Draw Media

ئەنجامی هەڵبژاردن چۆن پەسەند دەكرێت؟

ئەنجامی هەڵبژاردن چۆن پەسەند دەكرێت؟

2018-10-08 12:40:23


 (درەو میدیا):
ئێستا لەناوەندی سیاسی هەرێمی كوردستان مشتومڕێكی زۆر دەكرێت لەبارەی پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان، بەشێوەیەكی گشتی دوو بۆچوون لەسەر ئەم بابەتە دروستبووە. 

بۆچونی یەكەم
هەندێك پێیان وایە دەبێت بە دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆن ئەنجامەكان پەسەندبكرێن، ئەمەش بە پشتبەستن بە راگەیەندراوی ئەنجومەنی كۆمسیاران لە رۆژی 29/9/2018 كە لە بڕگەی پێنجەمیدا دەڵێ" پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران دەبێت"، واتا بە دەنگی (6) ئەندام لە كۆی (9) ئەندامەكەی ئەنجومەنی كۆمسیاران.

بۆچونی دووەم
لەبەرامبەردا رایەكی تر هەیە، كە پێی وایە ئەو راگەیەندراوەو بەپێی یاسای كۆمسیۆن بە دەنگی زۆرینەی رەها دەبێت، واتا (50 + 1)، كە ئەمەش دەكاتە دەنگی (5) ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆن.
بەپێی بڕگەی شەشەمی مادەی پێنجەمی یاسای ژمارە 4ی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن‌و راپرسی" كۆبونەوەی ئەنجومەن دروستە بەئامادەبونی زۆرینەی رەهای ژمارەی ئەندامانی‌و بڕیارەكانیشی بەزۆرینەی ئامادەبوان وەردەگیرێ، لەكاتێكدا ئەگەر دەنگەكان یەكسان بوون، ئەو لایەنە براوە دەبێ كە سەرۆك دەنگی لەگەڵداوە".  
بەوپێیەش پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن پێویستی بە دەنگی زۆرینەی رەهایە، واتا (50+1)، كە دەكاتە دەنگی (5) ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆن، بە دەنگی (4) ئەندامیش پەسەند دەكرێت، ئەگەر سەرۆكی كۆمسیۆنیان لەگەڵ بێت.

لەنێوان هەردوو بۆچونەكەدا
هەندێكی تر پێیان وایە لەبەر ئەوەی ئەندامانی كۆمسیۆن راگەیەنراوێكیان بڵاوكردوەتەوەو دەڵێن بە دەنگی (دوو لەسەر سێ) ئەنجامی هەڵبژاردن پەسەند دەكرێت، دەبێت بەوپێیە مامەڵە بكرێت، بەڵام بۆچونی بەرامبەر دەڵێ دەبێت كار بە بۆچونی دووەم بكرێت، چونكە حوكمی یاسا لە راگەیەندراو بەهێزترە و بۆچونی دووەم پشتئەستورە بە یاسا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand