بافڵ تاڵەبانی لە مەسعود بارزانی دەباتەوە ؟
2018-09-24 13:44:42
راپۆرتی: محەمەد رەئوف
ئێستا ململانێی نێوان یەكێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق گەیشتوەتە لوتكە، بە جۆرێك وەك فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی ئاماژەی پێدەكات" پاكێجە هاوبەشەكەی پارتی و لەگەڵ یەكێتی هەڵدەوەشێنێتەوە"
ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بەرهەم ساڵحی كردە تاكە كاندیدی رەسمی ئەو حزبە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، كە ئەوەش بەرهەمی هەوڵی بەردەوامی لاهور تاڵەبانی و بە پلەی یەكەمیش بافڵ تاڵەبانی كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی بوو، لە بەرامبەر ئەم هەنگاوەشدا پارتی و بەتایبەتیش خودی مەسعود بارزانی، فوئاد حسێنیان كاندیدكردووە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق و لە بەیاننامەیەكیشدا بارزانی دەڵێت" بەهەموو توانایەك پشتیوانی د. فوئاد حسێن دەكەین" .
هەرچەندە مەكتەبی سیاسی یەكێتی رەخنەی توندی لە وەفدی پارتی گرت بۆ بەغدا" كە تاك لایەنە پارتی چوەتە بەغدا و دژی یەك هەڵوێستییە" و لەبەرامبەریشدا مەكتەبی سیاسی پارتی لە بەیاننامەیەكدا جەخت دەكاتەوە" پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، ئیستیحقاقی گەلی كوردستانە و هەرگیز تاپۆ و پاوانی حزبێكی دیاریكراو نییە"
بەڵام ئێستا ململانێكە چڕبوەتەوە لە نێوان كاندیدی مەسعود بارزانی كە ( د. فوئاد حسێن)ەو كاندیدی ماڵی مام جەلال و بەتایبەتیش بافڵ تاڵەبانی كە ( د. بەرهەم ساڵح)ە پرسیارە جدیەكە ئەوەیە ئایا یەكێتی مل بۆ پارتی دەدات بەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار كە ماوەی لە 12 ساڵە لایەتی، یاخود سوردەبێت و دواجار شەڕەكە دەبەنە ناو پەرلەمانەوە.
مەسعود بارزانی كە بەوە ناسراوە سیاسییەكی عینادە و ملنادات بۆ هیچ داوا و فشارێك، ئایا ئامادەیە كاندیدی حزبەكەی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كە لە هەمانكاتدا كاندیدی دیاری كراوی خۆیەتی بكشێنێتەوە و ئەو پۆستە بداتەوە بە یەكێتی.
ململانێی نێوان مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی كە ئێستا لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار چڕبوەتەوە، بە ململانێی ( مەلایی و جەلالی نوێ) دادەنرێت و چاوەڕەوانیش ناكرێت لەم بارودۆخەی ئێستا و لەناو هەڵمەتی هەڵبژاردندا هیچ كامیان سازش بۆ یەكتربكەن، بۆیە ئەگەری توندبوونەوەی ناكۆكییەكانی نێوان هەردوولای لێدەكرێت، لانی كەم هەتا دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و دواتریش ئەنجامی هەڵبژاردنەكە كاریگەری لەسەر دەبێت، وەك چۆن پشتیوان سادق ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دەڵێت" ئەگەر یەكێتی پێی وابێت بەبێ پارتی سەرۆك كۆمار دادەنێت، دەبێت چاوەڕەوانی ئەوەش بكات پارتی بەبێ یەكێتی حكومەتی نوێی هەرێم پێكبهێنێت".
ململانێی پارتی و یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار تەنها پەیوەست نیە بە ناوخۆی كوردستانەوە بەڵكو رەهەندێكی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیشی هەیە، بەو پێیەی ئەمریكیەكان هەر لەسەرەتاوە هەوڵەكانیان خستوەتەگەڕ بۆ دانانی بەرهەم ساڵح بە سەرۆك كۆمار، ئەو هەنگاوەی مەسعود بارزانی، بۆ دژایەتیكردنی كاندیدەكەی یەكێتی راستەوخۆ دژایەتیكردنی بەرژەوەندی و سیاسیەتەكانی ئەمریكایە، كە هاوشێوەی ریفراندۆمی 25ی ئەیلول بارزانی هەموو پێشنیاز و هەوڵێكی ئەمریكای رەتكردەوە.
بۆچی بارزانی بەرهەم ساڵح رەت دەكاتەوە
دیاریكردنی كاندید بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق لەلایەن مەسعود بارزانیەوە راستەوخۆ رەتكردنەوەی بەرهەم ساڵحە، كە پێشتر بارزانی لاری نەبووە لەسەر كاندید بونی بەرهەم ساڵح بۆ سەرۆك كۆمار، چی لەلای ئەمریكیەكان و چی لەلای خودی بەرهەم ساڵح خۆیشی.
خەسرەو گۆران، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی بە دەنگی ئەمریكای رایگەیاندووە " تێبینیمان لەسەر خودی بەرهەم ساڵح هەیە" بەڵام بەپێی زانیاریەكانی درەو میدیا، رەتكردنەوەی بەرهەم ساڵح لەلایەن بارزانی و پارتیەوە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە پارتی پێی وایە كاندید كردنی بەرهەم ساڵح لەلایەن ئەو باڵەی یەكێتیەوەیە كە پارتی بە " گروپی 16ی ئۆكتۆبەر) ناویان دەبات، ئەگەرچی لە ماوەی رابردوودا بافێڵ و قوباد و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد چونە لای مەسعود بارزانی و بەپێی راگەیەندنەكانیش داوای لێبوردنیان لە مەسعود بارزانی كردووە، بەڵام وا دیارە بارزانی دڵی لێیان پاك نەبۆتەوە.
بۆچونێكی تریش هەیە كە بەرهەم ساڵح لەلایەن ئەمریكاوە پشتیوانی دەكرێت و لە چوارچێوەی بەرەی ئێرانیدا كاردەكات، ئەگەرچی هەندێك پێیان وایە ئێرانیش پشتیوانی لە بەرهەم ساڵح دەكات.
هەڵوێستی لاینە عێراقییەكان
لایەنە عێراقییەكان بە تایبەتی هەردوو بەرەی شیعەكان، كە خۆشیان تائێستا لەسەر پۆستی سەرۆك وەزیران لە ململانێدان و نەگەیشتونەتە سازان و رێككەوتن، چاوەڕەوانی تاكە كاندیدی یەكلاكەرەوەی كوردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار.
هاوپەیمانی چاكسازی و ئاوەدانكردنەوە كە لە ( سائیرونی موقتەدا سەدر و نەسری عەبادی و حیكمەی عەبادی و وەتەنیەی عەلاوی) پێكهاتووە دوای كۆبوونەوەیەكی بەرفراوان لە هۆتێل بابلی شاری بەغدا سەبارەت بە پۆستی سەرۆك كۆمارلە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: "هاوبەشە كوردەكانمان هاندەدەین هەڵوێستیان یەكبخەن و یەك كاندید بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار پێشكەش بكەن، بە پێچەوانەوە هێزەكانی هاوپەیمانی چاكسازی و ئاوەدانكرنەوە ڕێكدەكەون لەسەر هەڵبژاردنی كاندیدێكیان". بەواتای ئەگەر كورد خۆی لەسەر كاندیدێك یەكلانەكاتەوە ئەوا ئەوان بە پشتگیریكردن لە كاندیدێكی كورد لە نێوان دوو كاندیدەكەی یەكێتی و پارتیدا پۆستی سەرۆك كۆمار یەكلادەكەنەوە.
محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقیش كە لەلایەنی بەرەی دووەمی شیعەكانەوە پشتگیری لێدەكرێت و پێكدێت لە ئیئیتلافی ( فەتحی عامری و دەوڵەتی یاسای نوری مالیكی و بەشێك لە سونیەكان پێكدێت) لە شاری نەجەف دەربارەی پۆستی سەرۆك كۆمار و هەڵبژاردنی وتی:" نزیكەی 30 كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمارمان هەیە، ئەگەر بە تەوافوق یەكلانەكرایەوە پەنا بۆ دەنگدان دەبەین".
بەو پێیەش ئێستا یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار لای لایەنە عێراقییەكان لەبەردەم دوو ئەگەردایە یان كاندیدی تەوافوقی لایەنە كوردییەكان یاخود هەریەكە و بە كاندیدی خۆی دەچێتە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و لە پەرلەماندا یەكلادەكرێتەوە.
چۆن پۆستی سەرۆك كۆمار یەكلادەكرێتەوە
بە گوێرەی رێوشوێنە دەستورییەكان، هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق رەنگە بكەوێتە سەرەتای مانگی داهاتوو بەپێی لێكدانەوەكان یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار لە نێوان یەكێتی و پارتیدا لەبەردەم چەند سیناریۆدایە، لەوانە:
سیناریۆی یەكەم: یەكێتی و پارتی رێكناكەون لەسەر كاندیدی تەوافوقی و هەردوكیان بە كاندیدی خۆیانەوە دەچنە هەڵبژاردنی پەرلەمانەوە، پەرلەمان یەكلای دەكاتەوە.
سیناریۆی دووەم: یەكێتی و پارتی رێكدەكەون بەوەی بەرهەم ساڵح كاندیدی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ببێتە سەرۆك كۆماری عێراق، لەبەرامبەر پێدانی پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ پارتی هەڵبەت دوای رێككەوتن، چونكە جارەكانی پێشوو پارتی لە بەرامبەر پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی ، پۆستی سەرۆكی هەرێمی هەبوو، بەڵام ئێستا ئەو پۆستە نەماوە و پارتی چاوی لە پۆستی پارێزگاری كەركوكە و بەرپرسانی پارتیش چەندجارێك ئاماژەیان بەوەداوە.
سیناریۆی سێیەم: لەبەرامبەر پۆستی پارێزگاری كەركوك و چەند پۆستێكی دیكەی وزاری یەكێتی سازش دەكات و فوئاد حسین كاندیدی پارتی پۆستی سەرۆك كۆمار وەردەگرێت.
سیناریۆی چوارەم : پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی دەبێت و تەواوی پۆستەكانی تری حكومەتی عێراق بە وەزارەتە سیادییەكەشەوە كە پێدەچێت وەزارەتی دارایی بۆ پارتی دەبێت، لەگەڵ ئەوەی پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانیشیان هەیە.
سیناریۆی پێنجەم: ڕێككەوتن لەسەر كاندیدێكی تەوافقی لە نێوان پارتی و یەكێتی كە لە دەرەوەی هەردوولایان بێت.