Draw Media

دادگاییكردنی ریفراندۆم: روداوەكانی ناوەوەی رۆژانی پێش ریفراندۆم

دادگاییكردنی ریفراندۆم: روداوەكانی ناوەوەی رۆژانی پێش ریفراندۆم

2018-09-25 18:22:12


( درەو میدیا):
" بێ دادگاییكردنی رۆژانی پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم و قسەكردن لەسەر ئەو روداوانە، ناكریت دادگایی رۆژانی دوای ریفراندۆم بكەین" ئەوەی بوە هۆكاری كەوتنی كەركوك، ریفراندۆم و كورتبینییەكانی ئەندازیارانی ریفراندۆم بو" ئەمە وتەی ئاسۆ مامەند، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەلبەندی دووی ڕێكخستنی كەركوكی یەكێتیە كە لە نوسینێكدا بەناوی (دادگاییكردنی ریفراندۆم: روداوەكانی ناوەوەی رۆژانی پێش ریفراندۆم) بڵاویكردۆتەوە.
ئاسۆ مامەند ئاماژە بەوەش دەكات نێچیرڤان بارزانیی پێی وتم:" ئاسۆ پێویست ناكات قسەبكەیت. ریفراندۆم لە كەركوك و ناوچەكانی جێناكۆك ناكرێت  منیش بێدەنگ بوم چونكە بەڵێنم پێدرابو كە ریفراندۆم نەكرێت"

دەقی وتارەكەی ئاسۆ مامەند


دادگاییكردنی ریفراندۆم: روداوەكانی ناوەوەی رۆژانی پێش ریفراندۆم
ئاسۆ مامەند
هەركاتێك گوتەیەكی بەرپرسێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەركردایەتیی هێزە سیاسییەكان لەبارەی ریفراندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆوە بڵاودەكرایەوە، من زیاتر سووردەبوم لەسەر بەرگریكردن لە كەركوك و رێگرتن لە راكێشانی بۆ ناو ململانێی سیاسیی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق چونكە من لەدوای ٢٠٠٣ەوە یەكێكم لە نزیكترین كەسەكان كە دیوی ناوەوەی رووداوەكانی كەركوك ئاگادارم. لەو چەند ساڵەی رابردووش كە زیاتر باس لە دەوڵەتی كوردیی و ریفراندۆم دەكرا، من بەتەواوی بوومە لایەنێكی ناو گەمە سیاسییەكان. لەو وتارەدا، دیوی ناوەوە و رووداوەكانی پشتی پەردە ئاشكرادەكەم. لەبەرئەوەی لەدوای ١٨ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ەوە هەڵمەتێكی گەورەی ناشیرینكردن دژی ئێمە بەڕێوەدەچێت، من هەوڵنادەم وەڵامی هیچ تۆمەتباركردن و پڕوپاگەندەیەكی حیزبیی و سیاسیی بدەمەوە، هەوڵدەدەم هاووڵاتییانی كوردستان لە هەركوێیەكی دونیا بن، ئاشنابكەم بەوەی ریفراندۆم چۆن كرا، بۆچی كرا، كێ دژ بوو و كێ پشتیوان بوو، هۆكارەكانی پشتیوانیی و دژایەتییەكان چی بوون. رووداوێكی گەورەی وەكو ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان و ناوچەكانی جێناكۆك لەنێوان عێراق و هەرێمی كوردستان، شایانی ئەوەیە بەوردتر قسەی لەبارەوە بكەین. من بۆ ئەوەیان داوای لێبوردن دەكەم كە لە كاتی خۆیدا نەمتوانی هەموو شتەكان باسبكەم چونكە پێموابو دەتوانم لە پشتی پەردەوە كاریگەریی خۆم بەكاربێنم بۆ پاراستنی كەركوك و خەڵكەكەی، بەڵام بە كۆمەڵێك هۆكار نەمتوانی. 
لەدوای هێرشەكانی داعش بۆ سەر موسڵ لە ٢٠١٤، سوپای عێڕاق لە كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان كشایەوە. ئەمە دەرفەتێكی دایە حكومەتی هەرێم بۆ ئەوەی كێڵگەكانی نەوتی كەركوك كۆنترۆڵ بكات. هەرزو حكومەتی هەرێم دەستیكرد بە هەناردەكردنی نەوتی كەركوك بۆ بەندەری جەیهانی توركیا و دواتریش بەڕاستەوخۆ نەوتی كەركوك و هەرێمی كوردستانی فرۆشت. دەستبەسەرداگرتنی نەوتی كەركوك زیاتر وای لە سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان، رونتر وای لە پارتیی دیموكراتیی كوردستان و خودی سەرۆكی پارتیی مەسعود بارزانیی كرد كە بانگەشەكانی ریفراندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆ توندتر بكات. بارزانی ئەوكات سەرۆكی هەرێمی كوردستان بو، برازا و زاواكەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت بو، كوڕەكەی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان بو. پارتی ئابوریی و پەیوەندیی نێودەوڵەتیی و سیاسەتی دەرەكیی و هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كۆنترۆڵكردبوو. ئەمە دەرفەتی زیاتری بە پارتیی بەخشیبوو كە بانگەشەكانی دەوڵەت و ریفراندۆم زیاتر بانگەشەی خۆیان بن نەك بانگەشەی خەڵكی هەریمی كوردستان. 
ئەمانە وایان كرد لە سەرەتای جولای ٢٠١٧، مەسعود بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و و یەكگرتوی ئیسلامیی كوردستان و چەند هێزێكی دیكە، رۆژی ریفراندۆم رابگەیەنن، واتا بڕیاردرا لە ٢٥ی سێپتێمبەری ٢٠١٧ ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان لە هەرێمی كوردستان و كەركوك ئەنجامبدرێت. 
ئەمە سەرەتای رووداوێك بوو كە بووە رووداوێكی سیاسیی گەورەی نەك هەر هەرێمی كوردستان و عێراق، بەڵكو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیش. هەر لە سەرەتاوە، ویست و ئامانج و هۆكاری هەر هێز و گروپ و كەسێك لە پشتیوانییكردن و دژایەتییكردنی ریفراندۆم جیاواز بو، هەر بۆیە؛ من دەبوایە زوو بڕیاربدەم تا بتوانم لەو رووداوە كە داهاتوو و چارەنووسی گەلەكەم و كەركوكی پێوە بەندبوو، نەكەومە هەڵەیەكی سیاسیی گەورە كە بۆ ئەبەد لە خۆم خۆشنەبم. 
من ئەندامی حیزبێكم، یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، كە یەكێك لە دروشمەكانی “مافی چارەی خۆنوسین،”ە، بۆیە؛ بڕیاردان بۆ من زۆر ئاسان بوو ئەگەر بەڕووكەشیی بڕیارمبدابووایە و بكەوتبوومایە ژێر كاریگەریی گوتاری ناسیۆنالیستیی كوردیی و سۆزی حیزبییانەی خۆم بۆ وەدیهێنانی ئەو مافە. هەرزوو بۆ هەرێمی كوردستان دەكرا بە بڕیارێكی باشی بزانم، لای كەم بۆ ئەوەی دژ بە بەغداد بەكاریبێنین و دەستكەوتی زیاتر بەدەستبێنین، بەڵام كاتێك كەركوك بووە چەقی ململانێكە، من بەجدیی كەوتمە قەناعەتپێهێنانی سەركردایەتیی سیاسیی كورد تا كەركوك نەخەنە ناو گۆماوێكی قوڵی لێڵەوە كە خنكان تێیدا ئەگەرێكی زۆر بەهیزتر بوو لە پەڕینەوە لێی. 
لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیی لە سەرەتایی مانگی ئەیلولی 2017، یەكێتیی زۆر بەڕاشكاویی رای خۆمم دەربڕی، بەتایبەت لە ریفراندۆم لە ناوچەكانی جێناكۆك. بە سەركردایەتییم گوت: كە ریفراندۆم لە ناوچەكانی جێناكۆك و كەركوك دەبێتە هۆی بەخشینی بەهانە بۆ دژایەتییكردنی عێڕاق و وڵاتانی ناوچەكە و خەڵكی كەركوك كە دواجار وا دەكات كەركوك لەدەستبدەین. دوابەدوای ئەو كۆبونەوەیە، كۆبونەوەی ئەنجومەنی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتیی كرا، كە تێیدا هەمو دەزگاكانی یەكێتیی لە كەركوك بەشدارییان كرد. بە تێكڕای دەنگ دژی ئەوە بوین ریفراندم لە كەركوك ئەنجامبدرێت. یاداشتێكمان ئامادەكرد بۆ ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم و مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی. ئینجا دەستمانكرد بە كۆبونەوە لەگەڵ چین و توێژەكانی كەركوك بۆ ئەوەی باشتر بزانین رای هەموان چییە. دەستمانكرد بە لۆبیكردن دژی ریفراندۆم چونكە هەموومان گەیشتینە ئەو بڕوایەی كە ئەنجامدانی ریفراندۆم ماڵوێرانیی گەورە بەدوای خۆی دەهێنێت. 
بە چەند ڕۆژێك بەر لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم مەسعود بارزانیی، كۆسرەت رەسول عەلی، حەمەی حاجی مەحمود، سەلاح دەلۆ، كەمال كەركوكی، لقی كەركوكی پارتیی و چەند هەڤاڵێكی مەڵبەندی یەكێتیی كۆبونەوەیەكمان ئەنجامدا. لە كۆبونەوەكەدا زۆر بەڕاشكاوانە تەواوی مەترسییەكانمان پێڕاگەیاندن و باسی دۆخی نالەباری پێشمەرگە و نابەرانبەریی عەسكەریی نێوان سوپای عێڕاق و هێزی پێشمەرگەمان كرد، هەڕەشە جدییەكانی وڵاتانی دەوروبەرمان بۆ رونكردنەوە، باسمان لەو هەڵە ستراتیژییە كرد كە پێشنیازەكانی ئەمریكا و ئەوڕوپا رەتبكەینەوە.
دوای ئەمە، خۆم و د نەجمەدین كەریم، پارێزگاری ئەوكاتی كەركوك كە دۆستایەتییەكی بەتینی لەگەڵ مەسعود بارزانیی دروستكردبوو، كۆبونەوەیەكی دو-قۆڵییمان ئەنجامدا. لە كۆبونەوەكەدا زۆر بەڕاشكاویی پێم گوت: “د. نەجمەدین لەبەر خاتری من و یەكێتیی و كەركوك، تكات لێدەكەم، كاك مەسعود گوێ لە تۆ دەگرێت، تكات لێ دەكەم تكایە هەوڵبدە وا بكەیت ریفراندۆم لە كەركوك ئەنجامنەدرێت، ئەگینا كەركوك لەدەستدەدەین.” ئەوكات د. نەجمەدین بەڵێنی پێدام كە ریفراندۆم لە كەركوك ئەنجامنارێت “بەڵام جارێ ئیعلانی ناكەین تا دوو رۆژ پێش وادەی ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ ئەوەی ئۆفەری ئەمریكا و یەكێتیی ئەوڕوپا باشتر بێت و زیاتر بەرژەوەندیی بدەنە كورد.” 
دوای ئەمە لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلول، كۆبونەوەیەكی تر لە هەولێر ئەنجامدرا، كۆبونەوەی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم بو. هەڤاڵانم كاك كۆسرەت و كاك مەلا بەختیار و كاك سەعدی پیرە پەیوەندییان پێوە كردم دڵنیایان كردمەوە كە لە كۆبونەوەكەدا تەئكیدكراوەتەوە كە ریفراندۆم لە كەركوك ئەنجامنادرێت “كەركوكمان لە ریفراندۆم دەركردوە.”
بۆ رۆژی دواتر، لە سەری رەش كۆبونەوەیەكی تر ئەنجامدرا بە ئامادەبونی مەسعود بارزانی، كۆسرەت رەسول، نێچیرڤان بارزانی، قوباد تاڵەبانی، پاڤێڵ تاڵەبانی و سەلاحەدین بەهائەدین و من. لەوێدا نێچیرڤان بارزانیی بە منی گوت: “ئاسۆ پێویست ناكات قسەبكەیت. ریفراندۆم لە كەركوك و ناوچەكانی جێناكۆك ناكرێت.” منیش بێدەنگ بوم چونكە بەڵێنم پێدرابو كە ریفراندۆم نەكرێت. لەو كۆبونەوەیەدا باسی نامەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رێكس تیلەرسنیش كرا. باس لەوە كرا كە “لە ئێستادا ئەوە راناگەیەنین كە لە كەركوك و ناوچەكانی جێناكۆك ریفراندۆم ئەنجامنادەین بۆ ئەوەی دەستكەوت و زەمانەتی زیاتر بەدەستبێنین.” 
دوای هاتنەكەی مەسعود بارزانییش بۆ سلێمانیی بە چەند ڕۆژێكی كەم بەر لە ڕیفراندۆم بۆ بانگەشەی ریفراندۆم، لەو كاتەدا دیارە كۆبونەوەیەك ئەنجامدرابو. بۆ شەوەكەی، هەڤاڵێكی مەكتەب سیاسیی تەلەفۆنی بۆ كردم و گوتی: “ئاسۆ ئاگات لێ بێت، دەیانەوێت ریفراندۆم لە كەركوك و ناوچەكانی جێناكۆك ئەنجامبدەن.” 
ئەمە وای كرد دیسان هەوڵەكانم بخەمەوەگەڕ بۆ ئەوەی ئەو كارەساتانەی كە پێشبینییم كردبوون لە ئەنجامدانی ریفراندۆم لە كەركوك، رێیان لێ بگرم. ئەمجارە كارێكی جدییترمان كرد؛ یاداشتێكمان ئامادەكرد كە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك-لیستی یەكێتیی، سەرۆكی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی كەركوك و یاداشتەكەی مەڵبەندمان هاوپێچ كردن و ناردمان بۆ لیژنەی باڵای ریفراندم. 
هەموتان بیرتانە خۆپیشاندانێك لەسەر قەڵای كەركوك رێكخرا. كاك كۆسرەت داوای لێكردم كە خۆپیشاندانەكە رێكبخەین. منیش داواملێكرد بەو مەرجە خۆپیشاندانەكە رێكدەخەین كە لە كەركوك و ناوچەكانی جێناكۆك ریفراندۆم ئەنجامنەدرێت. ئەویش بەڵێنی پێداین و ئێمەش لەسەر بنەمای بەڵێنەكە خۆپیشاندانەكەمان ئەنجامدا.
لە ٢٣ی سێپتێمبەری ٢٠١٧ جارێكی تر هەڤاڵ ڕەوەندمان راسپارد كە لەگەڵ حیزبە كوردستانییەكان كۆببێتەوە و وا بكەین هەمو لایەك هەوڵبدەین ریفراندۆم لە كەركوك ئەنجامنەدرێت. 
دوای ئەوەی دڵنیابوین كە ئەو بەڵێنانەی پێمان درابوون بۆ ئەنجامنەدانی ریفراندۆم لە كەركوك وەك خۆیان جێبەجێناكرێن، شەوی ٢٣/٢٤ی سێپتێمبەری ٢٠١٧ كۆبونەوەیەكی سەركردایەتیی یەكێتیی كەركوكمان رێكخست كە تەواوی سەركردەكانی كەركوكی یەكێتیی بەشداربون جگە لە د. نەجمەدین كەریم. كە دڵنیابوین ریفراندۆم ئەنجامدەدەن، بەیاننامەیەكمان ئامادەكردبو كە ئەوەمان راگەیاندبو كە ئێمە دژی ئەنجامدانی ریفراندۆمین لە كەركوك و ناوچەكانی جێناكۆك كە جگە لە د. نەجمەدین كەریم تەواوی سەركردایەتیی یەكێتیی كەركوك، ئەندامانی پارلەمان، كادرانی پێشكەوتوی یەكێتیی و دەزگاكانی یەكێتیی لە كەركوك هاوڕا بوین. 
درەنگانی شەو كاك كۆسرەت تەلەفۆنی كرد و گوتی: “ئێوە دەتانەوێت شەڕی ناوخۆ هەڵگیرسێننەوە،” منیش بەڕاشكاوانە پێمگوت كە “ئێمە دژی ئەنجامدانی ریفراندۆمین لە كەركوك و هیچ ئامانجمان شەڕی براكوژیی نییە.” 
هەر هەمان شەو كاك نێچیرڤان بارزانی تەلەفۆنی كرد و داوای لێ كردم كە ئەو بەیاننامەیە بڵاونەكەینەوە، پێیگوتم: “بەیانی (٢٤ی سێپتێمبەری ٢٠١٧) كۆبونەوەیەك لە سەری رەش ئەنجامدەدەین.” منیش لەگەڵ هەڤاڵانم رێككەوتین كە بەیاننامەكە دوابخەین. 
لە ٢٤ی سێپتێمبەری ٢٠١٧ جارێكی تر كۆبونەوەی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم لە سەری رەش ئەنجامدرا. منیش وەكو لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوك بەشداربوم كە لێپرسراوی لقی پارتیی، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رێبوار تاڵەبانی و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم و هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان مامۆستا كاكەڕەش بەشداربوین. بۆ چەندەهەمین جار پێمان راگەیاندنەوە كە ئەو ریفراندۆمە نابێت لە كەركوك ئەنجامبدرێت. لەوێ بیرمخستنەوە: “ئێوە هەموتان بەڵێنتان پێدام كە ریفراندۆم لە كەركوك ئەنجامنادرێت.” كاك نێچیرڤان وەڵامیدامەوە و گوتی: “بەڵێ، بەڵێنمان دابوو كە ریفراندۆم لە كەركوك ناكرێت.”
دوای كۆبونەوەكە من گوتم دەڕۆمەوە كەركوك. كاك مەسعود بارزانی لەوە تێگەیشتبو كە ئێمە نامانەوێت ریفراندۆم ئەنجامبدرێت، هەر بۆیە بە كاك كۆسرەتی گوت: “تۆ بڕۆ بۆ كەركوك و سەرپەرشتیی ریفراندۆم لە كەركوك بكە.” ئەوە بو لەگەڵ كاك كۆسرەت گەڕاینەوە، فشارەكانی ئەوان بەهێزتر بون. ئێمە لەنێوان بژاردەی رێگرتن لە ریفراندۆم و ئەگەری پێكدادانی عەسكەریی، ناچار بوین هیچیان هەڵنەبژیرین.
ئێمە چ وەك كەسایەتیی سیاسیی و پێشمەرگە، چ وەك حیزب، لە دەستپێكی شۆڕشی نوێی گەلەكەمانەوە تا ئەمڕۆ، زۆرترین قوربانییمان لە پێناو كەركوك داوە، زۆرترین كاریگەرییشمان لە كەركوكە، كەركوكییەكانیش زۆرترین هاوسۆزیی و خۆشەویستییان بۆ ئێمە و یەكێتیی هەبوە. لەگەڵ توركمان و عەڕەب و كاكەیی و مەسیحیی كەركوكیش هەر ئێمە نزیكایەتیی زیاترمان هەبوە. خۆشمان ئاگاداریی تەواوی ئەو پلانە و نیگەرانییە عێڕاقیی و توركیی-ئێرانیی و ئەمریكیی و بەڕیتانییا و ئەوڕوپییانە بوین كە لەبارەی كەركوكەوە هەبون. هەمو وردەكارییەكانی ئەگەری سەركەوتن و شكستی ریفراندۆمیشمان بە دۆكیومێنت ئامادەكردبوو. كەچی هەر ویست و كورتبینیی خۆیان سەپاند بەسەر خەمخۆریی و تێگەیشتنە قوڵ و دوربینییەكانی ئێمە. هەر بۆیە، بێ دادگاییكردنی رۆژانی پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم و قسەكردن لەسەر ئەو روداوانە، ناكریت دادگایی رۆژانی دوای ریفراندۆم بكەین. ئەوەی بوە هۆكاری كەوتنی كەركوك، ریفراندۆم و كورتبینییەكانی ئەندازیارانی ریفراندۆم بو.
ئاسۆ مامەند
ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەلبەندی دووی ڕێكخستنی كەركوك
25-9-2018
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand