بانگەشەی پێشوەختی هەڵبژاردن لە هەرێم دەستیپێكردووە
2018-04-02 10:13:22
راپۆرتی: نامیق رەسوڵ
هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە بڕیارە 12ی ئایاری داهاتوو بەڕێوەبچێت و بەپێی بڕیاری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق 14ی مانگی نیسانی بۆ دەستپێكردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاریكردووە، بەڵام لە ئێستاوە هەڵمەتی هەڵبژاردنی لیست و هاوپەیمانی و كاندیداكانی هەڵبژاردن دەستی پێكردووە.
دەستپێكردنی بانگەشەی پێشوەختی هەڵبژاردن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هێنایە دەنگ و كۆمسیۆن رایگەیاند سزای ئەو كاندید و قەوارە سیاسیانە دەدەن كە دەستیانكردوووە بە پۆستەری بانگەشەی هەڵبژاردن لە شەقامەكانی بەغدا و سەرجەم پارێزگاكان و سزاكان دەگەنە ئاستی بێبەشكردنی كاندید و قەوارەكەی لە بەشداریكردن لە پرۆسەی هەڵبژاردن.
لەلایەن خۆشیەوە سەعید كاكەیی ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیارانی عێراق ئاگاداریەكی بڵاوكردۆتەوەو تیایدا هاتووە: هەرلایەن و كاندیدێك پێش رۆژی هەڵمەتی بانگەشەكردن، كە 14ی نیسانی 2018یە بانگەشە بۆ خۆی بكات، بۆ جاری یەكەم بە بڕی ( 50 ملیۆن) دینار سزا دەدرێت و ئەگەر ئەو پێشێلكارییەی دوبارە بكاتەوە، سزاكەی دوبارە و سێبارە دەبێت و لە چواربارەدا مافی كاندیدبونی لێدەستێنرێتەوەو حیزب و هاوپەیمانێتیەكەشی بە بڕە پارەیەكی زۆر سزا دەدرێت.
هەرچەندە هێشتا دوو هەفتەی ماوە بۆ دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن، بەڵام لە بەغدای پایتەخت و شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و هەرێمی كوردستانیش بانگەشەی پێشوەخت دەستیپێكردووەو گەرمە، بە جۆرێك حزب و قەوارە سیاسییەكان و كاندیدەكان سەرەتا تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیان كردە مەیدانی بانگەشە و هەزاران پەیج و ئەكاونتیان بۆ بانگەشەكردن بۆ خۆیان كردوەتەوە و لەو رێگەیەوە بانگەشە بۆخۆیان دەكەن و هێرشیش دەكەنە سەر كاندید و لیستە ركابەرییەكانیان..
جگە لەوەش سەرۆكی حزب و قەوارەكان و سەرۆكی لیستەكان و كاندیدەكان دەستیانكردووە بە چالاكی رۆشنبیری و هونەری و زانستی و سەردانی كۆمەڵایەتی و بەسەركردنەوەی ناوچەكان و بۆنە كۆمەڵایەتییەكانیان قۆزتوەتەوە بۆ بانگەشەكردن بۆخۆیان و كۆكردنەوەی دەنگ.
مەیدانێكی تری بانگەشەی پێشوەختی هەڵبژاردن خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایەتییەكانی هاوڵاتیان و فەرمانبەران و مامۆستایانە و لە هەر شار و شارۆچكەیەك گردبونەوەیەك یان خۆپیشاندانێك هەبێت چەند كاندیدێك ئامادەن و بەشێكیشیان وتار و لێدوانی حەماسیانە پێشكەشدەكەن..
ئێستا بانگەشەی پێشوەختی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان گەرمە بە جۆرێك لیستە نوێیەكان كۆبونەوەو هەڵمەتەكانی بانگەشەیان دەستپێكردووە جگە لە ناوهێنانی ژمارەی لیستەكانیان هەموو جۆرەكانی دیكەی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنیان دەستپێكردووە، رۆژنامەو سایت و كەناڵە ئاسمانیەكان پڕبوون لە هەڵمەتی هەڵبژاردن و پەلاماردان و هێرشكردنە سەر یەكدی، بەو پێیەش ئەوەی ئێستا دەكرێت هیچ واتایەكی نەهێشتۆتەوە بۆ وادەی دیاریكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن كە كۆمسیۆن لە 12ی نیسانەوە كردیە 14ی نیسان.
جگە لە بانگەشەی پێشوەختی هەڵبژاردن دەنگۆی ئەوەش هەیە كە لە هەندێك ناوچە كڕین و فرۆشتن بە كارتی دەنگدانەوە دەكرێت ، رۆژی یەكشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە كۆبونەوەی ئاسایی خۆیدا میوانداری ئەنجومەنی كۆمسیاران و بەڕێوەبەری نوسینگەی پارێزگاكانی كۆمسیۆنی كرد و بڕیاریدا كە لایەنە پەیوەندیدارەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمسیۆنی هەڵبژاردن رێوشوێنی یاسایی پێویست بگرنەبەر بەرامبەر هەر كەسێك كە كڕین و فرۆشتن بە كاری دەنگدانەوە دەكات یان بەكاریدەهێنێت .
ئەگەرچی رێژەی بەشداریكردنی هاوڵاتیان لە تۆماری بایۆمەتری لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان زۆر كەمەو رەنگە كاریگەری لەسەر بەشدارینەكردنی زۆری هاوڵاتیان هەبێت لە هەڵبژاردنەكاندا، كە بە وتەی عەلی قادر بەریوەبەری ئۆفیسی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئاستی تۆماركردنی بایۆمەتری لە پارێزگای هەولێر ( 60%) و لە سلێمانی ( 49% ) و لە دهۆكیش ( 71%) بەڵام حیزبەكان دەیانەوێت گەرم و گوڕی بخەنە شەقامەوە.