دووەم گومانلێكراوی دۆسیەی سكریبال ئاشكرا دەكرێت
2018-10-09 11:00:17
(درەو میدیا):
پێگەی بنكۆڵكاری (بێلینكات)ی، بەریتانی ئاشكرایكردووە، دووەم گومانلێكراو لەهەوڵی ژەهراویكردنی سیخوڕی پێشووی ڕوسیا (سێرگیی سیكریبال) لە (سالزبێر)ی بەریتانیا، پزیشكێكە لەدەزگای هەواڵگری سەربازی ڕوسی كاردەكات و ناوی ڕاستەقینەی (ئەلكسندەر یفگینییڤیچ میشكن)ە.
پێگەكە كە ناوەندەكەی لەناوچەی (لایشستەر)ی ناوەڕاستی بەریتانیایە، بڵاویكردوەتەوە" دڵنیابووین لەوەی ئەلكسەندەر بترۆڤ، ئەلكسندەر یفگینییڤیچ میشكنە، ئەو پزیشكەی كە لەگەڵ دەزگای هەواڵگری سەربازی ڕوسیا كاردەكات".
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەمڕۆ وردەكاری و بەڵگەكانی چۆنیەتی ئاشكراكردنی ناوی ڕاستەقینەی ئەو گومانلێكراوە بڵاودەكاتەوە، بێئەوەی سەرچاوەی زانیارییەكانی ئاشكرابكات.
تائێستا دەسەڵاتدارانی بەریتانیا هیچ بەیاننامە و لێدوانێكیان سەبارەت بە تەئكیدكردنەوە یاخود ڕەتكردنەوەی زانیارییەكانی پێگەی (بێلینكات) بڵاونەكردوەتەوە.
ماوەیەك لەمەوبەر پۆلیسی بەریتانیا ناوی دوو گومانلێكراوی لەو دۆسیەیە بڵاوكردەوە، بەپشتبەستن بەو بەڵگەنامانەی كە پێی هاتونەتە ناو بەریتانیا و ناویان (ئەلكسەندەر بیترۆڤ و روسلان بۆشیرف)ە.
پێشتریش، پێگەی (بێلینكات) بڵاویكردەوە، ناوی ڕاستەقینەی بوشیروڤ (ئەناتۆلی ڤلادیمێر وڤیچ)ە، وەك ئەفسەر لە دەزگای هەواڵگری سەربازی ڕوسیا كاردەكات.
لەڕۆژی 4ی، مانگی ئازاری ئەمساڵ، سێرگی سیكریباڵ سیخوڕی پێشووی ڕوسیا و یولیای كچی لە بەریتانیا ڕوبەڕوی هەوڵی ژەهراویكردن بونەوە بەبەكارهێنانی گازی ئەعساب.
حكومەتی بەریتانیا، ڕوسیا بەهەوڵی كوشتنی سكریبال و كچەكەی بەگازی ئەعساب تۆمەتباردەكات و ڕوسیاش ڕەتیدەكاتەوە، لەندەنیش ڕەتیدەكاتەوە مۆسكۆ لەئەنجامی لێكۆڵینەوەكان ئاگاداربكاتەوە یان بەشداریپێبكات.
بەهۆی ئەو ڕوداوەوە قەیرانێكی دیپلۆماسی لەنێوان ڕوسیا و بەریتانیا سەریهەڵداوە و بەهۆیەوە هەردوو وڵات ڕێوشوێنی دژبەیەكیان گرتوەتەبەر، دیارترینیان دەركردنی دیپلۆماتكارەكانی یەكەو ڕوبەڕی سزاكان لەسەر ڕوسیا فراوانتر بووەو چەند وڵاتێكی ئەوروپیشی گرتوەتەوە، كە لەم پرسەدا پشتیوانی بەریتانیا دەكەن دژی ڕوسیا.