هەر بنكەیەك لە كاتژمێر شەش دانەخرێت دەنگەكانی ئەژمار ناكرێت
2018-09-30 12:42:30
( درەو میدیا):
كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان، بڕیاری كاركردن بە ڕەگەزنامە و ناسنامەی باری شارستانی هەڵناوەشێنێتەوەو كاتی دەنگدانیش درێژناكاتەوە، هۆشداریش دەدات لە پابەندنەبوون بە ڕێنماییەكانیان.
ڕێزان حەمەڕەشید سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردن لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: كاتی دەنگدان بەهیچ شێوەیەك درێژناكرێتەوە و كاتژمێر 6ی سەر لەئێوارە سەرجەم بنكەكانی دەنگدان لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان دادەخرێن و، هەر بنكەیەكیش پابەند نەبێت بەو وادەیەوە دەنگەكانی بە پوچەڵ هەژمار دەكرێت.
جەختیشیكردەوە كە پاسپۆرت و كارتی نیشتمانی بەتەنها دەنگی پێدەدرێت، بەڵام ڕەگەزنامە بەتەنیا دەنگی پێنادرێت و پێویستە دەنگدەر پێناسەی باری شارستانێتی پێبێت و وێنەی ئەسڵی بێت نەك كۆپی و لەبەرگیراوە.
ئەو بەرپرسەی كۆمسیۆن وتیشی:" ئەو بڕیارانەی ئەنجومەنی كۆمیساران دەریكردووە بۆ شارێك و ناوچەیەكی كوردستان نیە و لەتەواوی ناوچەكان جێبەجێدەكرێن".
ڕاشیگەیاند، لادان لەبڕیارەكانی كۆمسیۆن بەسەرپێچی هەژماردەكرێت و ناوی سەرجەم بنكەكان تۆماركراوەو هەر بنكەیەك سەرپێچی بكات دەنگەكانی پوچوڵدەكەنەوە.