دادگای دادی نێودەوڵەتی لە بەرژەوەندی ئێران بڕیاریدا
2018-10-03 13:09:31
(درەو میدیا):
دادگای دادی نێودەوڵەتی لە لاهای بڕیارێكی دەركرد و تێیدا فەرمانیدا بە ئەمریكا تا سزاكانی سەر ئێران هەڵبگرێت، كە لە دوای كشانەوەی واشنتۆن لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە سزاكانی بەسەردا سەپێنراوەتەوە.
دادگاكە لە بڕیارەكەیدا رایگەیاندووە سزاكان پێشێلكردنی پەیماننامەی ئیمزاكراوی ساڵی 1956 ەو بونەتە هۆی نەهامەتی بۆ خەڵك.
لە بەرامبەرشدا ئەمریكا رایگەیاند دادگاكە دەسەڵاتی ئەو بابەتەی نییە، چونكە زیان بە ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا دەدات.
دادگای دادی نێودەوڵەتی كە بارەگای سەرەكی لە شاری لاهای هۆڵەندایە، بڕیارەكانی مولەزمن، بەڵام هیچ ئامرازێكی نییە بۆ جێبەجێكردنیان و دادگاكە تاكە دامەزراوەی دادوەریی نەتەوە یەكگرتووەكانە بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوان وڵاتانی ئەندام، بەڵام پەیامنێری بی بی سی لە لاهای دەڵێت هەردوو لایەنی دۆسیەكە لە پێشوودا چەندینجار بڕیاری ئەم دادگایەیان پشتگوێخستووە.
عەبدولقەوی یوسف سەرۆكی دادگاكە لەكاتی راگەیاندنی بڕیارەكەدا وتی:" دادگا باوەڕی وایە كە پێویستە ویلایەتە یەكگرتووەكان هەموو بەربەرست و تەگەرەیەك لەسەر رێگای هەناردەكردنی ئازای كەلوپەل و شمەك لابدات كە پێداویستییە مرۆییەكانی ئێران پڕدەكەنەوە".
مانگی ئایاری رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا فەرمانیدا بە گەڕاندنەوەی سزاكان بۆسەر ئێران و بەوەش بەهای دراوی ئێران بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزی و دۆخی ئابوری ئەو وڵاتەی سەختكرد.
وردەكاری بڕیارەكەی دادگا
ئێران دەڵێت گەمارۆی بازرگانی ئەمریكا، پەیماننامەیەكی بازرگانی نێودەوڵەتی پێشێلدەكات كە ساڵی 1955 ئیمزاكراوە و پەیوەستە بە پەیوەندییە ئابورییەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا و بەوەش مافی ئەوە بە دادگای دادی نێودەوڵەتی دەدات بڕیار لەسەر ناكۆییەكانی نێوان هەردوو وڵات بدات.
هەروەها ئاماژەبەوەشدەدات كە ئەو هۆكارانەی كە دۆناڵ ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ گەڕاندنەوەی سزاكان بانگەشەیان بۆدەكات، هیچ بنەمایەكییان نییە و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم چەندینجار جەختیكردوەتەوە كە ئێران پابەندی مەرجەكانی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەیە كە ساڵی 2015 لەگەڵ شەش وڵاتی گەورەدا ئیمزایكردووە.