Draw Media

یەكێتی بەشداری دەكات و پارتیش خۆی یەكلانەكردوەتەوە

یەكێتی بەشداری دەكات و پارتیش خۆی یەكلانەكردوەتەوە

2018-10-10 17:41:56


( درەو میدیا):
هێزە كوردییەكان یەكهەڵوێست نین سەبارەت بە بەشداریكردن لەحكومەتی داهاتووی عێراق كە عادل عەبدولمەهدی ڕاسپێردراوە بەپێكهێنانی، لەكاتێكدا پارتی دیموكراتی كوردستان مەرجی داناوە بۆ بەشداری، یەكێتی نیشتمانی كوردستان پشتیوانی حكومەتەكەی عەبدولمەهدی دەكات و بەشداردەبێت تیایدا.
بەرپرسێكی كورد ڕایگەیاندووە، كورد، بەدیاریكراوی پارتی دیموكراتی كوردستان، تائێستا بڕیاری نەداوە بەشداری لەحكومەتی ئایندەدا بكات، ڕونیشكردۆتەوە، پارتی ڕاڕایە و ترسی ئەوەی هەیە حكومەتەكەی عەبدولمەهدی وەك حكومەتەكانی پێشخۆی (حەیدەر عەبای و نوری مالیكی) بێت، كە هەنگاوێك نەهاتنە پێشەوە بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكانی كوردستان.
ئەو بەرپرسە كوردە بەڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدیدی) ووتوە، پارتی مەرجی داناوە لەناویدا بەدەستهێنانی وەزارەتی گرنگە لەنمونەی وەزارەتی دەرەوە یان دارایی، وەزارەتی تریش، ڕاشیگەیاندووە، عەبدولمەهدی ڕازینەبووە لەسەر ئەو مەرجە، بەتایبەت لەگەڵ هەوڵەكانی پێكهێنانی حكومەت لە كەسانی بێلایەنی تەكنۆكرات. 
تەئكیدیشی كردووە، ڕەتكردنەوەی عەبدولمەهدی و قبوڵنەكردنی مەرجەكانی، وای لەپارتی كردووە هەڵویستی ناڕوون بێ تائێستا، پێشبینیشی كردووە لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتوو بەڕەسمی هەڵمەتی خۆی ڕابگەیەنێت و ڕەنگە بڕیارەكەشی بەبەشدارینەكردن بێت.
لای خۆیەوە، دیار بەرواری پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، زۆرینەی پارتە براوەكان ئەیانەوێت بەشداریبكەن لەحكومەتی داهاتوو، پارتی لەئێستادا  خوێندنەوە بۆ پرسی بەشداریكردن و نەكردن دەكات لەحكومەت و تائێستا بڕیارێكی یەكلاكەرەوەنیان نیە بەبەشدارینەكردن.  
لەبەرامبەردا یەكێتی نیشتمانی كوردستان ڕایگەیاندووە، بەشداری لەحكومەت دەكات و هیچ مەرجێكی بەسەردا ناسەپێنێت، غەیاس سورچی سەركردە لەیەكێتی نیشتمانی كوردستان،  ئاماژەی بەوەداوە، حزبەكەی سەرقاڵی پێشنیازكردنی چەند ناوێكە بۆ پێشكەشكردنی بەسەرۆكی حكومەتی ڕاسپێردراو بۆ وەرگرتنی پۆستی وزاری لەحكومەتی نوێ‌، ئەو سەركردەیەی یەكێتی بەهەمان سەرچاوەی ڕاگەیاندووە، هیچ مەرجێكیان نابێت بۆ عەبدولمەهدی، بگرە دەرفەتی دەدەینێ‌ بۆ ئەوەی ئەو ناوانە دەستنیشانبكات كە بەگونجاویان دەزانێت بۆ بەڕێوەەبردنی وەزارەت.
تەئكیدیشی كردووە، كاندیدەكانیان خاوەنی شارەزایی و لێهاتوویی و پسپۆڕین لەئیدارەدانی دامەزراوەكانی دەوڵەت، هیواشی خواستووە، عەبدولمەهدی سەركەوتووبێت لەپێكهێنانی حكومەتێكی نیشتمانی، خزمەتی گەلی عێراق بكات بەبێ‌ جیاكاریكردن لەنێوان پیكهاتەكانی.
عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێرارو دوێنێ‌ سێ‌ شممە دەرگای خۆكاندیدكردنی بۆ پۆستی وەزارەتەكانی كابینەی داهاتووی عێراق كردەوە، كە كاتژمێر 4ی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی پێنچ شەممە دوا وادەیە بۆ پێشكەشكردنی داواكاری و بەشێك لەكوتلە سیاسەكانیش پێیانوایە، عەبدولمەهدی ناتوانێت حكومەت پێكبهێت بەبێ‌ قبوڵكردنی مەرجی كوتلە سیاسیەكان، تا متمانەیان بەدەستبهێنێت لەپەرلەمان. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand