپێی زانیارییەكانی "درەو میدیا" بزوتنەوەی گۆڕان پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان، (كۆنفرانسی نیشتمانی) ڕێكدەخات و بۆ بەداواچونی ئەو پرسە، پرسیاری لەزیاد لە سەرچاوەیەكی ئاگادار كرد كە ئاخۆ گۆڕان دەتوانێت پێش هەڵبژاردن كۆنگرەی نیشتمانی بكات؟ لە وەڵامدا سەرچاوەكانی "درەو میدیا" ئاماژە بەوەشكرد كە هیچ بڕگەیەكی پەیڕەوی ناوخۆ نیە ڕێگری لەو كارەبكات.
ڕەنگە ئامانجی پێشخستنی "كۆنفرانسی نیشتمانی" پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ دەستكاریكردنی پەیڕەوی ناوخۆی بزوتنەوەكە و گۆڕینی هەندێك لە بڕگە و مادانە بێت كە لەگەڵ ئەو هەلومەرجە تازەیەی هاتوەتە پێشەوە ناگونجێ، یان لە رابردوودا بەربەست و ڕێگری بۆ هەندێك لەو هەنگاوانە داناوە كە بەرپرسانی بزوتنەوەكە ویستویانە بینێن و دەستورەكە ڕێگر بووە، كۆنفرانسی نیشتمانی ئەو دەرفەتەیان دەداتێ‌ دەستكاری بكەن و هەمواری بكەنەوە. 

هاوكات لە چەند رۆژی رابردوودا عەلی حەمە ساڵح, هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان لە نوسینێكدا كە لاپەڕەی تایبەت خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردوەتەوە دەڵێت"بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاری گۆڕانكاری داوە لە سەرجەم ئۆرگانەكان،  لە ماوەی  دوو مانگی ئایندەدا كۆنفرانسی ناوخۆیی و هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان دەكەین، لە خوارەوە بۆ سەرەوە گۆڕانكاری دەكرێت، بە هەڵبژاردنی جڤاتێكی نوێ‌ و خانەی ڕاپەڕاندن و ڕێكخەری گشتی".      
خاڵێكی تر كە مایەی ڕاوەستانە، چی  لە ڕاپۆرتەكەی كەناڵی (KNN) هەم لە نوسینەكەی (عەلی حەمە ساڵح)دا، ئاماژە بە گۆڕینی ڕێكخەری گشتی و خانەی ڕاپەڕاندن كراوە، لە كاتێكدا بە پێچەوانەی جڤاتەكان كە دووساڵە ماوەكەیان تەواوبووە، ڕێكخەر و خانەی ڕاپەڕاندنیش  هێشتا نزیكەی 10 مانگیان ماوە بۆ تەواوكردنی دوو ساڵەكەیان و دوای كۆنفرانسی نیشتمانی و تەواوبونی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانیش، نزیكەی 7 مانگ ماوەیان دەمێنێت.

رێكخەری گشتی و ئەركەكانی
 بەگوێرەی دەستوری ناوخۆی گۆڕان كە لە یەكەمین كۆنگرەی نیشتمانی ئەو حزبەدا پەسەندكراوە رێكخەری گشتی ئەم ئەركانەی هەیە:
-    سەرپەرشتی كۆبوونەوەكانی خانەی راپەڕاندن و جڤاتی نیشتمانی دەكات.
-    لەبەردەم جڤاتی نیشتمانیدا بەرپرسیارە.
-    لەكاتی ئامادەنەبوونیدا، یەكێك لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن رادەسپێدرێت بۆ ئەنجامدانی ئەركەكانی.

هەڵبژاردنەوەی رێكخەری گشتی
بە گوێرەی مادەی یانزەیەمی دەستوری گۆڕان، لە كاتی چۆڵبوونی جێگەی رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە لە سۆنكەی وازهێنانی یان هەر هۆیەكی ترەوە بۆ پڕكردنەوەی هەڵبژاردن دەكرێت و ئەمانە بۆیان هەیە خۆیان بۆ ئەو پۆستە كاندید بكەن.
-    ئەندامانی جڤاتی  نیشتمانی
-    ئەندامانی جڤاتی گشتی
-    كەسایەتی دیاری بزوتنەوەی گۆڕان لە دەرەوەی هەردوو جڤات
هەڵبژاردنی رێكخەری گشتی لەناو جڤاتی نیشتمانیدا دەكرێت و  بە دەنگدانەی نهێنی و راستەوخۆ بە زۆرینەی رەها هەڵدەبژێرێت، ئەگەر لە جاری یەكەمی هەڵبژاردندا دەنگی پێویستی نەهێنا، بۆ جاری دووەم هەڵبژاردن بۆ یەكەمین و دووەمین كەس دەكرێت كە زۆرترین دەنگیان هێناوە و ئەوسا زۆرینەی سادە بەسە بۆ هەڵبژاردنی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand