سەرۆك وەزیرانی فەرەنسا خۆی بۆ شارەوانی بەرشەلۆنە كاندیددەكات
2018-09-26 11:45:19
(درەو میدیا):
مانوێڵ ڤاڵس، سەرۆك وەزیرانی پێشووی فەرەنسا رایگەیاند خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی شارەوانی شاری بەرشەلۆنەی ئیسپانیا كاندیددەكات، ئەوەش هەنگاوێكی دەگمەنە كە بەرپرسێكی باڵای وڵاتێك خۆی بۆ پۆستێكی باڵای وڵاتێكی تری یەكێتی ئەوروپا كاندید بكات.
مانوێل ڤاڵس، لە شاری بەرشەلۆنەی پایتەخی هەرێمی كەتەلۆنیا لە دایكبووە، كاتێك دایك و باوكی لە پشوودا بوون لەو شارە، بەڵام لە فەرەنسا گەورە بووە و رەگەزنامەی ئیسپانیا و فەرەنسای هەیە و لە 2014 تا 2016 لە ماوی سەرۆكایەتی فرانسوا هۆلاندی سەرۆكی فەرەنسای خاوەن بیروبۆچوونی سۆسیالیستی سەرۆك وەزیرانی فەرەنسا بووە.
پەیوەندیی مانوێل ڤاڵس لەگەڵ سیاسەتدا لەم چەند ساڵەی دواییدا لە فەرەنسا دژوار و ئاڵۆز بووە، ئەو كە ماوەیەك وەزیری ناوخۆ و دواتر سەرۆك وەزیران بوو لە ئیدارەی هۆلاندا، ساڵی 2017 نەیتوانی سەركەوتوو بێت و ببێت بە كاندیدی پارتی سۆسیالیستی فەرەنسا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و دواتر هەوڵیدا سەنگەر بگوازێتەوە و بچێتە ریزی پارتی " كۆمار بۆ پێشەوە" كە ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی ئێستای فەرەنسا دایمەزراند، بەڵام ماكرۆن رەتیكردەوە و ئامادەنەبوو پۆستی سەرۆك وەزیرانی پێبدات.
ئێستا ڤاڵس خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی شارەوانی بەرشەلۆنەی ئیسپانیا كاندید دەكات كە ئایاری 2019 بەڕێوەدەچێت و دەبێتە ركابەری چەند كاندیدێك كە یەكێكیان " ئەدا كولاو" سەرۆكی شارەوانی ئێستای ئەو شارەیە و پێشتر چالاكوان بووە لە بواری نیشتەجێكردن و مافە كۆمەڵایەتییەكاندا.
كاندیدێكی جێی مشتومڕ
ڤاڵس لە مەراسیمێكدا لە پایتەختی هەرێمی كەتەلۆنیا وتی:" دوای ماوەیەك لە بیركردنەوەی جدیی، ئەم بڕیارەمدا: دەخوازو ببمە سەرۆكی شارەوانی داهاتووی بەرشەلۆنە".
ڤاڵس كە بەزمانی كەتەلۆنی قسەیكرد راشیگەیاندە هەفتەی داهاتوو لە هەموو ئەركە سیاسییەكانی لە فەرەنسا دەستلەكاردەكێشێتەوە.
لایخۆشیەوە ئەلبێرت ریڤیران سەرۆكی حزبی " هاوڵاتیان" كە هەڵگری دیدو بۆچوونی نەتەوەییە سوپاسی ڤاڵسی كرد بۆ خۆ كاندیدكردنی، بەڵام تائێستا نازانرێت ئایا ڤاڵس وەك كاندیدی ئەو حزبە بەشداری هەڵبژاردن دەكات یاخود بە شێوەیەكی سەربەخۆ؟.
ریڤیرا وتی:" كەس لەو باشتر نییە بۆئەوەی پێگەی بەرشەلۆنە بگەڕێنێتەوە و شكست بە جوداییخواز و پۆپۆلیستەكان بیهێنێت لە سندوقەكانی دەنگداندا".
لەبەرامبەر كارڵس پۆگدیمۆنت، سەرۆكی پێشووی كەتەلۆنیا كە ساڵی 2017 دوای ریفراندۆم و راگەیاندنی سەربەخۆیی كەتەلۆنیا لە پۆستەكەی دوورخرایەوە رەخنەی لە خۆ كاندیدكردنی مانوێل ڤاڵس گرت.
پۆگدیمۆنت كە ئێستا لە برۆكسڵی پایتەختی بەلجیكا نیشتەجێیە و بەهۆی هەبوونی یاداشتی دەستگیركردنەوە لەلایەن حكومەتی ئیسپانیاوە هەڕەشەی دەستگیركردنی لەسەرە لە لێدوانێكیدا بۆ فرانس پرێس وتی:" ڤاڵس كاندیدێكە كە بەرشەلۆنە ناناسێت و لە بەرشەلۆنەش ناسراو نییە".
كەتەلۆنییەكان دەربارەی ڤاڵس بیروبۆچوونیان جیاوازە، لوار بۆزۆ كە هاوڵاتییەكی خانەنشینە لە لێدوانێكیدا بۆ فرانس پرێس دەڵێت:" نازانم چی پاڵی پێوەناوە بێت بۆ ئێرە.... باوەڕم وایە كەس لە فەرەنسا نایەوێت، بۆیە هاتووە بۆ بەرشەلۆنە".
بەڵام پێچەوانەی ئەو هاوڵاتییە، دەیڤید سینتیلاس كە فەرمانبەرە لە یەكێك لە بانكەكان دەڵێت :" پێگەی نێودەوڵەتی ڤاڵس دەكرێت رۆڵ ببینێت لە باشتركردنی وێنەی بەرشەلۆنە".