وارسی دەسەڵاتی پاشایەتی لە عێراق چاوی لە وەزارەتی دەرەوەیە
2018-10-13 10:02:11
(درەو میدیا):
لە گەرمەی ململانێی نێوەندە سیاسییەكاندا، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو پەنجەرە ئەلیکترۆنیەكەی بۆ خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی وەزارەتەكان لە حكومەتی داهاتوو داخست.
بەوتەی سەرچاوە سیاسییە ئاگادارەكان، لەنێو 36 هەزار كەس لەوانەی لەڕێی ئینتەرنێتەوە داوایان پێشكەشكردووە، نزیكەی 200 كەسایەتیان لەو توانایانەن كە خاوەنی بڕوانانەی بەرزن و وڵاتانی تاراوگەیان كردووە بە نیشتمانی خۆیان، لە دیارترین ئەوانەی داوایان پێشكەشكردووە، (شەریف عەلی بن حسێن) سەرپەرشتیاری مەلەكی دەستورییە لە عێراق كە بەوەریسی عەرشی پادشایەتی دادەنرێت، خۆی بۆ بەدەستهێنانی پۆستی وەزارەتی دەرەوە كاندیدكردووە.
عەبدولمەهدی سەرقاڵی لێكۆڵینەوە دەبێت لە ژیاننامەی پێشكەشكارەكان و شیاوترینی ئەوانە دەبێت كە لەلایەن كوتلە سیاسییەكانەوە پێشكەشیكراون بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیان و پێشكەشكردنی بەپەرلەمان بۆ بەدەستهێنانی متمانە بەكابینەی حكومەتەكەی.
گاڵتەكردنە بەعەقڵی هاوڵاتیانی عێراق
نەدیم ئەلجابری سیاسی و ئەكادیمی بێلایەنی عێراقی لەلێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەی شەرقلئەوسەت ڕایگەاندووە"كردنەوەی دەرگای خۆكاندیدكردن لەڕێی پەنجەرەی ئەلەكترۆنیەوە، لەسایەی قەیرانی متمانە لەنێوان شەقام ونوخبەی سیاسیدا، گاڵتەكردنە بەعەقڵی هاوڵاتی عێراقی" ڕونیشیكردۆتەوە"ئەو ڕێگایە بەمیانیزمێكی ناشیاو دادەنرێت بۆ هەڵبژاردنی كابینەی حكومەت، پێویست بوو لەبیری سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراودا كۆمەڵێك كەسانی خاوەن لێهاتووی ناسراو هەبونایە و بەشەخسی قسەی لەگەڵ بكردنایە بۆ پڕكردنەوەی ئەو وەزارەتانەی كە خۆی پێشنیازی بۆ دەكردن".
ڕاشیگەیاندووە" كاندید بۆ پۆست پێش هەمووشتێك سیاسیە، لە دیارترین خەسڵەتەكانیشی كاریزمابونی كەسایەتیەتی، دوای ئەو توانا سیاسی و ئیدارییەكانێتی، ئەم پرسەش بەهیچ شێوەیەك لەشێوەكان لەڕێی پێگەی ئەلەكترۆنیەوە دەرفەتی پێشكەشكردنی بۆ ناڕەخسێت، مەگەر ڕێككەوتنێكی پێشوەختە هەبێ لەگەڵ حزبەكان بۆ تێپەڕاندنی هەندێك لەو كەسایەتیانە بەو ڕێگایە، بەسیفەتی بێلایەن وتەكنۆكرات".
حزبەكان لەژێر ناوی پێكهاتەدا پۆستەكان دەبەن
سەبارەت بەتێڕوانیشیی بۆ حكومەتی داهاتوو، جابری ڕایگەیاندووە" حكومەتی داهاتوو بەدوو قۆناغ بنیات دەنرێت، یەكەمیان: دابەشكردنی پۆستە سیادییەكانە بەسەر پێكهاتەكاندا، دووەمیشیان دابەشكردنی وەزارەتەكان بەسەر ئەوپارتانەی لەژێر سایەی پێكهاتەكاندان".
ئەوەش لەكاتێكدایە، وارسی عەرەشی پادشایەتی لە عێراق لەڕێی پەنجەرەی ئەلیکترۆنیەوە داوای وەزارەتی دەرەوەی عێراقی كردووە، بەوەش تائێستا بۆتە ناودارترین ئەو كەسانەی لەو ڕێیەوە داوایان پێكشەكردووە، شەریف دواین كەسە كە لە خانەوادەی پادشایەتی عێراق ماوەتەوە كە سەرجەمیان لە ڕۆژی 14 تەمموزی ساڵی 1958 كوژران و، ناوبراو لەو كاتەدا لە دەرەوەی كۆشكی (ئەلرحاب) بوو .
شەریف هەفتەی ڕابردوو لەڕێی كۆڕێكی دیالۆگەوە كە سەنتەری ڕافیدەین لە عێراق ڕێكیخستبوو، چەندین تێبینی سەبارەت بەسیاسەتی دەرەوەی عێراق دەستنیشانكرد و ڕایگەیاند"سیاسەتی دەرەوەی عێراق سودی لەو دەستكەوتانە نەبیینوە كە عێراق بەدەستهێناوە لەپێناو بەرژوەندی نیشتمانی، بۆ نمونە سەركەوتن بەسەر داعشدا، لەگەڵ ئەوەی عێراقییەكان دژی داعش شەڕیانكردو تێكیان شكاندن و كشانیان بەرەو سەرجەم وڵاتانی جیهان ڕاگرت، بەڵام ئەوانەی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی عێراقن شكستیانهێنا لە تەرویجكردنی ئەو پرسە لە كۆنگرە نێودەوڵەتیەكان كە بۆ پشتیوانی عێراق ڕێكخران، لەوانەی كۆنگرەی كوێت".
عەبدولمەهدی ئازادە لە هەڵبژاردنی كابینەكەی
هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح ڕایگەیاند: ئەوان لە هاوپەیمانی فەتح و سائیرون ئازادی تەواویانداوە بەعادل عەبدولمەهدی بۆ پێكهێنانی حكومەت و پێیانوتووە تەنها یەك مەرجیان هەیە ئەویش سەركەوتنە.
عامری لە وتەیەكدا كە ئەمڕۆ بە بۆنەی 37 ساڵەی دامەزراندنی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی پێشكەشیكرد، داوای لەپەرلەمانی عێراق كرد پەلەبكات لە تەواوكردنی ئیستحقاقە دەستورییەكان و هەڵبژاردنی سێ سەرۆكایەتیەكە، ئەوە لەكاتێكدایە تائێستا سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆكی نوێی كۆماری عێراق هەڵبژێردراون، بەڵام تائێستا كابینەی نوێی حكومەت پێكنەهێنراوە، كە بەپێی وادە دەستورییەكان كەمتر لەسێ هەفتەی ماوە.