سەرۆك كۆمار پارتی و یەكێتی دەگەڕێنێتەوە بۆ فیفتی بەفیفتی
2018-09-27 09:24:15
( درەو میدیا):
پارتی پێشنیازی كۆمەڵێك پۆستی باڵا لەبەغداد و دابەشەكردنی پۆستەكانی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەی پەنجا بە پەنجا بۆ یەكێتی دەكات لەبەرامبەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق.
سەرچاوەیەكی سیاسی باڵا لە بەغداد تایبەت بە"درەومیدیا"ی، ڕاگەیاند: لە چوارچێوەی ئەو گفتوگۆیانەی لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بەڕێوەدەچێت، پارتی پێشنیازی پۆستی (جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق و وەزارەتێكی سیاسی و جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقی) بۆ یەكێتی كردووە، لەبەرامبەر دەستبەرداربونی ئەو حزبە لە پۆستی سەرۆك كۆمار و سەرخستنی كاندیدەی پارتی(فوئاد حسێن) بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار.
بەوتەی سەرچاوەكە، تائێستا یەكێتی بەوپێشنیازە ڕازینەبووە و پارتیش پێداگری لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستە دەكات، وتیشی: یەكێتی چاوەڕوان دەكات بارزانی لە دواساتەكاندا پاشگەزبێتەوە و پاشەكشێ بە كاندیدەكەی بكات بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، بۆیە پێناچێت یەكێتی لە داواكردنی ئەو پۆستە پاشگەزبێتەوەو، سەركردایەتی یەكێتیش گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی شەڕو ململانێكانی پارتی لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوكە، نەك پۆستی سەرۆك كۆمار.