Draw Media

خاوەن پسپۆرییەكان خۆیان بۆ وەزارەت كاندید دەكەن

خاوەن پسپۆرییەكان خۆیان بۆ وەزارەت كاندید دەكەن

2018-10-09 13:17:41


 (درەو میدیا):
لە تاقیكردنەوەیەكی یەكەمدا لەو جۆرە لەدوای ساڵی 20013وە لە عێراق، مامۆستایانی زانكۆ و خاوەنی پسپۆری و لێهاتوویی، سیڤی كەسسی وپیشەییان پێشكەشدەكەن بۆ خۆكاندیدكردن بۆ وەزارەتەكانی حكومەتی داهاتوو، ئەوەش دوای ئەوەی دوێنێ‌ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ وەزارەتەكانی كابینەی داهاتوو كردەوە.
كاردانەوەكان سەبارەت بەو هەنگاوە ناچاوەڕواننەكراوە جیاوازن، لای هەندێك مایەی گاڵتەجارییە و لەبایەخی كەمدەكەنەوە، هەندێكی تر تەنها بە هەڵمەتێكی بانگەشەی دەزانن، لەكاتێكدا بەرپرسان دەڵێن، كاندیدە بێلایەنەكان پشكێكی سادەیان دەبێت لە پۆستە وزارییەكان.

ئەمڕۆ دەیان داوای وەزیری گەیەندراوەتە عەبدولەمەهدی 

بەرپرسێكی نزیك لە نوسینگەی عادل عەبدولمەهدی بەڕۆژنامەی "عەرەبی ئەلجەدید"ی ڕاگەیاندووە، لە كاتژمێری 8ی ئەم بەیانیەوە تا ئەو كاتەی قسەی تیادا دەكات، لەڕێی پێگەی ئەلیكترۆنییەوە كەتایبەت كراوە بەپێشكەشەكردن بۆ پۆستە وزارییەكان، دەیان سیڤی كەسی لەلایەن كەسانی بێلایەنەوە گەیشتوەتە دەستیان، ڕونیشیكردوەتەوە، زۆرینەی ئەوانەی سیڤییەكانیان پێشكەشكردووە، مامۆستای زانكۆ و پزیشك و ئەندازیار و خاوەن پسپۆری و شارەزایی بەرزن. 
ئەو بەرپرسە كەناوی خۆی ئاشكرانەكردووە، ڕاشیگەیاندووە" لیژنەی تایبەت دەستیكردووە بەڕێكخستنی دۆسیەی پێشكەشكاران و دواتر دەخرێنە بەردەم شارەزایانی بواری یاسایی تا بەراوردی بكەن بە مەرجە دەستوری و یاساییەكان كە پێویستە بونی هەبێت لە كاندیدی پۆستی وەزیر،  ڕونیشكردوەتەوە، دوای هاوتاكردنیان، ئەو دۆسیانەی هاوتانین پەراوێزدەخرێن و، ئەوانەی هاوتان بەرزدەكرێنەوە بۆ لیژنەی باڵا بۆ تەماشاكردنیان و دیاریكردنی باشترین لەوانەی داوایان پێشكەشكردووە بۆ دەستنیشانكردنیان وەك وەزیر.  

دەرفەتی گەورەی لەبەردەم تەكنۆكراتی بێلایەندا نیە

تایبەتمەندی دیاریكراو هەیە بۆ كێبڕكێكردن لەنێوان كاندیدەكاندا، كە پەیوەستە بە شارەزایی و ناوبانگی نیشتمانی و لێكۆڵینەوەی تایبەت وبەرزكردنەوە و ئەو پۆستانەی كاندید هەیبووەو هەموو ئەمانە وەك خاڵ حساب دەكرێن و دەبنە بنەمای كێبڕكێ لەنێوان ئەوانەی داوایان پێشكەشكردووە و شیاوترینیان دەستنیشانبكرێت.
پرۆسەی پێشكەشكردنی ناوی كاندید تا كاتژمێر 4ی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی پێنج شەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت و لەماوەی دوو بۆ سێ‌ ڕۆژدا ناوەكان یەكلادەكرێنەوە، ئەمەش بەقسەی سەرچاوەكە. 
لەچوارچێوەی ئەم ڕایە دژ بەیەكانەدا، ژمارەیەك لەبەرپرسان جەختدەكەنەوە كە دەرفەت هەیە بۆئەوەی كاندیدە بێلایەنەكان هەندێك لە وەزارەتە لاوەكییەكان وەربگرن، لە سایەی ئەو ململانێ‌ توندەی كە لەنێوان كوتلە سیاسییەكان لەئارادایە لەسەر پۆستە وزارییەكان.  
پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی (بونیاتنان) ڕایگەیاندووە، قسەكردن لەپێكهێنانی حكومەت لەلایەن كەسانی تەكنۆكراتی بێلایەن زیادەڕۆیی تیادەكرێت، چونكە عەبدولمەهدی پێویستی بە متمانەی كوتلە سیاسییەكان دەبێت، ناتوانێت متمانە بۆ حكومەت بەدەستبهێنێت لەڕێی ڕازیكردنی ئەو كوتلانەو وەرگرتنی وەزارەتی گرنگەوە،  ڕونیشیكردوەتەوە، كوتلە سیاسییەكان لە سەدا 85 وەزارەتەكانی حكومەتی عەبدولمەهدی بەدەستدەهێنن.
ئەو پەرلەمانتارە ڕاشیگەیاندووە، ئاسۆی كراوە لەبەردەم عەبدولمەهدی بەڕێژەی لەسەدا 15 دەبێت لە پۆستە وزارییەكان و كە ڕەنگە بە كاندیدە سەربەخۆكان پڕبكرێتەوە لەڕێی پەنجەرەی ئەلیكترۆنیەوە. 
 
ئەوانەی خۆیان كاندیدكردووە باوەڕیان پێی نیە 

یەكێك لەو كەسانەی كە خۆی بۆ پۆستی وەزیر كاندیدكردووە، بەڕۆژنامەی عەرەبی ئەلجەدیدی وتووە، هیوایەكی زۆریان نیە بۆئەوەی وەزارەت بەدەستهێنن، لەنێوەندی ململانێی حزبەكەكاندا، بەڵام خۆیان كاندیدكردووە و هیواخوازن چانس یاوەریانبێت، هەروەك چانس هاوڕێی عادل عەبدولمەهدی بوو، هیواشی خواستوە ڕۆڵێكی دیاریان هەبێت لە بونیاتنانی دامەزراوەكانی دەوڵەت كە حزبەكان بەدرێژایە 15 ساڵی ڕابردوو وێرانیانكردووە. 
دوێنێ‌ عادل عەبدولمەهدی دەرگای خۆكاندیدكرن بۆ پۆستە وزارییەكان كردەوە لەڕێی پێگەیەكی ئەلیكترۆنی تایبەتەوە و كاتژمێر 4 پاشنیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە ڕێكەوتی 11 ئەم مانگە دەرگای خۆكاندیدكردن دادەخرێت. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand