Draw Media

دادگا پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی  یەكلاكردەوە

دادگا پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی  یەكلاكردەوە

2018-10-10 10:38:25


( درەو میدیا): 

دادگای تێهەڵچونەوەی هەولێر پرسی پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی یەكلاكردەوە.
لەسەر سكاڵایەكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ڕۆژی ٧ی ١٠ی ٢٠١٨، دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێری تایبەت بە هەڵبژاردن، ئەو خاڵەی لە بڕیارەكەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی هەڵوەشاندنەوە كە تایبەت بوو بە پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بە دەنگی دوو لەسەر سێی كۆمسیاران
ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا رۆژی 29/9/2018  چەند بڕیارێكەی دەربارەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن دەركرد.
 لە بڕگەی پێنجەمی راگەیەنراوەكەدا هاتووە" پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران دەبێت". 
بەڵام بڕیارەكەی دادگای تێهەڵچونەوەی هەولێر پەسەندكردنی كردە ( 50 + 1 )  واتا بە دەنگی (5) ئەندام لە كۆی (9) ئەندامەكەی ئەنجومەنی كۆمسیاران، بەو پێیەش ئەگەر پێنج ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیاران ئەنجامەكە ئیمزا بكەن، ئەوا ئەنجامی هەڵبژاردن بە پەسەندكراو ئەژماردەكرێت:
•    ئەندامانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم پێكهاتوون لە :
3 ئەندامی پارتی
 2 ئەندامی یەكێتی 
2 ئەندامی گۆڕان 
1ئەندامی كۆمەڵ 
1 ئەندامی یەكگرتوو 
واتا تەنها بە ئیمزای ئەندامانی پارتی و یەكێتی دەتوانرێت ئەنجامەكە پەسەندبكرێت كە دەكاتە ( 5 ئەندام).
بەو پێیەش دادگا بڕیارەكەی كۆمسیۆنی هەڵوەشاندەوەو چوەوە سەر یاسای كۆمسیۆن  بەپێی بڕگەی شەشەمی مادەی پێنجەمی یاسای ژمارە 4ی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن ‌و راپرسی" كۆبونەوەی ئەنجومەن دروستە بەئامادەبونی زۆرینەی رەهای ژمارەی ئەندامانی‌ و بڕیارەكانیشی بەزۆرینەی ئامادەبوان وەردەگیرێ، لەكاتێكدا ئەگەر دەنگەكان یەكسان بوون، ئەو لایەنە براوە دەبێ كە سەرۆك دەنگی لەگەڵداوە".  
بەوپێیەش پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن پێویستی بە دەنگی زۆرینەی رەهایە، واتا (50+1)، كە دەكاتە دەنگی (5) ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆن، بە دەنگی (4) ئەندامیش پەسەند دەكرێت، ئەگەر سەرۆكی كۆمسیۆنیان لەگەڵ بێت.
بەڵام لە رۆژی 29/9/2018 ئەنجومەنی كۆمسیاران راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو  لە كە لە بڕگەی پێنجەمیدا دەڵێ" پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران دەبێت"، واتا بە دەنگی (6) ئەندام لە كۆی (9) ئەندامەكەی ئەنجومەنی كۆمسیاران.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand