پەرلەمانی عێراق لەبەردەم دواین دەرفەتدایە
2018-10-02 09:53:18
(درەو میدیا):
بڕیارە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق دانیشتنێكی یەكلاكەرەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ بۆ عێراق ڕێكبخات، ئەوەش دوای شكستهێنانی دانیشتنی شەوی ڕابردووی پەرلەمان كە بەهۆی نەبونی نیسایی یاساییەوە دانیشتنەكە بۆ ئەمڕۆ دواخرا.
بەپێی دەستوری عێراق ، سبەی 3ی تشرینی یەكەم دوا وادەی دەستورییە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق، بەوپێیەی كە خولی نوێی پەرلەمان ڕۆژی 3 ئەیلول یەكەم دانیشتنی گرێداوە.
زانا ڕۆستایی یاساناس و پەرلەمانتاری خولی پێشوی پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكی تایبەتدا بە(درەومیدیا)ی، ڕاگەیاند: ئەگەر پەرلەمان نەتوانێت لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق یەكلابكاتەوەو كاندیدێك بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێرێت، ئەوا جارێكی تر دەستوری عێراق ڕووبەڕووی پێشێلكاری ڕوون دەبێتەوە.
لە وەڵامی پرسیارێكی (درەو میدیا)دا، لەبارەی ئەگەری شكستهێنانی پەرلەمان لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و كۆتاییهاتنی وادەی دەستوری بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك، پەرلەمان ناچار نابێت خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، ڕۆستایی وتی: پەرلەمان ناچار نابێت خۆی هەڵبوەشێنێتەوە چونكە دەستەی سەرۆكایەتی خۆی هەڵبژاردووە.
سەبارەت بەدەرچەی یاسای ئەو دۆخەش، زانا ڕۆستایی ڕاگەیاند: تاكە چارەسەر ئەوەیە پەرلەمان دانیشتنەكەی بەكراوەیی بهێڵێتەوە و هەركات دانیشتنی پەرلەمانی عێراق ڕێكخرا لەسەر بنەمای هەمان دانیشتنی پێشوو وەك ئەوەی لە هەمان ڕێككەوتدا بێت و بەرنامەی كارەكانی بەڕێوەبەرێت.
ئامادەكارییەكان بۆ ئەو كۆبوونەوە یەكلاكەرەوەی پەرلەمانی عێراق لە كاتێكدایە، تائەم ساتە یەكێتی و پارتی كاندیدی جیایان هەیە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار .
لە تازەترین پێشهاتیشدا، ئەمڕۆ نوسینگەی بەرهەم ساڵح كاندیدی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ڕەتیكردۆتەوە كە لە كێبڕكێی بەدەستهێنانی ئەو پۆستە كشابێتەوە.
لەگەڵ ئەوەی هەریەك لە پارتی و یەكێتی ئاماژە بەچانسی كاندیدەكەی خۆیان دەكەن بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك كۆمار، بەپێی ئەو زانیارییانەی (درەو میدیا) لەزیاد لە سەرچاوەیەكی عێراقییەوە دەستیكەتووە، بەرهەم ساڵح زۆرترین چانسی هەیە بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك كۆمار، بەڕای ئەوان (یەكێتی وەك و هێز و بەرهەم ساڵح) یش، وەكو كەسایەتیەكی دیار كە لە ناوەندە سیاسەكانی عێراقدا ناسراوە و ئەزمونی هەیە، بەبەراورد بە(پارتی وەكو حزب و فوئاد حسێن وەك كاندیدی بارزانی) لەپێشتر و خوازراوترن، جگە لەڕۆڵی هاوكێشە ئیقلیمییەكان و بەتایبەت ئێران و ئەمریكا كە پێدەچێت هەردوولایان لەسەر بەرهەم ساڵح بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە كۆكبن.