Draw Media

سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی و حكومەت بۆ پارتی 

سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی و حكومەت بۆ پارتی 

2018-10-11 19:24:43


راپۆرتی: درەو میدیا
هێشتا ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان رانەگەیەنراوە، بەڵام زانیاریەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە لە پشتی پەردەوە گفتوگۆو دانوستان هەیە، بەشێكیان پەیوەستە بە ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن و بەشێكیشی پەیوەستە بە سەرۆكایەتی پەرلەمان و حكومەتی داهاتوی هەرێمی كوردستانەوە.

هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەت و پەرلەمان
ئەگەرچی پارتی دیموكراتی كوردستان لەدوای دیاریكردنی سەرۆك كۆمار لە یەكێتی نیگەران بووەو لە لێدوانی چەندین بەرپرسیدا رایگەیاندووە كە بەقەد قەبارەی خۆیان مامەڵە لەگەڵ یەكێتی دەكەن، بەڵام لێكدانەوەكان بۆ ئەوە دەچن كە پارتی بەبێ یەكێتی ناتوانێت حكومەت پێكبهێنێت، هەربۆیە هاوشێوەی رابردوو حكومەت و پەرلەمان پێكدێت و پۆستەكان دابەش دەكەن، سەبارەت بە حزبەكانی دیكەش چاوەڕەوان ناكرێت وەك رابردوو بەشداریان پێبكرێت بەو پێیەی پارتی و یەكێتی زۆرینەی كورسیەكانیان بەدەستهێناوەو چاوەڕەوان دەكرێت پارتی دیموكراتی كوردستان ووردتر هەیكەلی حكومەت و پەرلەمان دابڕێژێتەوە بۆ ئەوەی وەك چوار ساڵی رابردوو لە پەرلەمان و حكومەت كێشە بۆ بڕیارەكانی درووست نەكرێت و چی بوێت بیكات.

پێكهێنانی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان
بەپێی زانیاریەكانی (درەو میدیا) هەوڵێكی سەرەتایی هەیە بۆ دیاریكردنی  نەخشەی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەگەرچی پارتی ژمارەیەكی زۆری كورسی بەدەستهێناوە بەڵام نایەوێت هەموو پۆستەكان بۆخۆی بەرێت، بەڵام دڵنیایی دەوێت لەو پۆستانەی دەدرێتە لایەنەكانی تر، زانیاریەكان ئاماژە بەوە دەكەن، كە لە پێكهێنانی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستاندا كە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەدرێتە یەكێتی و بێگەرد تاڵەبانی پۆستەكە وەردەگرێت، جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان پارتی دەبێت و هێمن هەورامی وەری دەگرێت، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانیش دەدرێتە كۆمەڵی ئیسلامی و عەبدولستار مەجید وەریدەگرێت، بەو پێیەی لە پشتی پەردەوە جۆرێك لێكتێگەیشتن هەیە لە نێوان پارتی و كۆمەڵی ئیسلامی كە بۆ پێش هەڵبژاردنەكان دەگەرێتەوە.

پێكهێنانی حكومەتی نوێ
لە پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستاندا، گفتوگۆ لە نێوان یەكێتی و پارتی رویداوەو بەپێی زانیاریەكانی (درەو میدیا)، پارتی هەموو وەزیرەكانی خۆی لە كابینەی پێشوو دەگۆڕێت، بەڵام بۆ سەرۆكایەتی حكومەت ئەگەرچی باسی مەسرور بارزانیش دەكرێت بەڵام هەموو ئەگەرەكان بەو ئاراستەیەن، كابینەكە دەستپێردرێتەوە بە نێچیرڤان بارزانی، هەر لە پارتی نەزهەت حالی بۆ پۆستی وەزیری ناوخۆ، فرسەت سۆفی بۆ وەزیری داد دیاریكراون، لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، كە جێگرێكی سەرۆكی حكومەتی بەردەكەوێت قوباد تالەبانی وەری دەگرێت و دەرباز كۆسرەت رەسوڵ بۆ وەزیری تەندرووستی و د. عیزەت سابیر بۆ وەزیری دارایی پێشنیازكراون.
كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بە دوو وەزیر بەشدار دەبێت لە حكومەت و پێناچێت یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەشداری لە حكومەتدا بكات، بەپێی زانیاریەكانی (درەو میدیا) یەكگرتوو نیازیەتی لە چوار ساڵی داهاتوودا خۆی رێكبخاتەوەو بەشداری حكومەت نەكات، هەرچی بزووتنەوەی گۆڕانە ئەگەر بەشداری حكومەت بكات ئەوا جێگرێكی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی بەردەكەوێت، كە چاوەڕەوان دەكرێت بدرێتە مستەفای سەید قادر.
پارتی نیازیەتی دوو جێگر بۆ سەرۆكی حكومەت دابنێت، ئەگەر گۆڕان بەشداری بكات بیداتە گۆڕان ئەگەر گۆڕانیش بەشداری نەكات بیداتە كەمە نەتەوەییەكان، بەو پێیەی یەكێتی سەرۆكی پەرلەمانیشی بەردەكەوێت بۆیە یەك جێگری بەردەكەوێت.

تا ئێستا ئەگەر و پێشهاتەكان بەم شێوەیەیە روداوو پێشهاتەكانی داهاتوو ئەگەری گۆڕانی ئەم پێشهاتانەی هەیە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand