Draw Media

" دزە بەناوبانگەكە" دەستگیركرایەوە

" دزە بەناوبانگەكە" دەستگیركرایەوە

2018-10-03 12:42:40


(درەو میدیا):
رەزوان فاید ئەو دزە بەناوبانگەی كە مانگی تەمموزی رابردوو بە هێلیكۆپتەر لە زیندانێكی پاریسی پایپتەختی فەرەنسا بە شێوەیەكی دراماتیكی هەڵات، لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركرایەوە.
بە گوێرەی ئاژانسەكانی هەواڵ رەزوان فاید لەگەڵ برایەكی و دوو كەسی تریدا لە باكوری پاریسی پایتەخت دەستگیركراوەتەوە.

رەزوان فایدی فەرەنسیی بە رەگەز جەزائیری كە تەمەنی 46 ساڵە، خۆی بە یەكێك لە بەناوبانگترین مافیاكانی فەرەنسا دەناسێنێت و مێژوویەكی دووردرێژی لە تاوان ودزی هەیە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسادا.
رەزوان فاید رۆژی یەكی تەمموزی رابردوو، بە هاوكاری چەند كەسێكی چەكدار توانی لە زیندانێكی باكوری پاریس بە هێلیكۆپتەرێك هەڵبێت و وەزارەتی دادی فەرەنساش دان بەوەدانا كە ئەو زیندانە كەموكوڕی تێدابووە و ئەوەش پرۆسەی هەڵاتنی رەزوان فایدی ئاسان كردووە.
رەزوان كە خاوەنی خەیاڵ و فانتازیایەكی كەموێنەیە، بەهۆی تێوەگلانی لە پرۆسەیەكی دزیكردنی شكستخواردوو ساڵی 2010 كە ئەفسەرێكی پۆلیسی فەرەنسای تێدا كوژرا, سزای 25 ساڵ زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندرابوو.
ئەوە یەكەمجار نەبوو رەزوان فاید لە زیندان هەڵبێت، بەڵكو لە نەوەدەكانی سەدەی رابردووشدا دوای راكردنی لە زیندان سێ‌ ساڵی لە هاتن و چون لە نێوان سویسرا و ئیسرائیل بەسەربردووە بۆئەوەی نەكەوێتە دەست پۆلیس.
بەڵام هەڵاتنی مانگی تەمموزی رەزوان لە زیندانێكی باكوری فەرەنسا، زۆر سەرنجڕاكێش و دراماتیكی بوون لە پرۆسەیەكی چەكداریی كە تەنها چەند خولەكێكی خایاند و بەبێ‌ دەستگیركردنی هیچ بارمتەیەك و بێ‌ كوژران و برینداربونی هیچ كەسێك، ژمارەیەك لە ئەندامانی گروپەكەی دەستدەگرن بەسەر هێلیكۆپتەرێكدا و لەناو گۆڕەپانی زیندانەكەدا دەنیشنەوە و رەزوان رزگاردەكەن، گۆڕەپانی زیندانەكە تاكە شوێنە كە بەهۆی ئەوەی بۆ پێشوازیكردن لە میوانە گەورەكان و كەسایەتییە رەسمییەكان تەرخانكراوە تۆڕی دژە تیرۆری تێدا دانەنراوە.
وادەردەكەوێت كە هاوكارەكانی رەزوان زۆر بەباشی شارەزای شوێنەكە بوون و لەكاتی گەیشتنیاندا دەستبەجێ‌ بۆمبی دوكەڵیان فڕێداوەتە گۆڕەپانەكە و دەرگایەكی زیندانەكەیان كردوەتەوە و دوو دەرگای تریان شكاندووە و چونەتە ناو هۆڵی زیندانەكەوە لەوێ‌ رەزوان و یەكێك لە براكانی چاوەڕوانیان بوون.


 

" دزە نوسەرەكە"
بە گوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی " نەهار" رەزوان فاید خاوەنی جەماوەر و رێزێكی زۆرە لە نێو تاوانباران و مافیاكاندا لە ناوچە میللییەكانی فەرەنسادا، هەتا لە نێو دزە پیشەگەرەكانیشدا و پیاوانی پۆلیس نازناوی " دزە نوسەرەكە" یان لێناوە بەهۆی ئەوەی ساڵی 2009 كتێبێكی نوسیوە و تێیدا باس لە ئەزمونی گەشەكردنی دەكات لە كۆڵانە پەراووێزخراو و میللیەكانی پاریسدا، كە تاوان و یاسای دارستان و دەسەڵاتی مافیاكان تێیاندا بڵاوە.
رەزوانی دز و تاوانباری نامۆ ناوبانگێكی بەرفراوانتری بەدەستهێنا، كاتێك لە شاشەی زۆربەی تەلەفزیۆنەكانی فەرەنساوە دەركەوت بۆ باسكردنی  كتێبەكەی و ئەزمونی خۆی لە جیهانی تاوانكاریدا  لە نێو پەراوێزخراوەكان و بێ‌ سەرپەرشتانی پاریسدا.
رەزوان كە لە دایك و باوكێكی كۆچبەری جەزائیری لەدایكبووە و زۆر كاریگەرە بە سینەما، لە كتێبەكەیدا باس لەوەدەكات كە چۆن هاوشێوەی فیلمێكی سینەمایی دزی لە بانكێك كردووە و چۆن لەسەر شێوازی فیلمی " Reservoir dogs " دزی لە بارهەڵگرەكان كردووە.
لە چاوپێكەوتنە تەلەفزیۆنییەكەیدا ئەو دزە شیك پۆشە بانگەشەی ئەوەیكرد كە چیتر ناگەڕێتەوە جیهانی مافیاكان و دزی و تاوان و جەختیشیكردەوە كە داوای لە لێبوردن ناكات لەو تاوانانەی كردونی چونكە ئەوەی رۆی رۆیشت، هەروەها وتیشی كە كارێكی لە بواری بازرگانیدا دەستكەوتووە و ژیانی بۆ كوڕەكەی تەرخاندەكات، بەڵام ئەو بە رێگایەكی زۆر قەناعەتپێكەرانە درۆی كرد، چونكە هەر لە هەمان ساڵدا و بەدیاریكراوی لە 20 ئایاری 2010دا  لە ئوتۆسترادی خێرا خۆی و گروپەكەی دەسترێژی گوللەیان لە كاروانێكی هێزەكانی ئاسایشی فەرەنسا كرد و چەند كەسێكی مەدەنیان برینداركرد، لە نیسانی 2018شدا دادگای بەرایی لەسەر ئەو كردوەیە و هەوڵێكی دزی  كە ئەفسەرێكی پۆلیسی تێدا كوژرا، رەوزانی تاوانبار كرد.
هەروەها ساڵی 2017ش دووجار سزای بەسەردا سەپاند، سزای 10 ساڵ زیندانیكردن بەهۆی هەڵاتنی لە زیندانی لیل لە ساڵی 2013 ەو سزای 18 ساڵ زیندانیكردن بەهۆی هێرشكردنەسەر بارهەڵگرێك لە بادو كالیە لە ساڵی 2011دا و ئەویش تانەی لە هەردوو بڕیارەكەی دادگا دا.
لە 13ی نیسانی 2013 رەزوان دوای لە نیو كاتژمێردا دوای گرتنی چوار پاسەوان و بەكارهێنانیان وەك قەڵغانی مرۆیی لە زیندانی لیل سكیدان هەڵات و پێنج دەرگای تەقاندەوە پێش ئەوەی بگگاتە ئۆتۆمبیلێك كە چاوەڕوانی دەكرد و هەڵاتنەكەی چەند هەفتەیەكی خایاند.
یەكێك لەو پاسەوانانەی كە لە نزیكەوە لە زینداندا رەزوانی ناسیوە دەڵێت لە یەكێك لە گۆشەكانی مێشكیدا رەزوان هەرگیز دەستبەرداری بیرۆكەی هەڵاتن بۆ جیهانی ئازادی و تاوان نەبووە، لە پشت رەفتارەكانی ئەم كەسەوە كە زۆر عاقڵ دەردەكەوێت، هەمیشە گەمە و پلانە جەهەننەمییەكان خۆیان حەشارداوە.
هەروەها یەكێك بە شارەزایانی پزیشكی دەروونیی فەرەنسا لە یەكێك لە دادگاییكردنەكانیی رەزواندا ساڵی 2016 وتی كە رەزوان " دڕەندەیەكی كۆمەڵایەتی" یە و سیفاتە كەسییەكان و سیحر زیرەكی و ئازایەتی و كاریگەریی بۆ كۆنترۆڵكردنی كەسانی تر بەكاردەهێنێت ئەوە دەستكەوتنی ئەوەی دەیەوێت و ئارەزووی دەكات.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand