سیناریۆكانی یەكلابونەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار لەنێوان یەكێتی و پارتیدا
2018-09-23 17:56:39
( درەو میدیا):
یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان هەریەكەیان بە جیا كاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار هەیە و ئێستا هیچ گفتوگۆ و لێكنزیكبونەوەیەكیش لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا نییە بۆئەوەی لەسەر یەك كاندیدی هاوبەش رێكبكەون و هەردوولایان سورن لەسەرئەوەی ئەو پۆستە بۆخۆیان مسۆگەر بكەن، كە لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە ئەمە یەكەمجارە یەكێتی و پارتی بەو شێوەیە بچنە بەغداد و بەبێ كردنەوەی گرێكوێرەكانیان.
بە گوێرەی رێوشوێنە دەستورییەكان، هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق رەنگە بكەوێتە سەرەتای مانگی داهاتوو بەپێی لێكدانەوەكان یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار لە نێوان یەكێتی و پارتیدا لەبەردەم چەند سیناریۆیەكدایە، كە ئەمانەن:
سیناریۆی یەكەم: بەرهەم ساڵح كاندیدی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەبێتە سەرۆك كۆماری عێراق، لەبەرامبەر پێدانی پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ پارتی هەڵبەت دوای رێككەوتن، چونكە جارەكانی پێشوو پارتی لە بەرامبەر پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی ، پۆستی سەرۆكی هەرێمی هەبوو، بەڵام ئێستا ئەو پۆستە نەماوە و پارتی چاوی لە پۆستی پارێزگاری كەركوكە و بەرپرسانی پارتیش چەندجارێك ئاماژەیان بەوەداوە.
سیناریۆی دووەم: فوئاد حسین كاندیدی پارتی پۆستی سەرۆك كۆمار وەردەگرێت و پارێزگاری كەركوك بۆ یەكێتی دەبێت و یەكێتی لەبەرامبەر پۆستێكی تری حكومەتی عێراقدا دەستبەرداری پۆستی سەرۆك كۆمار دەبێت.
سیناریۆی سێیەم: پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی دەبێت و تەواوی پۆستەكانی تری حكومەتی عێراق بە وەزارەتە سیادییەكەشەوە كە پێدەچێت وەزارەتی دارایی بۆ پارتی دەبێت.
سیناریۆی چوارەم: ڕێككەوتن لەسەر كاندیدێكی تەوافقی لە نێوان پارتی و یەكێتی كە لە دەرەوەی هەردوولایان بێت.
سیناریۆی پێنجەم: ئەگەر یەكێتی و پارتی نەگەیشتنە هیچ رێكەوتنێك ، كاندیدی هەردوولایان دەچنە كێبەركێوە و یەكێكیان دەبێتە سەرۆك كۆمار و لەمەشدا نزیكی پارتی و یەكێتی و رێككەوتنیان لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان و هەژمونی وڵاتانی وەك ئەمریكا و ئێران كاریگەری لەسەر دەبێت.