Draw Media

عەبدولمەهدی دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی وەزارەتەكانی حكومەتەكەی كردەوە

عەبدولمەهدی دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی وەزارەتەكانی حكومەتەكەی كردەوە

2018-10-08 18:04:51


( درەو میدیا):
عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو دیدار و چاوپێكەوتنەكانی وازلێدەهێنێت و خۆی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت تەرخاندەكات و بۆ ماوەی سێ رۆژیش دەرگای خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی وەزارەتەكانی كابینەكەی دەكاتەوە و ئەوانەی خوازیارن خۆیان كاندیدبكەن دەتوانن لە رێگەی سایتێكی ئەلیكترۆنییەوە كە تازە دانراوە داواكاری و سیڤی خۆیان رەوانە بكەن.
نوسینگەی راگەیاندنی عەبدولمەهدی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە سەرۆك وەزیرانی راسپێدراو رایدەگەیەنێت كە ئەركی یەكەم و بنەڕەتی لە بەردەم گەل و ئەنجومەتنی نوێنەراندا لە ماوەی دەستوریدا ئەوەیە بە تەواوەتی خۆی بۆ ئامادەكارییە پێویستەكانی پێكهێنانی حكومەت و ئامادەكردنی كارنامەی حكومەت تەرخانكردوووە و بە رەچاوكردنی ئەو هەموو داواكارییەی كە دەكرێت بۆ دیداری تایبەتی راستەوخۆ بۆ پیرۆزبایی یان بۆ خستنەڕوووی بەرنامە و بیرۆكە یان خۆ كاندید كردن رایدەگەیەنێت كە:
1-    داوای لێبوردن دەكات لە قبوڵنەكردنی وەفدی پیرۆزبایی و تەنها ناردنی نامە یان پەیوەندی تەلەفۆنی بۆ ئەوە بەسە.
2-    هەر كەسێك لە خۆی رادەبینێت و كەسی شارەزاو خاوەن پسپۆریی و ئەزمونی زانستییە و ئارەزوو دەكات خۆی بۆ پۆستی وەزارەتێك كاندیدبكات، دەتوانێت لە رێگەی ئەم ماڵپەڕە ئەلیكترۆنییەوە (https://iraqcabinet2018.com)،  خۆی كاندید بكات و سیڤی خۆی رەوانەبكات و بیسەلمێنێت كە ئەو مەرجانەی تێدایە كە دەستور و یاساكان دیارییان كردووە، ئەمەش كاتژمێر هەشتی بەیانی رۆژی سێشەممە رێكەوتی 9/10/2018 دەستپێدەكات و سایتە ئەلیكترۆنییەكە ئۆتۆماتیكی كاتژمێر چواری پاشنیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە رێكەوتی 11/10/ 2018 دادەخرێت وەك ئاماژەیەك بۆ وەستاندنی لە وەرگرتنی داواكارییەكان.
3-    بەڕێز سەرۆك وەزیرانی راسپێدراو بەردەوان دەبێت لە راوێژكردن بە هەموو شێوازێك لەگەڵ هەركەسێك كە پەیوەندی بەو پرۆسەیەوە هەبێت، بە تایبەتی بەرپرسانی كوتلەكانی ئەنجومەنی نوێنەران.
4-    سەرۆك وەزیرانی راسپێدراو لەم ماوەیەدا داوای لێبوردن دەكات لە رێكخستنی دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ تیمە دیپلۆماتییەكان و كەسایەتییە باڵاكان، جگە لە چەند حاڵەتێكی زۆر تایبەتی وەك نوێنەری ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەو تیمە دیپلۆماتییانە دەتوانن نامەكانیان لە رێگەی وەزارەتی دەرەوە، ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران، نوسینگەی بەڕێزی یان لە رێگەی ئیمەیل و پەیوەندی تەلەفۆنییەوە بگەیەنن.
5-    بەڕێز عادل عەبدولمەهدی جارێكی تر رایدەگەیەنێت كە هیچ كەس و لایەنێكی سەرپشك نەكردووە بەناوی ئەوەوە دانوستان بكات، جا پلەی نزیكی یان پەیوەندی تایبەتی و سیاسی و مەسلەكیی هەرچییەك بێت و تا پێكهێنانی ئیدارەی تایبەت و رەسمی هەرچی لێدوانێكی هەبێت نوسینگەی راگەیاندنی بە بەیاننامە دەریدەكات  و لە پەیجی رەسمی خۆی لە فەیسبوك و تویتەر بڵاویاندەكاتەوە یان راستەوخۆ بۆ دەزگاكانی راگەیاندن دەنێردێت.


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand