Draw Media

چی لەبارەی درۆی نیسان دەزانیت؟ لە چیەوە سەرچاوەی گرتوە؟

چی لەبارەی درۆی نیسان دەزانیت؟ لە چیەوە سەرچاوەی گرتوە؟

2018-04-01 14:58:49


درۆی نیسان یەكێكە لەو نەریتە كۆنانەی كە ڕیشەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدان ساڵ لەمەوبەر،  درۆی نیسان چەندین شێوازی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت لە نێویاندا درۆكردن و ئابڕوبردن و گاڵتە و گەپ و بڵاوكردنەوەی نوكتە و خەڵەتاندنی  كەسی بەرامبەر.
ئەوروپییەكان لە یەكەم ڕۆژی مانگی چوار (نیسان)ی هەموو ساڵێك ئاهەنگی درۆی نیسان یاخود ڕۆژی درۆ دەگێڕن، لە ڕێی بڵاوكردنەوەی درۆ و نوكتەكردنەوە و قوربانییەكانی ئەو ڕۆژەش بە گێلەكانی درۆی نیسان ناودەبەن، ئامرازەكانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامە و گۆڤارەكانیش لەڕێی بڵاوكردنەوەی هەواڵی هەڵبەستراو و چیرۆك و ڕاپۆرتی بێبەنەماوە بەشداریدەكەن لەم بۆنەیەدا.

     " ئەوروپییەكان لە یەكەم ڕۆژی مانگی چوار (نیسان)ی هەموو ساڵێك ئاهەنگی درۆی  نیسان یاخود ڕۆژی درۆ دەگێڕن، لە ڕێی بڵاوكردنەوەی درۆ و

     نوكتەكردنەوە قوربانییەكانی ئەو ڕۆژەش بە گێلەكانی درۆی نیسان ناودەبەن "

لەگەڵ ئەوەی درۆی نیسان وەك یەكێك لە بۆنە میللیەكان لە سەدەی 19وە جەماوەری خۆی هەیە و پەرەی پێدەدرێت، بەڵام تائێستا نەبوەتە ئاهەنگێكی فەرمی لە هیچ وڵاتێكی جیهاندا و تائێستا لەچوارچێوەی گاڵتە و گەپدا ماوەتەوە لەگەڵ ئەوەی هەندێكجار بەئازاریش بووە.
شاعیری بەریتانی جیفری چوسەر كە لە سەدەی 14دا ژیاوە، نوسەری كۆمەڵێك چیرۆك و هۆنراوەیە بەناوی ( چیرۆكەكانی كانتەربری) بەیەكەم  كەس دادەنرێت كە ڕۆژی یەكی مانگی نیسان و درۆی پێكەوە گرێداوە، ئەوەش ئاماژەیەكە بۆ دێرێنی درۆی نیسان.

" شاعیری بەریتانی جیفری چوسەر كە لە سەدەی 14دا ژیاوە، نوسەری كۆمەڵێك چیرۆك و هۆنراوەیە بەناوی ( چیرۆكەكانی كانتەربری) بەیەكەم  كەس دادەنرێت كە ڕۆژی یەكی مانگی نیسان و درۆی پێكەوە گرێداوە، ئەوەش ئاماژەیەكە بۆ دێرێنی درۆی نیسان"

بە شێوەیەكی گشتی دیاردەی تەرخانكردنی ڕۆژێك بۆ گاڵتە و گەپ و درۆ و نوكتەكردن، بە یەكێك لە دیاردە بەربڵاوەكان دادەنرێت لە ناو زۆرێك لە گەلاندا، ئەمەش تەنها پەیوەست نیە بەڕۆژی یەكی نیسان بەڵام درۆی یەكی نیسان بەدیاریكراوی لەو كاتەدا بڵاودەكرێتەوە.
هەندێكی تر دەڵێن، نەریتی درۆی نیسان سەرچاوەكەی ڕۆژژمێری  كۆنی ڕۆمانەكانە كە بە بۆنەی سەری ساڵ و سەرەتای وەرزەوە كاتێك گۆڕانكارییەكان سەرەو ژوور دەبون و بەتایبەت لە بەهاردا كە كەشوهەوا گۆڕانكاری بەرچاو بەخۆوە دەبینێت و هەندێك پێیانوایە درۆی نیسان لەم  گۆڕانكارییەوە سەریهەڵداوە.
بەریتانییەكان بەدیارترین ئەو گەلانە دادەنرێن كە پەیوەستن بە درۆی نیسانەوە، لە دیارترین ئەو درۆیانەشی كە تائێستا لەو وڵاتە بڵاوكراوەتەوە، ناردنی  سەدان نامەی بانگهێشتكردن بووە بۆ هاوڵاتیانی شاری لەندەن بۆ ئامادەبون لە ئاهەنگی ساڵانەی شتنی شێری سپی، بەڵام دوای ئەوەی هاوڵاتییەكی زۆر لە شوێنی دیاریكراوی بۆنەكە ئامادەبون دواتر زانیوانە  كە بانگهێشتەكە درۆی نیسان بووە.
لە ئێرلەنداش ناردنی "پەیامێكی گرنگ" بوەتە نەریت و دەدرێت بە كەسێكی دیاریكراو و داوای لێدەكرێت كە بیگەیەنێت بە كەسێكی تر، كاتێك كەسی سێیەم نامەكە دەكاتەوە ئەم دەستەواژەیە نوسراوە"بینێرە بۆ  گەمژیەكی تر". 

   " لە ئێرلەندا ناردنی "پەیامێكی گرنگ" بوەتە نەریت و دەدرێت بە كەسێكی دیاریكراو و داوای لێدەكرێت كە بیگەیەنێت بە كەسێكی تر، كاتێك

    كەسی سێیەم نامەكە دەكاتەوە ئەم دەستەواژەیە نوسراوە"بینێرە بۆ  گەمژیەكی تر"

هەر لەچوارچێوەی ئەو درۆیانەی خراونەتە پاڵ درۆی نیسان، یەكێك لە بەشدارانی تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر لە تویتێكدا نوسیویەتی ، دیارترین درۆكانی نیسان لە ساڵی 1746 كراوە لە ڕێی ڕۆژنامەیەكی بەریتانیەوە كە بانگەشەی ڕێكخستنی گەورەترین نمایشی كردوە بۆ گوێدرێژ، كاتێك خەڵكێكی زۆر كۆبوەتەوە جگە لەخۆیان شتێكی تریان نەبینیوە.
ئاژانسی "ئەسۆشیەیتید پرێس" لە ساڵی 1983دا، ڕاپۆرتێكی  لەبارەی درۆی نیسان  بڵاوكردەوە، كە جۆزێف بوسكن مامۆستای مێژوو لە زانكۆی بۆستن ئامادەیكردبوو،  زۆرینەی ڕاگەیاندنەكانی جیهان بڵاویانكردەوە.
بیرۆكەكە دەڵێت، ئەم نەریتە لە سەرەتای سەدەی چواری زاینی و لەسەردەمی قوستەنتین ئیمپراتۆری ڕۆمانییەوە سەرچاوەی گرتوە، چیرۆكەشەش بەمشێوەیەیە،  كەسێك بەناوی (كوغل) لە كۆشكی ئیمپراتۆر ڕۆڵی بوكەڵەی بینیوە و لەبەردەمی ئیمپراتۆردا وتویەتی بوكەڵەكان (موهەریج) دەتوانن لە ئیمپراتۆر باشتر حوكمڕانی بكەن و ئیمپراتۆری ڕۆمانیش بۆ گاڵتەجاری ئەو بوكەڵەیەی  لە ڕۆژی یەكی نیساندا بۆ ڕۆژێك كردووە بە ئیمپراتۆر و (كوغل)یش، بڕیاریداوە ئەو ڕۆژە سەرانسەری ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی پڕبكات لە گاڵتە و گەپ و ئیمپراتۆر بەم بیرۆكەیە سەرسام بووە و لەوە وە بڕیاریداوە بیكاتە نەریتێكی ساڵانە. 
دوای ماوەیەك لە بڵاوكردنەوەی چیرۆكەكە، ئاژانسی" ئەسۆشیەیتید پرێس" بۆی دەركەوت كە خۆشی بوەتە قوربانی درۆی نیسان و مامۆستاكەی زانكۆی بۆستن چیرۆكەكەی هەڵبەستوە. 

ئامادەکردنی: درەو

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand