رێژەی دەنگدان لە بنكەیەكی كۆیە 110% و لە بنكەیەكی شەقڵاوە 103% بووە
2018-10-12 15:51:13
( درەو میدیا):
ئێستا كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان سەرقاڵی یەكلاكردنەوەی سكاڵاكانە،لە پێناو ئەوەی ئەو سندوقانەی سكاڵایان لەسەرە یەكلایان بكاتەوە كە ئەگەر سەلمێنرا كە ساختەكاری تیاكراوە ئەوا دەنگەكانی دەستوتێت، بەپێی ئەو بەڵگانەی دەست ( درەو میدیا) كەوتووە لە هەندێك وێستگەو بنكەی دەنگدان رێژەی دەنگدان لە 100%ی تێپەراندووە، كە ئەمەش بەڵگەیە بۆ ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكاندا.
لە قوتابخانەی هەرمۆتە لە قەزای كۆیە بنكەی ژمارە ( 121708 ) وێستگەی ( 5 – 7 ) رێژەی دەنگدان گەیشتۆتە ( 110% ) و ژمارەیەكی زۆر فۆرمی دەنگدان خراوتە ناو سندوقی دەنگدانەوە، بەپێی قۆرمی ( 53 )ی ئەنجامی قەوارە سیاسیەكان لە بنكەكانی دەنگدان ئەنجامی دەنگدانە لە وێستگەی ژمارە ( 5 - 7 ) بەم شێوەیەیە:
وێستگەی ژمارە 7 وێستگەی ژمارە 5
یەكێتی : 426 دەنگ 443 دەنگ
بەرەو ئیسڵاح : 1 دەنگ 4 دەنگ
سەردەم: 3 دەنگ 1 دەنگ
نەوەی نوێ : 12 دەنگ 9 دەنگ
گۆڕان : 15 دەنگ 8 دەنگ
پارێزگاران : سفر سفر
ئازادی: 3 دەنگ 3 دەنگ
پارتی : 11 دەنگ 2 دەنگ
كۆمەڵ: 3 دەنگ 2 دەنگ
هاوكات لە قوتابخانەی ( هەلان ) لە قەزای شەقڵاوە بنكەی ژمارە ( 122701 ) لە وێستگەی ژمارە ( 4 ) رێژەی بەشداربوان ( 103%) بووە ، بەپێی قۆرمی ( 53 )ی ئەنجامی قەوارە سیاسیەكان لە بنكەكانی دەنگدان ئەنجامی دەنگدانە لە وێستگەی ژمارە ( 4 ) بەم شێوەیەیە:
پارتی: 385 دەنگ
یەكێتی : سفر
گۆڕان 2 دەنگ
كۆمەڵ: 1 دەنگ
نەوەی نوێ: 1 دەنگ
بەرەو ئیسلاح : سفر
ئەمە لە كاتێكدایە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە ئێستادا سەرقاڵی یەكلاكردنەوەی سكاڵاكانە كە ئێستا( 779 )سكاڵا ماونەتەوە، كە 348 سكاڵای زەرد، 270 سكاڵای سەوز و 161 سكاڵای سوورن. سكاڵاسوورەكان 77 دانەیان لە هەولێر، 72 سكاڵا لە سلێمانی و 12 سكاڵاش لە دهۆكن، جگە لە سكاڵا سوورەكان 228 سندووقیش قردێلەی سووریان لێدراو .
تا ئێستا 85% دەنگەكانی راگەیاندووەو 15%ی دەنگەكان ماوە، هەندێك پێیان وایە ئەو رێژەیەی كە ماوە گۆڕانكاری لە دەنگ و كورسی لیستەكاندا درووست دەكات و هەندێكی دیكەش پێیان وایە ئەو دەنگانەی كەماوە بۆ دانوستانی نێوان هێزەكانەو چاوەڕەوان ناكرێت گۆڕانكاری درووست بكات، بەو پێیەی دۆخی دوای هەڵبژاردنی هەرێم توانای درووستكردنی كێشەی دیكەی نیە.