ژمارەیەك ئەفسەر و بەرپرسی ئەمنی دەبنە قاچاغچی نەوت و پارە
2018-10-17 17:50:12
راپۆرتی: درەو میدیا
بە تۆمەتی (بەقاچاغبردنی نەوت و سپی كردنەوەی پارە) ژمارەیەك بەرپرسی ئەمنیی هەولێر دەستبەسەركراون و هەندێكیشیان هەڵاتوون، بەپێی زانیارییەكانی " درەو میدیا" ماوەی زیاتر لە دوو هەفتە بە دیاریكراویش لە 6 و 7 ی ئەم مانگەوە دەستكراوە بە لێكۆڵینەوە لە ژمارەیەك بەرپرسی ئەمنی بە تۆمەتی كونكردنی بۆری نەوت و بە قاچاغبردنی و سپیكردنەوەی پارەی ئەو نەوتە بەقاچاغبراوە.
سەرەداوی روداوەكە
دوای ئەوەی ئاسایشی هەولێر دەستدەگرێت بەسەر زیاتر لە ( یەك ملیۆن و 380 هەزار) دۆلار واتا ( 138 دەفتەر دۆلار) كە لە ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگردا بووەو هێنراوە بۆ بازاڕەكانی هەرێم و ساغكراوەتەوە، لە رێگەی مەخمور هەولێر دەستگیردەكرێت، كە پارەكە لە گەیارە و شەرگاتەوە هاتووە،، گومانەكە زیاتر دەبێت كاتێك دەردەكەوێت شۆفێری ئەو ئۆتۆمبیلە بارهەڵگرە پاسەوانی یەكێك لەو ئەفسەرانەیە كە ئێستا دەستبەسەركراوە، كاتێك دەردەكەوێت هێنانی پارەكە بۆ سپیكردنەوەیەو بەهۆی بەقاچاغبردنی نەوتەوە دەستكەوتووە، لەوێوە دەزگا ئەمنییەكان دەستدەكەن بە لێكۆڵینەوە.
تێوەگلانی بەرپرسانی ئەمنی
زانیارییەكانی " درەو میدیا" ئاماژە بەوە دەكەن كە ئێستا نزیكەی ( 28 ) كەس دەستگیركراون، بە تۆمەتی سپیكردنەوەی پارە و بەقاچاغبردنی نەوت لە نێو ئەو كەسانەدا بەپێی زانیارییەكان هەریەك لە جێگری بەڕێوەبەری ئاساییشی هەولێر، بەرپرسی جموجوڵی ئاساییشی هەولێر، بەرپرسی دژە تیرۆر لە ئاساییشی هەولێر، بەڕبوەبەری ئاساییشی ( بنەسڵاوە ، بەحرەكە، گوێر) و بەرپرسی ژمارەیەك بازگە و ژمارەیەك بەرپرسی پێشمەرگە و پۆلیسیش تێوەگلاون، بەشێكیان دەستگیركراون و بەشێكیشیان دەستبەسەرن و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.
قاچاغچی نەوت
دەستگیركردنی ئەو بەرپرسانە بە تۆمەتی كونكردنی بۆری نەوتە، كە ماوەیەكی زۆرە نەوتی لێوە بە قاچاغ دەبەن و لە بازاڕی رەشی هەرێمدا ساغی دەكەنەوە و تۆڕێك لە بەرپرسانی ئەمنی تێوەگلاون و بازرگانیان بە نەوتەوە كردووە وپارەیان سپیكردوەتەوە، ئەو بۆریە نەوتەی كە نەوتی لێوە بە قاچاغبراوە، بۆری بیرە نەوتییەكانی چەڵتوك لە مەخمور و چل هەوێزە و كێڵگە نەوتییەكانی گوێرن كە بە بۆری دەچنە پاڵێوگەی كار ، ئەو بۆریە نەوتە كونكراوەو رۆژانە نزیكەی 30 تەنكەر نەوتیان لێوە بردووەو بە قاچاغ لە بازاڕەكانی هەرێم ساغیانكردوەتەوە، پارەی ئەو نەوتەشیان لە بازارەكانی هەرێمدا سپیكردوەتەوە.
هەڵوێستی بەرپرسانی حكومەت
لەگەڵ ئەوەی برپرسانی حكومەتی هەرێم دان بەوەدا دەنێن كە روداوەكە راستە و لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن، بەڵام بەشێك لە بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوە رەتدەكەنەوە كە ئەو تۆڕەی دەستگیركراوە بەرپرسی ئەمنییان تێدا بێت، هەروەك بەڕێوەبەری ئاساییشی هەولێر ئەگەرچی دانی بەوەدا نا کە ئەفسەرێكیان بۆ لێكۆڵینەوە رەوانەكردووە، بەڵام دەنگۆی تێوەگلانی بەرپرسانی ئەمنی رەتكردوەتەوە<
سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هەواڵەكەی پشتڕاست كردەوە و رایگەیاند دەستگیركردنی ئەو بەرپرسانە لەسەر بنەمای هەندێك راپۆرت بووە و ئێستاش لێكۆڵینەوەیان لەبارەوە دەكرێت.
بە سودوەرگرتن لە ئەزمونی رابردوو بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو كەیسانە، چاوەڕەوان دەكرێت ئەو كەیسەش وەك دەیان كەیسی تری هاوشێوە " دیزە بەدەرخۆنە بكرێت"، بەو پێیەی ئەو كەیسە بەرپرسی ئەمنی لە پشتەوەیە و رەنگە بەشێك لەو بەرپرسانە لە هەرەمی دەسەڵاتدابن و بەتایبەتیش لە حزبی باڵادەست بۆیە چاوەڕەوان ناكرێت لێپرسینەوەی جدی بكرێت و ئەو كەیسە بكاتە ئامانج.