بەدەنگ و وێنە كوشتنی خاشقی تۆماركراوە
2018-10-13 07:59:00
( درەو میدیا):
ڕۆژنامەی (دەیلی سەباحی) توركی ئاشكرایكردووە، سەعاتەكەی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنوسی سعودی لەجۆری (ئەپڵ) بووە و ساتەوەختی لێكۆڵینەوە لەگەڵی و ئەشكەنجەدانی تۆماركردووە، ڕاشیگەیاندووە، ئەو دۆسیانەی سەعاتەكەی خاشقچی تۆماریكردووە كەوتۆتە دەست دەسەڵاتدارانی توركیا.
ڕۆژنامەكە ئەوەشی ئاشكراكردووە، تیمە سعودیەكە هەوڵیان داوە هەندێك لەو دۆسیانەی سەعاتەكەی خاشقچی تۆماریكردووە بیسڕنەوە، توانیویشیانە بگەنە ئەو دۆسیانە لەڕێی بەكارهێنانی پەنجەمۆری خاشقچیەوە، بەڵام كۆپیەك لەو دۆسیانە لەتایبەمەندی گلدانەوەی (ئای كلاود) ماوەتەوە، كە لەتەلەفون و سەعاتی (ئەپڵ)دا، بونی هەیە و كۆپیەك لە دۆسیەیە خەزن كراوەكان هەڵدەگرێت كە لەكاتی تێكچونی تەلەفون و سەعاتەكەدا دەكرێت بهێنرێتەوە.
هێزە ئەمنیەكانی توركیا كە لێكۆِڵینەوەی لەدۆسیەی خاشقچی دەكەن، ئەو دۆسیە دەنگییەیان لەتەلەفونەكەی خاشقچیدا دۆزیوەتەوە كە لای دەزگیرانەكەی بەجێهێشتوە پێش ئەوەی بچێتە ناو كۆنسوڵخانەی سعودیە لەئەستنەبوڵ، وەك ڕۆژنامەكە بڵاویكردۆتەوە.
هەر لەوچوارچێوەیەدا، كەناڵی (سی ئێن ئێن) لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادار لە لێكۆڵینەوەكان ڕاگەیاندووە، ئاژانسی هەواڵگری وڵاتانی خۆرئاوا كۆمەڵێك بەڵگەیان بەدەستگەیشتوە كە ئاماژە بە ڕودانی شەڕ دەكەن لەناو كۆنسوڵخانەی سعودییە لەئەستنەبوڵ دوای ئەوەی خاشقچی چۆتە ژورەوە، لەڕۆژی 2ی تشیرینی یەكەم، ئاماژەی بە هەبوونی بەڵگەش كردووە سەبارەت بەكوژرانی خاشقچی، بەوتەی كەناڵەكە، ئاژانسەكە لەڕێی بەرپرسانی توركیاوە كۆمەڵێك بەڵگەی دەستكەوتووە، كە بە شۆككەرو قێزەون ناویبردووە.
لەلایەكی ترەوە، ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی سعودی (واس) لەزاری ئەمیر عەبدولعەزیز بن سعود وەزیری ناوخۆی سعودییە بڵاویكردەوە، هەموو ئەودەنگۆیانەی باس لەبونی فەرمان دەكەن بەكوشتنی خاشقچی درۆ و دەلەسەن و هیچ بنەمایەكی ڕاستی تیادانیە ، حكومەتی سعودیە پابەندە بە كلتور و بنەما جێگیرەكانی و پابەندی سیستم و عورف و پەیمانە نێودەوڵەتیەكانە.
ئەم زانیارییە نوێیانە لەكاتێكدایە، دوێنێ هەینی، ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست لەزاری بەرپرسانی ئەمریكا و توركیاوە بڵاویكردەوە، دەسەڵاتدارانی توركیا تۆماری دەنگی و وێنەیان دەستكەتووە كە دەنگی جەمال خاشقچی و لێكۆڵەرەوە سعودییەكان و شێوازی ئەشكجەدانی ناوبراوی تیادا تۆمار كراوە.