Draw Media

یەكێتی و پارتی داوای دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماریان كردووە

یەكێتی و پارتی داوای دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماریان كردووە

2018-09-25 14:14:20



( درەو میدیا):
سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ڕۆژی 2 مانگی تشرینی یەكەم وەك دوا وادە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دیاریدەكات، هەندێك لە كوتلەكانیش هەڵوێستی كاندیدەكانیان لەسەر ڕیفراندۆمەكەی هەرێم كردوەتە مەرج. 
دوای ئەوەی پارتی و یەكێتی ، لەسەر دەستنیشانكردنی كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆكی كۆماری عێراق نەگەیشتنە ڕێككەوتن، محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە  دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا، هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری بۆ ڕۆژی 2ی مانگی داهاتوو دواخست كە بەپێی ئەو كاتەی دەستوری عێراق دەسانیشانیكردووە دوا وادەیە و بواری دواخستنی نیە بۆ كاتێكی تر.
بەپێی زانیارییەكان، بڕیاری دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق دوای ئەوە هاتووە كە یەكێتی و پارتی داواكارییان پێشكەش بە سەرۆكی پەرلەمان كردووە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكە و پێدانی دەرفەتی زیاتر بۆ ڕێككەوتن لەسەر كاندیدێك بۆ ئەو پۆستە.
ململانێی یەكێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق لە كاتێكدایە، تائێسا نزیكەی 30 كەس خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندیدكردووە و هەندێ لە كوتلە سیاسییەكانیش مەرجێكی نوێیان بۆ كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار داناوە كە ئەویش هەڵوێستیەتی لەسەر ڕیفراندۆمی ساڵی رابردووە هەرێم بۆ جیابوونەوە لە عێراق.
جەواد موسەوی  پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیرون لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، هاوپەیمانێتییەكەیان مەرجێكی نوێی داناوە بۆ كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار .
بەقسەی ئەو پەرلەمانتارەی ڕەوتی سەدر، دوور لەڕێككەوتنی كوتلە سیاسییەكان بۆ پشتیوانیكردنی كاندیدێكی دیاریكراو بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، پێویستە لەسەر هەر كاندیدێك لەگەڵ باسكردنی سیڤی كەسایەتی خۆی، هەڵوێستیشی لەسەر ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان ئاشكرابكات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand