یەكڕیزی كورد لە بەغداد تەقەی تێكەوت
2018-09-23 13:34:36
راپۆرتی: درەو میدیا
ڕەنگە هیچ كەس هێندەی "بارام بەگ" گوزرارشتی لە حەقیقەتی ئەو یەكڕیزییە نەكردبێت كە كورد (پارتی و یەكێتی) بانگەشەی بۆ دەكات، كاتێك دەڵێت" سێ بەسێ تەڵاقم كەوتبێت مەگەر كورد بخەیتە ناو سندوقی ساردییەوە یەكڕیزبێت، ئەگینا لە هیچ شتێكدا یەكڕیز نیە".
بە درێژایی 15 ساڵی ڕابردووی ئامادەبوونی كورد لە بەغدا هیچ دەستەواژەیەك هێندەی (یەكڕیزی) جەختی لێنەكرابێتەوە، بەتایبەتی لە سەروبەندی پێكهێنانی حكومەتە یەك لەدوای یەكەكان و دابەشكردنی پۆست و ئیمتیازاتەكان یان توندبوونەوەی ململانێی لە نێوان هەرێم و بەغداد.
یەكڕیزی یان دروستكردنی قەرەباڵغی
پارتی و یەكێتی بەدرێژایی ئەو ماوەیە و ئێستاشی لەگەڵدابێت نوێنەرایەتی زۆرینەی كوردییان كردووە لە بەغدا، بەناوی كوردە شەڕییان كردووە و بەناوی كورد و ئیستیحقاقی نەتەوەییەوە پۆست و ئیمتیازاتی باڵایان لە جومگە دیارەكانی دەوڵەتی عێراق وەرگرتوە، بۆ پتەوكردنی زیاتری سەربازگە و پێگەی خۆشیان، هەمیشە بەدوای دروستكردنی ڕیزێكی تۆكمەدا گەڕاون، كە وەك دەوترێت خۆیان لەپێشی پێشەوەبن بۆ چنینەوەی دەستكەوت و هێزەكانی تریش لە دوایانەوە قەرەباڵغی دروستبكەن، لانی كەم ئەزمونی چەند ساڵی ڕابردوو ئەمەمان پێدەڵێت.
لە سەروبەندی پێكهێنانی كابینەی نوێ و دابەشكردنی پۆست و ئیمتیازاتەكانی حكومەت و جومگەكانی تری دەوڵەتی عێراقدا، جارێكی تر پارتی و یەكێتی هەڵمەتێكی گەورەی داواكردنی یەكڕیزییان لە هێزە كوردییەكان دەستپێكرد و، تەئكیدیان لە پێویستی پێكەوەبوون كردەوە لە بەغداد تا زامنی زیاتری مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەن.
یەكێتی و پاری یەكڕیزییان ڕووت و قوتكردەوە
توندبونەوەی ململانێكانی پارتی و یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار، "یەكڕیزی" بەتەواوی ڕووت و قوتكردەوە، كە وەهەندێك دەڵێن، نە لە ئێستا و نە لە ڕابردوودشدا بانگەشەی یەكڕیزی چوارچێوەی دروشم و قسەی تێنەپەڕاندووە، زیاتر ئامانجی پچڕینی پۆست و دەستكەوتی زیاتر بووە بۆ حزب لەسەر بەڕەی نەتەوەیی و كۆكردنەوەی زۆرترین هێز بەناوی نوێنەرایەتی زۆرینە.
لە ساڵی 2005 بەتۆمەتی دەرچوون لە یەكڕیزی نیشتمانی پارتی بارەگاكانی یەكگرتووی ئیسلامی لە دهۆك سوتاند و ژمارەیەك كادر و سەركردەی ئەو حزبەی كوشت، زیاد لەجارێك بزوتنەوەی گۆڕانی تەخوینكرد و بە ئەكرادی مالیكی و چەندین ناو و ناتۆرەی تر تۆمەتباریان كرد.
پارتی دیموكراتی كوردستان لە نوێترین هەڵوێستیدا جارێكی لە یەكڕیزییەوە دەستپێدەكات و دەڵێت" هەمیشە پەرۆشی پێكەوەیی و یەكڕیزی بووە و هەموو هەوڵەكانیشی لەو پێناوەدا بووە".
پارتی: ڕێككەوتنی ستراتیژی كۆتاییهاتووە
مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لەو ڕاگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ بڵاویكردوەتەوە و وەڵامی ڕاگەیەندراوەكەی دوێنی مەكتەبی سیاسی دەداتەوە، وێڕایی تەئكیدكردنەوە لەسەر یەكڕیزی ڕایدەگەیەنێت" پێداگیریی یەكێتی لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستە هیچ بەهانەیەكی موقنعی نییە، ئەگەر باسی رێككەوتنی ساڵی 2005ی نێوان سەرۆك بارزانی و مام جەلالی رەحمەتی دەكەن، ئەوا لە ئێستادا نە سەرۆك بارزانی سەرۆكی هەرێمە و نە پۆستەكە بۆ مام جەلالە و كۆی هەلومەرجەكەش گۆڕاوە".
بەپێی ئەم قسانەی پارتی بێت، پێكەوەبوون و یەكڕیزی نیشتمانی پەیوەستە بە هەلومەرجی سیاسی و پرۆسەیەكە قابیلی ئەوە گۆڕانی بەسەردابێت، لە كاتێكدا بەرژەوەندی نەتەوە و پرسە نەتەوەییەكان پرسێكی جێگر و نەگۆڕن و پێویستی بەپێكەوە بوونێكی هەمیشەیی و ڕاستگۆیانە هەیە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و چاكەی گشتی، نەك پێواندنی بەپێی بار و دۆخ و بەهێزی و لاوازی ئەم هێز و ئەو هێز.
یەكێتی:پارتی یەكڕیزی تێكداوە
دوێنێ مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا، كە دژی سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا و كۆبونەوەی لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییە عێراقییەكان بڵاویكردەوە، ڕایدەیگەیەنێت"بە پێچەوانەی یەك هەڵوێستی، لە دەزگاكانی ڕاگەیاندنەوە گوێبیستی هەواڵی چوونە بەغدای وەفدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بوون كە بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان تاك لایەنە چوونەتە بەغدا بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراق لەسەر كۆمەڵێك بابەتی پەیوەست بە پێكهێنانی حكومەتی داهاتوی عێراق و بە تایبەت پۆستی سەرۆك كۆمار".
ئەم ڕاگەیەندراوەی یەكێتیش دیسان، پرسی سەرۆك كۆمار و پۆستەكانی حكومەتی دەوڵەتی عێراقی كردووە بەپێوەری یەكڕیزی و یەكهەڵویستی و پێكەوەبوون، لە كاتێكدا بەدرێژایی چەند ساڵی ڕابردوو هەم یەكێتی و هەم پارتی چەندین پۆستی هەستیار و گرنگیان لە دامەزراوە گرنگەكانی دەوڵەتی عێراق لەدەستدابووە, بەڵام هیچیان نەگەیشتونەتە ئەو پێگەیەی لە پرسێكی وەك پەسەندكردنی پڕۆژە یاسای بودجە و ماف و ئیستیحقاقەكانی خەڵكی كوردستاندا ڕۆڵێكی گرنگ و یەكلاكەرەوە ببینن.